کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی فەڕانسە بۆ لابردنی گەمارۆوەکان لەسەر کۆمپانیاکان ڕەت کرایەوە

11:55 - 23 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا داواکاریی دەوڵەتی فەڕانسەی، بۆ لابردنی گەمارۆی سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە بیانەوێت لەگەڵ ئێران هاوکاریی بکەن،  ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕ، "برۆنۆ لۆمێر"، وەزیری داراییی فەڕانسە لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ڕۆژنامەی "فیگارۆ" وتوویەتی: کە ئامریکا داواکاریی فەڕانسەی بۆ لابردنی گەمارۆوەکان لەسەر ئەو کۆمپانیانەی لە ئێراندا کار دەکەن، ڕەت کردووەتەوە.

فەڕانسە داوای کردبوو، کە ئیزن بە کۆمپانیا فەڕانسییەکان بدرێت، لە بیاڤی وزە و ئۆتۆمبێلسازییەوە لە ئێراندا کار بکەن و  بەر سزاکانی دەوڵەتی ئامریکا دوای دەستپێکردنی گەمارۆوەکان نەکەون.

وەزیری داراییی فەڕانسە بەو ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە، کە لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی  ئامریکاوە  ئەم داواکارییەیان ڕەت کراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام و دەستپێكردنەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ئێران و  ئەو کۆمپانیایانەی کە لەگەڵ ئێران کار دەکەن، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی ئورووپا و جیهان لە ئێراندا کشاونەتەوە و چالاکییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتووە.