کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان بەڕێوە چوو

23:01 - 20 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشانداێک لە دژی کوشتنی کۆڵبەران و بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوە چوو.

ڕوژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە سەر بانگهێشتی فەرمی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندانێکی هێمنانە لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاته بەڕێوەچوو.

لەسەر بانگهێشتی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە لە گۆڕەپانی کلۆد ویش پلاتس-ی شاری کۆڵن، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی نیشتەجێی وڵاتی ئاڵمان بەمەبەستی مەحکووم کردنی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور و پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی شارەکانی کوردستان، ئاکسیۆنێکی هێمنانەیان بەڕێوەبرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو کۆڵبەرانەی کە بەدەستی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کوماری ئێسلامی ئێران بوونەتە قوربانی، دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی پێنج لایەنە سیاسییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن ئارێز داراپوور خوێندرایەوە.

لە پەیامەکەدا داراپوور باسی لەسەر هێرشی بێ‌بەزەییانەی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کوماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی بێتاوانی سنوورەکانی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە یەکەمجار نییە کە هێزە ئەمنیەتییەکان خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج و هەر لەو پەیوەندییەدا لە ڕێکەوتی ٤ی مانگی ٩ی ٢٠١٧ جارێکی تر هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە سنووری نێوان کوردستانی ئێران و ئێراق تەقە لە دوو مرۆڤی بێ چەک دەکەن و گیانیان لێ دەستێنن.

لە درێژەی پەیامی هێزە کوردستانیەکاندا هاتبوو کە ڕژیمی ئێران بەردەوام مافی مرۆڤ لە ژێر پێ دەنێت و جیابیران و دژبەران لە سێدارە دەدات و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەچەوسێنێتەوە. هەر لەو چوارچێوەدا ئاماژە بەوەش کرابوو کە لە کاتی هاتنەسەرکاری حەسەن ڕۆحانییەوە، دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر و ڕێژەی لەسێداردانەکانیش زۆر زیاتر بوون.

داراپوور لە پەیامی هاوبەشی پێنج حیزبی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەڕەڕای دووپات کردنەوەی پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای کشانەوەی هەموو ئەو هێزانەی کرد کە بەمەبەستی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی هێنراونەتە کوردستان .

دواتر هەمان پەیام بە زمانی کوردی لە لایەن خاتوو سوهەیلا بابان خوێندرایەوە و پاشانیش پەیامی هاوسۆزی و پشتگیری حیزبی سەوزەکانی ئاڵمان-کومیتەی کۆڵن لە لایەن مارتین باخمان و بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە زمانی ئاڵمانی و کوردی پێشکەشی بەشداربووان کرا.