کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی ئیلام لە نێو ئاگردا دەست و پێ لێ دەدەن

12:44 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی شاخی هانیوان لە ئیلام، لە نێو ئاگرێکی بەربڵاودا لە حاڵی سووتانن.

لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژەوە ١٣٩٧ی هەتاوی، دارستانەکانی شاخی هانیوان لە شاری ئیلام گڕیان گرتووە کە هەتا ئێستە ئەو ئاگرە بەردەوامە و  بەشێکی بەرچاو لە دار بەڕوو و ڕووەکەکانی ئەو ناوچەیە دەسووتێن.

لە کاتی گڕگرتنی دارە بەڕووەکان، هەتا ئێستە ئیدارەی ئاگرکوژینەوەی شاری ئیلام بۆ کونترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە هیچ هەوڵێکی نەداوە و ئاگرەکە بەردەوام لەو دارستانە زۆرتر دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە، کە خەڵکی ئەو ناوچەیە لە هەوڵدان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە، بەڵام بە هۆی پەرەسەندنی ئاگر ئەوانیش ناتوانن بەبێ کەلوپەلی پێویست ئاگرەکە کونترۆڵ بکەن.

لەسەر هۆکاری گڕگرتنی دارستانی هانیوان، خەڵکی ئەو ناوچەیە باس لەوە دەکەن، کە هێزەکانی سپای پاسداران ئەو دارستانەیان ئاگر داوە و تاوانباری سەرەکیی بە سپای پاسداران دەزانن.

ئەمە یەکەمجار نییە، کە دارستانەکانی کوردستان بەدەستی چەکدارانی سپای پاسداران دەسووتێنرێت و لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی ڕێژیم، وەکوو ئەرک ژینگەی کوردستان لەنێو دەبەن.