کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ دوو شەهیدی تازەی نەتەوەکەمان نوێ کردەوە

12:38 - 27 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستان، بە ناردنی پەیامی هاوخەمی، بە بۆنەی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی کوردستان، وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازیان، بەڵێنییان دا هەتا وەدیهاتنی ئامانجەکانیان درێژەدەری ڕێگایان بن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای ئەوەی کە دوو پێشمەرگەی بەوەجی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون، خەڵکی کوردستان لە توێژ و چینی جۆراوجۆرەوە، بە ناردنی پەیامی هاوخەمی، پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی ئەو دوو شەهیدە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان نوێ کردەوە.

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان لە گوندی "نسڵ" سەر بە شاری مەریوان، ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، گوندی ئەوێهەنگی مەریوان، دزەی مەرگەوەڕ، بۆکان و سەقز بە ناردنی پەیامی هاوخەمی پەیمانی وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ کردەوە.

گوندی نسڵ

لە لایەن خەڵکی ئاوایی نسڵ، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی دوو پێشمەرگەی وەفاداری حزبی دێموکرات شەهید ئیدریس و شەهید ڕەحیم دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. لە خوای مەزن دەپاڕێنەوە سەبر پێ بدات، بەڵام هەر وەک دوکتور قاسملوو دەفەرمێت: "گەلێک ئازادی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات، هیچ میللەتێک بەبێ گیانبەختکردنی ڕۆڵەکانی خۆی بە ئازادی نەگەیشتووە". خەباتی گەلێکی بەشخوراو بەدڵنیاییەوە لە کۆتاییدا هەر سەر دەکەوێت.

شاروێرانی مەهاباد

وەکوو ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات له ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی نوێی ڕاسان، خەباتی گەلەکەمان، سەرجەم ئەندام و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکەین و هاوخەمی خۆمان ڕادەگەیەنین.

سەرکەوێ خەبات و ڕاسانی ڕۆژهەڵات

مەرگ و نەمان بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان

٢٦ پووشپەڕی ١٣٩٧، مەهاباد

بۆکان

"گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات"

بەداخەوە ئاگادار بووینەوە کە دوو پێشمەرگە و و هاوڕێی تێکۆشەر بە هۆی تۆپبارانەکانی کۆماری پەت و سێدارەوە چوونەتە ڕیزی شەهیدانی نیشتمانەوە، ئامانجی ڕێژیم لە تۆپبارانی کوێرانەی ئەو ناوچانە، ئەوەیە هەتا لە لایەکەوە بە زەربەلێدان لە مووچە و مەزرای خەڵکی سنوور، هانیان بدات کە بە دژی هێزی پێشمەرگە هەڵوێست بگرن و لە لایەکی دیکەشەوە هێزی پێشمەرگە لە مانەوە لەو ناوچانە پەشیمان بکاتەوە. گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەسەڵاتی دوژمنی زۆر لەوان بەهێزتری بە مێژوو سپاردووە. بەڵام خۆی هەروا لە سەرپێ و سوورتر لە ڕابردوو بۆ وەدیهاتنی ئامانجە ڕەواکانی خەبات دەکات. ئێمە وەک پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی بۆکان سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی حیزبە خۆشەویستەکەمان، هاوسەنگەران و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی نوێمان دەکەین و پەیمان لەگەڵ ڕۆحی پاکیان نوێ دەکەینەوە، کە هەتا بەچۆکداهێنانی دوژمن، درێژەدەری ڕێگایان بین.

ڕۆحیان شاد و مەرگ و نەمان بۆ داگیرکەران

ژاوەرۆ

ئێمه وەکوو پێشمەرگەکانی شار که پەیوەست بووین به شاخ، له ناوچەی ژاوەرۆی دێموکراتەوه، له گوندی‌‌ ئەوێهەنگی دێموکرات و دێموکراتپەروەرەوه؛ سەرەخۆشیی خۆمان به بۆنەی شەهیدانی نوێی ڕاسان و سەرجەم شەهیدانی حیزبەکەمان، ئاراستەی ئەندامان و پێشمەرگه قارەمانەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین، هەروەها لێرەوه پەیمان نوێ دەکەینه‌‌وه.

سوێند به‌‌ قورئانی پێرۆز، به خاکی پاکی نیشتمان و به خوێنی شەهیدان، هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان وەفادار بمێنین. دەست له خەبات و تێکۆشان دژ به داگیرکررانی‌ کۆماری‌ سێداره هەڵناگرین.

سڵاو له کوردستان، سڵاو له دێموکرات، گوندی ئەوێهەنگ

دزەی مەرگەوەڕ

"شەهید ئاوە، تینیوویەتی زەوی دەشکێنێ".

پەیامی سەرەخۆشی لە دزەی مەرگەوەڕ سەر بە ناوچەی ورمێ

ئێمە وەکوو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، پەیامی سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی سەرجەم بنەماڵە شەهیدەکانی گەلەکەمان دەکەین.

ئەم جارە، بە دڵێکی پڕ لە سۆزەوە بۆ مەهاباد و پیرانشار، پرسه و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دوو شەهیدی نوێی گەلەکەمان دەکەین.

هەروەها پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە گەورەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و هەتا دوایین دڵۆپی خوێنمان درێژەدەری ڕێگای شەهیدانمانین.