کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ئەحواز ئاگریان لە دوو مەئموور و لۆدرێکی شارەوانی بەردا

19:37 - 27 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: خەڵکی ناوچەی فەرهەنگیانی ئەحواز، لە وڵامی ڕووخاندنی دوکانێک لەو گەڕەکە لە لایەن شارەوانییەوە، ئاگریان لە لۆدرێک و دوومەئمووری شارەوانیی ئەو شارە  بەردا.

مەئموورەکانی شارەوانیی ناوچەی سێی ئەحواز، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە گەڕەکی فەرهەنگیانی ئەحواز، دوکانێکیان بە بیانووی دروستکردنی نایاسایی ڕووخاند کە ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو گەڕەکەی لێکەوتەوە و  لە وڵامی ئەو کارەی شارەوانیدا، خەڵک ئاگر لە لودرێک و دوو مەئمووری شارەوانی بەر دەدەن.

"موحسێن مووسەوی"، ئەندامی شوڕای باڵای پارێزگای خوزستان، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە، دوکان و ماڵەکانی ئەو گەڕەکە بە شێوەی نایاسایی دروستکراون کراون و مەئموورەکانی شارەوانی ئیزنی ڕووخاندنیان هەبووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئۆتۆمبیلێکی پراید ماددەی سووتێنەری بە مەئموورەکان و لودرێکی شارەوانی پڕژاندووە و لە ئاکامدا ئەو مەئموورانە تووشی سووتانی ٣٠ هەتا ٤٠ لەسەد بوونە.

خەڵکی هەژاری ئێران  لە حاڵێکدا کە  بۆ بژێوی ژیانیان و سازکردنی سەرپەنا بۆ خۆیان ناچارن بە شێوەی نایاسایی بیناسازی بکەن، لە لایەکی دیکەشەوە مەئموورانی شارەوانیی ڕێژیم لە زۆر شارەکانی ئێران بە شێوەی نامرۆیی هێرش دەکەنە سەر خەڵکی بی دەسەڵات و هەژار، کە هەتا ئێستا  لێدانەکانی  مەئموورانی شارەوانی چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە.

زۆر گرتەی ڤیدیۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت لەم ساڵدا بڵاو بووەتەوە کە دەسفرۆشان و خەڵکی هەژار دەکەونە بەر پەلاماری وەحشیانەی مەئموورانی شارەوانی، کە چەندین جار ناڕەزایەتی خەڵکیی لێکەتووەتەوە.