کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"دایملێر"ـی ئاڵمان هاوکاریی ئێران ناکات

10:58 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە دوای گەڕاندنەوەی یەکەمین خولی گەمارۆ ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کۆمپانیای "دایملێر"ـی ئاڵمان چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕاگرت.

 بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان وتەبێژی کۆمپانیای"دایملێر"ـی ئاڵمان، لە بەشی پیشەسازی ئۆتۆمبیلدا بڵاوی کردەوە کە ئەو کۆمپانیایە، بڕیاری دا کارە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرێت.

بڕیاری ئەو کۆمپانیای ئاڵمان پاش سزای نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەسەر تاراندا، دراوە.

لە بەیانییەی ئەو کۆمپانیایەدا هاتووە: "بەپێی پابەندبوون بە سزاکانی کە بەسەر تاراندا سەپێندراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە کارەکانمان لە ئێران سنوورداریش بوون، ڕاگرت؛ ئێمە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتە سیاسییەکان دەکەین".

ئەو کۆمپانیاییە بەم هەنگاوەی پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی کارەکانی لە ئێراندا ڕاگرت.

لەو پێوەندییەدا، کۆمەڵە کۆمپانیای " PSA "ی فەرانسە ڕایگەیاندووە ئەگەری زۆری هەیە کارەکانی لە ئێران ڕابگرێت.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، هەتا ئێستا دەیان کومپانیای گەورەی جیهان، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ئێران ناکەن.