کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی زاگروس بەردەوام لەژێر هەڕەشەی ڕێژیمدان

13:09 - 3 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمی و گڕدانە بە ئەنقەستەکانی ڕێژیم بە هاتنی وەرزی گەرما، دارستان و لەوڕگەکانی زاگروس بەرەو لەنێوچوون دەبات.

هەموو ساڵێک بە هاتنی وەرزی گەرما، دارستانەکانی زاگرۆس لەگەڵ هەڕەشەی ئاگر تێبەربوون بەرەوڕوو دەبێتەوە و هەتا کۆتایی هاتنی وەرزی گەرما، هەزاران هێکتار لە دارستان و لەوڕگەکان بە هۆی گڕگرتن لەنێو دەچن.

کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لە بەرامبەر ژینگەی زاگرۆس و سیاسەتە دژە ژینگەیی و دژە مرۆڤانەکانی، هۆکاری سەرەکی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسە و ڕێژیم سەرەڕای کەمتەرخەمی، بە ئەنقەست هەموو ساڵێک بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنێت.

هۆکارە سرۆشتییەکان لە گڕگرتنی دارستانەکان هەموو ساڵێک بەردەوامن، بەڵام ڕێژیم هەتا هاتنی وەرزی گەرما و گڕنەگرتنی بەشێکی زۆر لە دارستانەکان، هیچ ئامادەکاری و پێشگرتنێک ناکات و بەپێچەوانەوە بە بیانووی هاتووچۆی پێشمەرگە، دارستانەکان ئاگر دەدات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای ئیلام لە ناوچەی شەلەم و ناوچەکانی دیکە، بەشێک لە دارستانەکان گڕیان گرت و دوای سووتانی زیاتر لە یەک هێکتار لەو دارستانانە، ئاگرەکە دەکوژێتەوە، هەروەها لە پارێزگای سنەیش لە هەندێک ناوچە، بەشێک لە دارستانەکان سووتێندراون.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو ئیدارانەی ڕێژیم کە ئەرکیان پاراستنی ژینگەیە، کەمترین چالاکی و هێزی ئینسانیان هەیە و ڕێژیم بوودجەی پێویستیان بۆ دابین ناکات تاکوو بتوانن ئەرکەکانی خۆیان لە پاراستنی ژینگە جێبەجێ بکەن.

ڕێژیمی ئێران گەورەترین دوژمنی نەتەوەی کورد و سروشتی کوردستانە و بەدرێژایی تەمەنی خۆی هەموو هەوڵی خۆی داوە کە کوردستان لەنێو بەرێت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە تاڵان بکات.