کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاییکردنی چالاکێکی مافی مرۆڤی کورد لە دادگای گشتیی سەقز

18:41 - 27 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: چالاکێکی کورد، خەڵکی شاری سەقز و لە هاوکارانی ئاژانسی هەواڵی موکریان لە لقی ١٠١ی جەزایی دادگای گشتیی ڕێژیمی ئێران لەو شارە موحاکمە کرا.

"بەختیار خۆشنام"، چالاکی مافی مرۆڤی کورد و هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ، لە لقی ١٠١ی جەزایی دادگای گشتیی ڕێژیمی ئێران له شاری سەقز موحاکمە کراوە.

ئاژانسی "کوردپا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادر بڵاوی کردووەتەوە: "ئەو چالاکەی مافی مرۆڤی کورد بە هۆی نەبوونی پارێزەر داوای کردبوو کە دادگاییکردنەکەی لە کاتێکی دیکەدا بەڕێوە بچێت، بەڵام دادوەری ڕێژیم دژایەتی لەگەڵ ئەو داواکارییەی ناوبرا کردبوو".

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: "دادوەری دادگا ئەو چالاکە کوردەی بە تێکدانی نەزمی گشتی تاوانبار کردووە، بەڵام ناوبراو ئەو تاوانەی دادوەری دادگای ڕەت کردووەتەوە و وتوویەتی کەهیچ جۆره تاوانێکی ئەنجام نەداوە و سەرجەم چالاکییەکانی یاسایی بووە".

دادگاییکردنی بەختیار خۆشنام، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، هاوکات لەگەڵ بڕیاری دادگا  بۆ حەوتووی داهاتوو دواخرا.


بەختیار خۆشنام، ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شوێنی کاری خۆی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

ناوبراو دوای یەک مانگ لە دەسبەرکرانی، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی بە دانانی بارمتەی ١٣٧ میلیۆن تمەنی لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

پووشپەڕی ساڵی ٩٦یش، ئەو هەواڵنێرەی ئاژانسی هەواڵی موکریان بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندا دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات" لە دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئێران لە سەقز موحاکمە کرابوو.