کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەردەوامی نرخی تمەن

17:11 - 8 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: دۆخی ئابووریی ئێران خوولەک بە خوولەک گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەوپەڕی ناسەقامگرتوویی وڵات لەباری ئابوورییەوە دەخاتە ڕوو.

نرخی دۆلار تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە بازاڕی نافەرمی ئەرز سنووری ۱۱هەزار تمەنی تێپەڕاند؛ ئەمە ڕێکۆردێکی مێژووییە بۆ نرخی دۆلار.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکانیش نرخی ئەرزەکانی دیکە و سکە بەردەوامە لە هەڵکشان و لەبەرامبەریشدا بایەخی دراوی ئێران چرکە بە چرکە زیاتر دادەکشێ.

ئەم گۆڕانە سەرنجڕاکێشە هاوکاتە لەگەڵ بردنەسەری نرخی دۆلار بۆ ٤٤۰۰تمەن لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە لە مانگی خاکەلێوەدا بڕیاری دابوو دۆلاری دەوڵەتی بە ٤۲۰۰تمەنەوە مامەڵەی پێ بکرێت و تەنانەت لێپرسراوانی ڕێژیم بەڵێنیان دابوو کە نرخی دۆلار هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەیەت و هیچ کێشەیەک بۆ دابین کردنی دۆلار نەیەتە پێش.

لەم بارودۆخەدا و هاوکات لەگەڵ هەندێک تەقەلای ڕێژیم بۆ کەم کردنەوەی بارگرژییەکانی بازاڕ کە بێ ئەنجام و ناکام ماوەتەوە و هەروەها لە بەرەبەری دەسپێکی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە تاران، دەوڵەت هەوڵ دەدات کەڵک لە کەرتی تایبەت وەربگرێت تاکوو بەم شێوە پێش بە چوونەدەری سەرمایەدانەرانی دەرەکی بگرێت.

کارناسان و ئابووریناسانیش پێیان وایە ئەمجۆرە کارانەی ڕێژیم ناتوانێ چارەسەرێکی لۆژیکیانە بێت بۆ گرفتەکانی بازاڕ و دەڵێن: لە ئێستادا هیچ هاندەرێک بوونی نییە تاکوو بتوانێ ئابووریی ئێران ببووژێنێتەوە و بەگشتی ئابووریی ئەم وڵاتە لە گێژەنەی خۆی دەرچووە.

دەسپێکردنەوەی تەحریمەکان داهاتە نەوتییەکان کەم دەکاتەوە و دانی لێخۆشبوون بۆ ماڵیات زیاتر ڕێژیم دەخاتە چاڵەوە چوونکە هەر دووکیان دەبنەهۆی کەمتر بوونەوەی داهاتی دەوڵەت.

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی تاران زۆرینەی داهات و سەرمایەکانی خۆی بۆ پەرەدان بە تێرۆریزم و ئاژاوەگێڕی و بشێوی نانەوە لە ناوچەدا سەرف کردووە و بووەتە هۆی هەرچی زیاتر دابەزینی ئاستی خۆشبژێوی گەلانی ئێران بەچەشنێک کە تەنانەت مۆرە و گۆپاڵ بەدەستەکانیشی متمانەیان بە بەرنامە و سیاسەتەکانی ڕێژیم نەماوە.