کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی تێرۆر لە تاران میوانی بێرلینە

20:58 - 21 رەزبەر 2716

نووسینی: ئانتیا شیپمان و بیورن شتریتسل

وەرگێڕان لە ئاڵمانی: سیاوەش محەممەدی

پێشەکیی وەرگێر:




بۆچی دەوڵەتی فیدراڵ لە ژنە تێرۆریستێک پێشوازیی دەکات؟

وەزیری ژینگەی ئێران و هاوکات جێگری سەرۆک کۆماری ئێران مەعسوومە ئێبتێکار ڕۆژی سێ‌شەممە وەک میوان لە برلین بوو و لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوە فرانک واڵتر شتانمایر (لە پارتی سوسسیال دێموکراتی ئاڵمان)، وەزیری ژینگە باربارا هندریکس (لە پارتی سوسیال دێموکراتی ئالمان) چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.

بەپێی لێدوانی میدیا ئێرانیەکانیش بێ، بەنیازە چاوپێکەوتنێکیش لەگەڵ کلاودیا ڕۆت جێگری سەرۆکی پارلمانی فیدراڵ (لە حیزبی سەوزەکان) ڕێکبخات.

ئێبتێکار ئەوەندەش نەناسراو نیە:

ئەو ژنە سیمایەکی ناسراوی بارمتەگرتنەکەی باڵوێزخانەی ئەمریکا پاش شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ لە تاران بوو، لەو سەردەمەدا ئێبتێکار و کۆمەڵێکی دیکە لە ئیسلامییە هاوبیرەکانی، بەڕێوەبەر و داڕێژەری دەستبەسەرکردنی ٥٢ شارۆمەندی ئامریکایی بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ بوون.

ڕۆڵی بەرچاوی ئێبتێکار لە پلانی بارمتەگرتنی ، ڕێگای بە ئێبتێکار دا تا پێگە و داهاتووی کاری خۆی لە نێو کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خۆش بکات. بەو شێوەیە سەرەنجام ئەو توانی پلەی وەزیری ژینگە و جێگری سەرۆک کۆمار بەدەست بهێنێت. وەکوو نوێنەرێکی ڕێژیمی مەلاکان، بە توندی پەرەی بە هێڵی دژەسامی داوە: هەر وەک لە ساڵی ٢٠١٦ ش و لە کاتی بەشداری کردنی ئێبتێکار لە ڕۆژی قودس - واتە ڕێوڕەسمێکی ساڵانە کە بۆ لەنێوبردنی وڵاتی جوولەکەکان ناودێر کراوە- لە هەمبەر ڕێژیمی سهیۆنیزمی باسی لە پشتیوانییەکانی بۆ گرووپگەلی تێرۆریستی وەک حەماس، حیزبوڵڵا و دیکتاتۆریی ئەسەد کرد.

مەبەست لە سەردانەکەی لە بێرلین بەهێز کردنی پەیوەندییەکانی ئاڵمان و ئێرانە: ئێبتێکار لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری ژینگە- باربارا هێندریکس- هاوکاریی دوولایەنەیانی واژۆ کرد. ئاڵمان دەیهەوێت پشتگیری بکات لە ڕێکخراوەکانی پەیوەندیداری ئێرانی لە بواری پاراستنی ژینگە، باشترکردنی هەوا و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەوتی بەبیابان بوون.

بەپێی وتەی ماڵپەڕە ئێرانییەکان، شتاینمایر-وەزیری دەرەوە- لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئێبتێکار بە ماڵپەری خەبەریی مێهر نیوزی ئێرانی ڕاگەیاندبوو کە؛ ئەو بە نیازە کۆمپانیا ئاڵمانییەکان زیاتر هان بدات تا لە بازاڕەکانی ئێراندا بەشدار بن. ئاڵمان دەتوانێت زۆر زیاتر لە بواری وزە و کەرتی ژینگەدا یارمەتیدەر بێت.

کەرتی وزە بە توندوتۆڵی لە دەستی میلیشیاکانی گاردی شۆڕش دایە.

شتاینمایر جگە لەمەش – بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران- بەڵێنی دابوو، کە؛ ئەو کێشانەش کە لەگەڵ بانکەکاندا هەیە چارەسەریان بکات.

هەتاکوو ئێستاش زۆرێک لە دامەزراوە ماڵییەکانی ئورووپایی لەمەڕ هەبوونی بازرگانی لەگەڵ ئێران دوودڵن. لەبەر ئەوەی کە تەنانەت پاش ڕێکەوتنە ناوکیەکەش بەشێک لە ئابلۆقەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بۆنەی پاڵپشتیی ماڵی لە تێرۆر لەسەر جێی خۆیانن.

خوداوڕاسان شتاینمایر تەنها دوای ماوەییەکی کورت - کاتژمێر ١٨:٣٠ خولەک – ڕێوڕەسمی ٥٠ ساڵەی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە وەزارەتی دەرەوە کردەوە. لە وتارەکەیشیدا پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت کێشەکان دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەی لەسەرتاسەری جیهان مافی مرۆڤ پەێڕەو بکرێت.

ڕەخنەیەک لە چەندین لایەنەوە

لەسەر دیدار و چاوپێکەوتنی ئێرانیەکان لەگەڵ وەزیرەکانی –پارتی سووسیال دێموکراتی ئاڵمان- دەنگی ناڕەزایەتی و ڕەخنەکان بەرزکرانەوە. تووماس فایست-ئوێنەری پارلمانیی [ فیدراڵی] پارتی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمان و جێگری سەرۆکی لێژنەی گرووپی پارلمانی ئاڵمان-ئێران، لەو بوارەدا بە بیڵدی ڕاگەیاند: ئەمن لەسەر دیداری نێوان وەزیری دەرەوە شتاینمایر و وەزیری ژینگە خاتوون هێندریکس لەگەڵ ئێبتیکار-جێگری سەرۆک کۆماری ئێران- چەندین جار ڕەخنەم گرتووە.

بەهەمان شێوە ئەگەر پەیوەندییە ئابوورییەکان لە بواری پراکماتیکیشدا بە وردی گرنگ دەبن، ئەوە هیچ کەس بۆی نییە ڕێنوێنییە ئەخلاقییەکان وەلا بنێت، فایست دیسان دەڵێت : جێگرێکی سەرۆک کۆمار کە لە ئاخاوتنەکانیدا مەرگی ئێسرائیل جێی گرتووە و لە ساڵی ١٩٧٩ لە بەبارمتە گرتنی شارۆمەندانی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاشدا بەشداریی کردووە، بۆ دەوڵەتی ئێمە نابێ ببێتە هاودەم. مافی وڵاتی ئێسرائیل جێگای مشتومڕ نییە.

ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەم چاوپێکەوتنە لەگەڵ ئێبتێکار ناتوانێت هیچ شوێندانەرییەکی لەسەر کرانەوەی ڕێژیمی مەلاکاندا هەبێت، فایست وەک کارناسێکی ئێرانناس ئاماژە بەوەش دەکات کە: خاتوو ئێبتێکار دەتوانێ نێردراوی هەموو شتێک بێت، جگە لە گۆڕانێک لە ئێران. لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنی هاودەم دەبێت پیاو زیاتر وشیار بێت.
ئێمە چی دەبینین، بازرگانی لە ڕێگەی ماستاوگرتنەوەوە.

ئۆلریکا بێکێر لە یەکیەتی Stop the bomb بە بیڵد دەڵێت: دەوڵەتی ئێران تازە لە کاتی سەفەری گابریلدا هەمدیسان زۆر بە ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیلی سەلماندەوە. ئەوان لە سووریە شەڕێکی بێ‌ڕەحمانەی چاوەڕواننەکراو لەهەمبەر خەلکی سڤیل بەڕێوە دەبەن.

بەهێزکردنی ئابووری و سیاسەتی کاریی هاوبەش لەگەڵ تاران – واتە کارە هاوبەشەکانی دەوڵەتی فیدراڵ لەگەڵ تاران، وەکوو ئەوانەی ئەمڕۆ واژۆکردنەکەیان بەڕێوەچوو -بە گشتی دەبن بە هۆکاری بەهێز بوونی هەستی لەخۆبایی‌بوونی ئەم ڕێژیمە ئیسلامییە.

کارناسی ئێران، خاتوو ئۆلریکا بێکر: ئەمەی کە لەبەرچاوگیراوە، واتە ئەم جۆرە سیاسەتە، کە پێی وایە لە ڕێگای بازرگانی و تجارەتەوە دەتوانن گۆڕان پێکبهێنن، تەنها وەهمێکە. ئێمە چی دەبینین، بازرگانی لە ڕێگەی ماستاوگرتنەوە بۆ ڕێژیمێک کە هەست دەکرێت لەم ڕێگەیەوە سیاسەتی دژایەتی ئێسرائیل و پشتیوانی کردنیان لە گرووپگەلی تێروریستی و بەڕێوەبردنی شەڕێکی بێ‌بەزەییانەی ناوچەییان، شەرعییەتی پێدراوە. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە، هەر مەجالێک کە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر تاران بنیات نراوە لاواز دەبێت.

تێرۆریستەکان لە لووتکەی ڕێژیمی مەلاکاندان

پیشەی ژنە بارمتەگرەکە تەنها ئەو یەک حاڵەتە نییە، زۆرێک لە نوێنەرانی پلەبەرزی ئەم ڕێژیمە بۆخۆشیان پیشە و چالاکیی تێرۆریستییان هەبووە.

- لە ژێر دەسەڵاتداریەتی سەرۆک کۆماری پێشوو عەلی ئەکبەری هاشمیی ڕەفسەنجانی نەتەنها ناڕازیانی سیاسی و کەسانی سەر بە کەمینە ئایینی و مەزهەبیەکان بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ لەسێدارە دران، بەڵکوو لەهەمان کاتی سەرۆک کۆماریی ڕەفسەنجانییش‌دا هێرشە تێرۆریستییەکانی سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە بۆینێس ئایرێس لە ساڵی ١٩٩٢ و هێرش بۆ سەر سەنتەری جوولەکەکانی ئامیا بەڕێوەچووبوون.

- سەرۆک کۆماری ئێستا، حەسەن ڕۆحانی- کە زیاتر وەک میانەڕەو خۆی دەرخستووە- لە ساڵی ١٩٨٩ تا ٢٠٠٥ وەک سکرتێری شۆرای تەناهی نەتەوەیی بوو و لەوێش لانیکەم هەموو ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر سەنتەری کۆمەڵگەی جوولەکەکان لە بۆینێس ئایرێسی لەسەر شان بوو، هەر وەکوو قەتڵی میکونوس لە بێرلین و لە ١٧ سێپتامبری ١٩٩٢ کە لە لایەن کۆمەڵێک کۆماندۆی قاتڵی ڕاسپاردەی حکوومەتی ئێرانەوە، لە ناوچەیەکی بێرلیندا چوار سیاسەتمەداری کوردیان تێرۆر کرد.

- بەهەمان شێوە وەزیری ئابووریی ئێستا، عەلی تەیب نیا، ئەویش بۆ خۆی چالاکیی تێرۆریستی هەبووە: ئەو بەهەمان شێوە یەک لە بارمتەگرەکانی باڵوێزخانەی ئامریکا بوو لە ساڵی ١٩٧٩دا. زیگما گابریێل جێگری ڕاوێژکار (لە پارتی سووسیال دێموکراتی ئاڵمان) لە دوایین دیداری خۆی لە تاران چاوی بە عەلی تەیب نیا کەوتبوو.

مەعسوومە ئێبتێکار کێیە؟

جێگری سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بەشێک بوو لە بەبارمتە گرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩دا. تێرۆریستە ئێرانییەکان لە ٤ی نوامبری ١٩٧٩هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەکە و ٥٢ شارۆمەندی ئەمریکاییان وەک بارمتە بەدەستەوە گرت. ئەم بارمتەگیرییە دوای وتووێژەکان لە ٢٠ی ژانویەی ١٩٨١ کۆتایی پێهات.

ئێبتێکار لە سەردەمێکدا کە باوکی لە ئامریکا سەرقاڵی خوێندن بوو، ئەویش چەندین ساڵ لە ژیانی منداڵیی خۆی لە ئامریکا بردە سەر و هەر بۆیە زۆر بە باشی دەتوانێت ئینگلیسیەکی پاراو قسە بکات.

هەر بەم هۆکارە، ئەو توانی وەک وتەبێژی بارمتەگیرەکان دەربکەوێت و داخوازییەکانیان لەهەمبەر ئامریکا باس بکات.
لەوکاتەدا ئیسلامییەکان باسیان لەوە دەکرد کە ئەو ، خۆی بەفەرمی ئامادەبوونی خۆی بۆ هەڵگرتنی چەک دەڕبڕیبوو و هاوکاتیش بارەمتەیەکیشی دەستنیشان کردبوو بۆ کوشتن.

دانوستان و بازار پاڵپشتیی دارایی لە تێرۆریش بەدوای خۆیدا دێنێت.

کارناسانی ئێرانناس دەمێکە ڕەخنە لە بازرگانیی کۆمپانیا ئاڵمانییەکان لەگەڵ ئێران دەگرن. لەبەر ئەوەی کە ئەم پارەیە پەرە بە هێز و دەسەڵاتی ڕێژیم دەدات، ڕێژیمێک کە شارۆمەندانی خۆی سەرکوت دەکات و دەیانکوژێت، لە ناوچەکەدا پاڵپشتی تێرۆرە و مەترسییەکە بۆ نانەوەی پشێوی.

ئێمانۆئیل ئۆتۆلێنگی، شرۆفەکار ئەم هۆشدارەی بە بیڵد دا: بۆ نموونە دروستکردنی پردێک لە ئێران دەتوانێت لە حاڵەتێکی سروشتی و ئاساییدا و بەم شێوە ڕێکارانە بەهرە و دەسکەوتی بۆ ئێرانییەکان هەبێت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هاوکات دەکرێ ببێتە هۆی سپی کردنەوەی پارە بۆ ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانیش.

ئەمە وەکوو ڕێستوران یان هۆتێلێکە، کە لەدەستی مافیاکاندا بێت. ئەگەر پیاو پارەکەی تەنانەت بە ڕواڵەتیش بۆ خواردن و سرویسی خەرج بکات، بەڵام لە کۆتاییدا ئەو پارەیە بۆ کۆمەڵێک مەبەستی چەوت و نفرین لێ‌کراو بەکار دێت.

نزیک بە ٨٠ لە سەدی ئابووریی ئێران لە دەستی مەلاکانی ڕێژیمدایە.

هەمووی بەشە گرنگەکانی- بیناسازی، هێڵەکانی پەیوەندی گرتن(مخابرات)، هێڵەکانی گواستنەوە و بە هەمان شێوەش کەرتی وزە- لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیاکاندان، ئەو کۆمپانیایانەی کە یان لە ژێر دەسەڵاتی چەپەڵی سپای پاسداراندان یان لە دەستی ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێبەری ئێران، ئایەتوڵڵا خامنەیی دان.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە