کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانە سەرشۆڕانەکەیان بە برووجێردی سپارد

00:00 - 16 بانەمەڕ 2718

کەیوان دروودی

دوایین رووماڵی هەواڵ و راپۆرتەکانی سووریە کە لە بنەچەوە شەڕی بەشار ئەسەد دژ بە خەڵکی راپەڕیو بوو، ئاراستەیەکی نوێی بەخۆوە گرتووە بە جۆریک کە بەردەنگ لای وایە باسی شەڕێکی ناڕاستەوخۆی ئێران و وڵاتانی دراوسێی و بەتایبەت ئیسرائیلی بۆ دەکرێ.

لەم ماوەدا بەپێی راپۆرتە پشتڕاستکراوەکان، تەنانەت فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل لە گەشتێکی ئاسمانیدا توانیویانە بەبێ ئەوەیکە هیچ رادارێکی ئێرانی شوێنیان دەربکات، بۆ چەند کاتژمێر بەسەر جوغرافیای ئێراندا بسووڕێنەوە و دواتریش بگەڕێتەوە شوێنی هەڵفڕینیان.

ئەوەی جێگای سەرنج بووە بۆ ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵانە دەکەن ئەوە بووە کە بەرپرسانی رێژیمی ئێران لە پڕژانە سەر جموجۆڵەکانی ئیسرائیل خۆدەبوێرن و بە بەکارهێنانی دەستەواژەی "دەستدرێژی" بۆ خاکی سووریە، بەپارێزەوە لێدوان دەدەن و هیچ وڵامێکی روونیان بۆ ئەو باس و دەنگۆیانە نییە کە راستەوخۆ پەیوەندیی بە هێزە میلیشیاکانیان لە سووریە هەیە.

لە بیاڤی سیاسەتی ئیعلانیدا رێژیمی زاڵ بەسەر ئێران، هەمیشە هەوڵی داوە هەیمەنەی خۆی کە بنەمای سەرەکیی بەردەوامبوونی فاشیزمە، بپارێزێ؛ بەڵام وادیارە لەم دواییەدا وایان بە باش زانیوە کە نەچنە ناو شەڕێکی زارەکیی بەردەوام ئەمەش واتە بەرچاوگرتنی پڕەنسیپی "پاراستنی نیزام".

لای ئەو بەردەنگانەی کە سەرنجی وردەکارییەکانی ئەم بیاڤە دەدەن، ئاوەها ئینفعالێک وەبیرهێنەرەوەی پێش رێککەوتنی ناسراو بە بەرجامە. لە ماوەی نزیکە بە بەرجام، خامنەیی رایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بڕێک پرسی تایبەت ئەگەر بە مەسڵەحەتی بزانێ، بە مەبەستی خۆلادان لە شەڕی شەیتان (ئامریکا) لەگەڵی دادەنیشێ و دانوستان دەکات". 

هەر لە سەروبەندی بەرجامدا لە مەجلیسی بەهارستان، واژۆیەک کۆ کرایەوە کە گوایە مەجلیس هەڵوێستی هاوشێوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکای گرتووە و بە دەربڕینێکی لێبڕاوانەوە روو لە ئامریکا و رۆژئاوا رایدەگەیەنێت کە وزەی ئەتۆمی هێڵی سوورە و بەهیچ لەونێک جێی موناقشە و دانوستان نییە.

بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرا لە کۆتاییدا دەستی رایەدارانیان لە بەرامبەر هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بە نیشانەی خۆبەدەستەوەدان بەرز بوویەوە. 

خاڵی هاوبەشی ئەو دەم و ئێستا ئەوەیە کە بەرپرسە پلە بەرزەکانی ئێران _ کە لێدوانیان دەتوانێ دەرخەری سیاسەتی رەسمی و ئیعمالی بێت _ لەو بابەت و باسانەی کە پێویستی بە لێدوانی توندی هەڕەشەئامێزە و دەکرێ لێکەوتەی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکی بە دواوە دەبێت، بێدەنگی هەڵدەبژێرن و ئەو ئەرکە دەخەنە ئەستۆی مەجلیسی بەهارستانییەکان!
جیا لەوەیکە ئەمە بۆخۆی دەرخەری ئەو راستییەیە کە بەهارستان بریتییە لە هۆڵێکی بێ کەڵک و کۆمەڵێک نوێنەری فۆرمالیتە، ئەم مەسەلە ئەوە دەسەلمێنێ کە ئاخوندەکان دەزانن کە لە چ تریبۆن و بە چ مەبەستێک دژایەتیی رۆژئاوا و بە تایبەتی ئیسرائیل بکەن کە هەم هەیمەنەیان لای جەماوەر و بەردەنگی خۆیان بپارێزن و هەم خۆیان لە لێکەوتە تۆقێنەرەکانی قوتار بکەن.

ئەم رێڕەوە بە جیاوازییەکی هەندەکییەوە لە بەرامبەر سعوودییەش بەکار هێنراوە. رێژیمی ئێران هەر لە سەرەتاوە بەباشی ئەجێندایەکی دەسنیشان کرد کە هەم بتوانێ خۆی لە بەرامبەر جەمسەری تاقانەی دونیای ئیسلام (سعوودیە) پێناسە بکات و چییەتییەک بۆخۆی ساز بکات کە لە گوتار و کرداردا رێی پێبدات کە لە کاتی پێویست کاردانەوەی بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی هەبێ، هەم لەلایەکیترەوە بتوانێ لە بەستێنە دنەدەر و توندئاژۆکەی مەزهەبی دڵخوازی (شیعە) بۆ مۆبیلیزەکردنی پێڕەوانی ئەو ئایینزا لە ناوچە کەڵک وەربگرێ کە ئێستە دەرکەوتەکانی لە سووریە دەبینین کە چەندین هەزار ئەفغانی و پاکستانیی توندئاژۆی شیعەی کردووەتە قەڵغانێک بۆ ئەوەی ململانێی خۆی پێبکات.

ئەم سیاسەتی دژایەتیی ئیسرائیل و خۆپێناسەکردن بەرامبەر بە سعوودیە – کە لە نێو لایەنگرانی ئیمپراتۆریەتی ئێرانیشدا لایەنگری زۆرە _ لە ئێستەدا پێی ناوەتە قۆناخێکی هەستیار و خەریکە بە کردەوە دەگاتە قۆناخی بەریەککەوتن، هەر بۆیەش ماوەیەکە ئیتر لە زاری هیچ بەرپرسێک کە قسەی وەک سیاسەتی رەسمی وەربگیردرێ، باسی لێوە ناکەن.
ئەوەیکە برووجێردی وەکوو بەرپرسی فراکسیۆنێکی مەجلیس لەمبارەوە هەڵویست دەگرێ لە خۆیدا بەو واتایە دێت کە ناوێرن لە ئاستی سەرەوە لەمبارەوە لێدوانی توند بدەن و ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کە رێژیم لە هەڵکەوتەیەکی تەواو لاوازدایە و دەزانێ شارژکردنەوەی کڕیارە توندئاژۆکانی دروشم و ئیددیعاکانی ئەوە ناهێنێ کە بکەوێتە شەڕێکی نابەرامبەر.

سەرباری ئەم هەڕەشەیە کە دوای پێنج جار هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای قودس لە سووریە چڕتر بووەتەوە، بەڵام مێژووی چل ساڵەی حکوومەتی ئاخوندەکان نیشانی داوە کە ئەوان تا هەن منەتباری ئیسراییلییەکانن کە کاتی خۆی بۆ رزگاری لە دەست سەددام حسەین بڕی نزیک بە سەد میلیۆن دۆلار رۆکێت و تانکیان لێیان وەرگرت و بە ئەم تەیاربوونە باڵانسی هێز لە شەڕی هەشت ساڵە بە قازانجیان گۆڕدرا. جیا لەمەش ئەوان بە ئاشکرا لە ئامریکا چەکوچۆڵ و تەقەمەنییان _ لە بەرامبەر دەڵاڵی و ناوبژیوانی بۆ ئازادیی بارمتە ئامریکاییەکان لە چنگی موغنییە _ وەرگرتووە کە بە دۆسییەی مەک فارلین ناسراوە. ئەوەی گرینگە لە ئێستەدا ئەوەیە کە مەسەلەی سڕینەوەی ئیسرائیل سەرباری گشت دەسکەوتە ئیدیۆلۆژیکەکانی بۆ رێژیمی ئێران، لە ئێستەدا بە بارتەقای رۆژانی پێش بەرجام مەترسیدارە.

دەبێ بزانین ئەم مەترسییە تەنیا لەرووی تەیاری و پۆشتە و پەرداخی بۆ شەڕێکی گەورە نییە، دوو بابەتیتر هەن کە ئاستی هەڕەشەکەیان بەرزتر کەرووەتەوە یەکەم، کەڵەکەی ناڕەزایەتیی ناوخۆیی کە رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و ئەمەش وادەکات کە شەڕێکی درێژخایەنیان پێنەکرێ و دووەمیش مەسەلەی راگیران، هەڵوەشاندنەوە و پێداچوونەوەی بەرجام.

کەوایە ئەگەر تەنانەت شەڕی باڵەکانی ناوخۆی پێکهاتەی رێژیمیش وەلا بنێین، هێشتا لە چەند لاوە پۆتانسییەلی ئەوە هەیە کە بارودۆخێکی تەواو نابەدڵخواز بەرۆکیان بگرێت. 

هەر بۆیە رێژیم یان دەبێ بە یەکجاری بکەوێتە ناو شەڕی مان و نەمان، یان بۆ جارێکیتر پێویستە مل بۆ زەختی دەرەکی و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دابکێشی و ئەمەش ناکرێ مەگەر ئەوەیکە زۆربەی پێشڕەوییە ناوچەیی و ژێئۆئیستراتیژیکەکانی بە پێخواستی ویستی رۆژئاوا بوەستێنێ و بگەڕێتەوە خاڵی دەسپێک کە وادیارە خەریکە ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرێ و مان و مەوجوودییەتی خۆی وەک هەمیشە دەکاتە ئەوجەبی واجبات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.