کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خودا ئێران لە درۆ بپارێزێ!

18:20 - 16 رێبەندان 2715

که‌ریم پەرویزی

دەڵێن لە سەردەمی خۆیدا کە کوروشی هەخامەنشی، کە سەردەمانێک بە کوشتار و هێرش بۆ سەر هەموو گەلان و خەڵکانی ناوچەکە، داگیرکاریی زۆری کردووە و ناوچەی زۆری خستۆتە ژێر دەستی ئیمپراتۆریە تازە دامەزراوەکەیەوە، لە کەتیبە و نووسراوەکانی سەر بەرد و لەوحەدا کە لێی ماوەتەوە، دۆعای بۆ ئیمپراتۆریی ژێردەستی کردووە و لە ئەهوورامەزدا پاڕاوەتەوە کە خەڵکەکە و وڵاتەکە لە سێ شت بپارێزێ: دوژمنان و وشکساڵی و درۆ!

ئەوەی کە لەو دۆعایەی کوروش‏دا هاتوە و باس لە دوژمن و وشکساڵی دەکا، شتێکی ئاساییە و لە سەرتاسەری مێژووی هەموو نەتەوەکاندا دوژمنان و وشکساڵی بەڵای گەورە بوون بۆ سەر هەر نەتەوە و وڵاتێک. بەڵام ئەوەی سەیر و سەمرە دێتە پێش چاو ئەوەیە کە کوروشی پاشای هەخامەنەشی کە هەزاران کەسی لە ناوچەدا کوشتوە و بەشێکی زۆری ناوچەکەی داگیر کردووە، بۆ دەبێ داوا لە ئەهوورامەزدا بکات کە وڵاتەکەی لە درۆ بپارێزێ؟!

ئەو خاڵە ئەو کات زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە، بە هەموو مێژوودا بچینەوە و تا سەردەمی ئێستا چاو لێ بکەین و بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە خاڵێکی بەهێز و گرینگی نێو کولتووری سیاسی لە ئێراندا و لە نێو دەسەڵاتداراندا، کە بووە بە پێناسەی سیاسیی حاکمیەت لە ئێراندا، درۆکردنە. ئەو پارامێتر و پێناسە سیاسییە، ئەوەندە لە فەرهەنگی سیاسیی ئێراندا زەق و بەرچاوە و ئەوەندە ڕەگی داکوتاوە کە تەنانەت چۆتە نێو کولتووری کۆمەڵایەتیشەوە و دەورێکی بەچاوەی لە ژیانی ئاسایی ناوەندنشینەکاندا پەیدا کردووە و زۆر بە سانایی درۆ و فریوکاری لە نێو کووچە و کۆڵانیشدا دەبیسرێ و زۆر بە سانایی لە پەنایەوە تێدەپەڕن، هەر وەک ئەوەی کە گەر لە ناکاو کەسێکی سیاسیی ڕاستگۆ لە ناوەندی ئێران پەیدا ببێ، هەموو سەریان سووڕ دەمێنێ و بڕوای پێ ناکەن!

ڕێژیم بە سانایی درۆ دەکا و مۆرەکانی بەردەستی ئەو درۆیە پەرە پێ دەدەن و ئەو بەناو سیاسییانەش کە تەماحی ئیمتیازێکیان لە ڕێژیم هەیە، ئەو درۆیانە دووپات دەکەنەوە و کەسیش لە خۆی ناگرێ کە ئیدارەی ژیانی خەڵک بە درۆ و فریوکاری، پێش ناکەوێ و لە زەلکاوی داڕمانی ئەخلاقی‏دا زیاتر و زیاتر ڕۆ دەچن.

لێرەدایە کە بەو حەقیقەتە دەگەی کە درۆ تا ئەو جێگایە لە کولتووری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناوەندنشینەکانی ئێراندا ڕۆ چووە و ئەوەندە مێژوویی و ڕەگ داکوتاوە، کە تەنانەت کەسێکی وەک کوورشی هەخامەنشیش گیری بەدەستیەوە خواردبوو و هیچی بۆ نەکرا بە ناچاری پەنای بردە بەر ئەهوورامەزدا تاکوو لە بەڵای درۆ نەجاتی بدا!