کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکان لە زیاتر لە ١٠ شاری ئێران بەردەوام بوون

11:38 - 14 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بۆ چوارەمین شەوی یەک لەدوای یەک درووشمەکانی "مرگ بر خامنەای"، "مرگ بر ولایت فقیه"، "آخوند باید گم بشە" لە زیاتر لە ١٠ شاری ڕاپەڕیوی ئێران وترانەوە کە تێکهەڵپڕژانی چەکدارانی ڕێژیم و ناڕازییانیشی لێکەوتەوە.

شارەکانی تاران، وەرامین، کەرەج، ئێشتێهارد، شاهین‌شەهر، قەهدەریجان و نەجەف‌ئاباد لە ئیسفەهان، زیباشەهری قەزوین، ئەندیمێشک و مەشهەد دیسانەوە شاهێدی ڕاپەڕینی جەماوەری بوون کە لە نێویاندا درووشمی ڕووخان ئاراستەی تەواوییەتی کۆماری ئیسلامی کرا و لە هەندێک شوێندا تێکهەڵچوونیش ساز بوو.

بەپێی دوایین گرتە ڤیدیۆییەکان پاش ئەوەیکە چەکدارانی ڕێژیم بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان کەڵکیان لە گازی فرمێسکڕێژ وەرگرت، خۆپیشاندەران ناچار بوون ئاگر بکەنەوە کە دواتر بەسیجی و لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات پەلاماری خۆپیشاندەرانیان دا بەڵام نەتەنیا خەڵک نەترسان و شوێنەکەیان بەجێ نەهێشت، بەڵکوو متۆڕی هێزی سەرکووتیان لێ ئەستاندن و وێڕای لێدان لە مەئموورانی سەرکووت متۆڕەکانیان ئاگر دا.

ئەمە یەکێک لە چەندین نموونەی تێکهەڵچوونەکانی شەوی ڕابردوو بوو کە لە گەوهەردەشتی کەرەج ڕووی دا و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتیش بریندار بوون؛ لە شاری ئێشتێهاردیش ناڕازییان هێرشیان کردووەتە سەر حەوزەی عێلمییەی شار و لەگەڵ بەسیجی و حیزبوڵاییەکان تێکهەڵچوون.

ئەم ڕەوشە کە کۆڵەکەکانی ڕێژیمی جارێکی دیکە وەلەرزە خست، دژکردەوەی بەشێک لە لێپرسراوانی ڕێژیمی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ عەلی مۆتەهەری جێگری سەرۆکی مەجلیسی رێژیم بە ڕۆژنامەی "ایران"ی وتووە: خەڵک دەبێ وریا بن کە نەبنە ئامرازی دەستی ترامپ! وتوویشیەتی: پێویستە خەڵک خۆڕاگر بن تاکوو ئامریکا بەچۆکدا بێنین. داواشی لە هێزی بەناو ئینتزامی کردووە کە بەتووندی بەرامبەر خۆپیشاندەران ڕابوەستن.

هەروەها ڕەحمانی فەزڵی وەزیری نێوخۆی ڕێژیم وتوویەتی: ئەوانە پێیان وایە ئەگەر ٢٠٠ کەس لە شوێنێکدا کۆ ببنەوە دەتوانن دۆخی ناوخۆیی وڵات تێک بدەن؟ خەیاڵیان خاوە!

لەم هەلومەرجەدا کە ڕەحمانی فەزڵی پێی وایە ئەم ڕووداوانە پیلانێکی بێ‌ئەنجامن بەرپرسانی شاری کەرەج "حکوومەت نیزامییان" ڕاگەیاندووە و پارێزگاری ئەلبۆرزیش ڕایگەیاندووە: بە تووندی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ڕادەوەستین!

ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دێنە ئاراوە کە بەوتەی هەواڵدەری فارس سەر بە سپای پاسداران لە کەرەج هاووڵاتییەک بە فیشەک کوژراوە کە ئەمە بە یەکەمین کوژراوی خولی نوێی خۆپیشاندانەکان دەژمێردرێ، بەڵام لاوانی راپەڕیو وتوویانە ئێمە کۆڵ نادەین چوونکە هیچ شتێکمان نییە تا لە کیسی بدەین؛ کۆماری ئیسلامی هیچ شتێکی بۆ ئێمە نەهێشتۆتەوە تاکوو خەمی لەدەسدانیمان هەبێ!