کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوڵقێنەری "دارەپیرە" بە سڵامەت گەڕایەوە بۆ باوەشی ئەویندارانی

18:01 - 10 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: مامۆستا جەلال مەلەکشا شاعێری نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی کوردستان، پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە سڵامەت گەڕایەوە بۆ کۆڕی ئەویندارانی و بەگەرمی پێشوازی لێکرا.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان، مامۆستا جەلال مەلەکشا شاعێری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری کورد، کە بەهۆی جەڵدەی دڵەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سنە کرابوو، مۆرەخەس کرا و گەڕایەوە بۆ ماڵەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو کۆمەڵێک لە لاوان و چالاکانی مەدەنی سنە ڕۆژی ڕابردوو پاش گەڕانەوەی مامۆستا جەلال بەمەبەستی سەردان و نیشاندانی ئەمەگناسییان لە گەڕانەوەی مەلەکشا چوونە ماڵەکەی و لە نیزیکەوە چاویان بە ناوبراو کەوت.

بەپێی لێدوانی ئەم چالاکانە، جەلال مەلەکشا سەرەڕای ماندوویەتی بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە، بە یەکێک لە شێعرە بەناوبانگەکانی خۆی بەناوی "دایە من کێم و چیم؟" پێشوازی لە چالاکان کرد و جارێکی دیکە خۆشەویستی بێ‌کۆتایی خۆی بۆ نیشتمان و گەلەکەی دووپات کردەوە.

شێعری بەناوبانگی "دایە من کێم و چیم؟" لە وەسفی بنەماڵە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان هۆنراوەتەوە کە چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە ڕێگەی ئازادی کوردستان شەهید بوون.