کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانیک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران لە ستۆکهۆڵم بەڕێوەچوو

14:19 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە سەر داوای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ و بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران لە ستۆکهۆڵمی سوئێد خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خۆپیشاندانێک لە سەر داوای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە سەر گیلستۆری ستۆکهۆڵم بە ڕێوەچوو.

سەرەتای خۆپیشاندانەکە لە لایەن ڕۆژنامەنووس کوردۆ باکسی بەخێرهاتنی بەشداربووان دەستی پێکرد؛ پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شە‌هیدان و شەهیدانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

لەو خۆپیشاندانەدا کە چەندین حیزب و ڕێكخراو و کەسایەتی بەشدار بوون، کوردۆ باکسی بە زمانی سوئێدی باسی ئەو ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی و بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ئێران کرد.

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا ئەم لایەنانە پەیامیان خوێندەوە:
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ
کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی UNPO
حیزبی دێموکراتیکی ئازەربایجانی جنووبی
حیزبی مردم بلوچستان
کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ژنان
یەکیەتی لاوانی سوسیال دێموکراتی سوئێد
پەیامی تێکۆشەر مامۆستا مەلا حەسەن شیوەسەڵی

لە هەموو ئەو پەیامانەدا لایەنە ئاماژەبۆکراوەکان، پشتیوانی خویان لە خۆپیشاندەرانی گەلانی ئێران دەربڕی و سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان مەحکووم کرد؛ هەروەها خوازیاری ئەوە بوون کە دەسەڵاتی ٤٠ ساڵەی کۆماری ئیسلامی پێویستە کۆتایی پێ بێت.

هەر لەو پێوەندییەدا خۆپیشاندەران داوایان لە هەموو هێزە دێموکرات و ئازادیخوازەکانی دنیا بە تایبەت دەسەڵاتدارانی دەرەوەی وڵات کرد کە بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بچن .

خۆپیشاندانەکە بە دروشمی شۆڕشگێڕانە وبەتایبەت بڕوخێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێ هات.