کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ناڕازی، ئاخوندەکان بە سەرچاوەی کێشەکانی خۆیان دەزانن

18:19 - 13 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە خۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان، خەڵکی ناڕازی دژ بە ئاخوندەکان دروشم دەدەن و داوای ڕۆیشتنی ئەوان دەکەن.

بەپێی ئەو ڤیدئۆیانەی کە لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی شارەکانی ئێران، بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی ناڕازی، ئاخوندەکان بە سەرچاوەی هەموو کێشەکانی خۆیان دەزانن و داوای وازهێنان و ڕۆیشتنیان دەکەن و درۆشمی "آخوند باید گم بشە" دەڵێنەوە.

لەم ڕۆژانەدا و پاش دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە شارەکانی ئێران، ڕێژیم لە ڕێگای ئاخوندەکانەوە بەنیازە کە خەڵک هێور بکاتەوە و ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات.

مەکارمی شیرازی کە خۆی یەکێک لەو ئاخوندانەی ڕێژیمە، کە لە سێبەری ئەو دەسەڵاتەدا بە میلیاردها پارە لە حەسێبەکانی هەیە، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژ، لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆی کردووەتە نوێنەری خەڵک و بە نیسبەت زیادبوونی نرخەکان و زۆربوونی گەندەڵی، لە دەوڵەت و هێزی دادوەری ڕێژیم گلەیی کردووە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرانی و بەرزبونەوەی نرخی شتومەک و ئەستەمبوونی ژیانی خەڵک، ڕەخنەی لە حکوومەت گرتووە و بە نوێنەرایەتی خەڵک داوای کردووە، هەتا تیمی ئابووری ڕیژیم بگۆڕدرێت.

لە ڕێژیمی ئێراندا ١١ پۆستی باڵای حکوومەتی و ئەمنییەتی لە دەستی ئاخوندەکانە و کۆنترۆڵی هەموو کاروبارەکان دەکەن، بەو هۆیەوە خەڵک، ئاخوندەکان بە هۆکاری سەرەکیی کێشە و قەیرانەکان دەزانن.

لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ـەوە هەتاکوو ئێستا، خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکاندا ئاخوندەکان دەکەنە ئامانج و دژ بەوان دروشم دەڵێنەوە.