کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکرات کۆچی دوایی کرد

12:18 - 19 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی سوورخەڵات لە شاری پیرانشار، بۆ هەمیشە دڵی لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، دایە سەیدزادە "فاتمە بەرزەنجی" کچی "محەممەد سەعید"، خەڵکی گوندی "قەڵاتەڕەشی" ناوچەی پیرانی پیرانشار لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

دایە فاتمە، ژنێکی ڕووخۆش و جێگای باوەڕی خەڵکی ناوچەی پیران بوو و بە شانازییەوە باسی لەوە دەکرد، کە کوڕێکی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

"مستەفا سەلیمی" کوڕی دایە فاتمە، لە شەڕێکی قورس و حەماسی کە بە شەڕی "شێناوێ" بەناوبانگە لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی، لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی دیکەی حیزبدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.

هەروەها کوڕێکی دیکەی دایە فاتمە بە ناوی "ڕەسووڵ سەلیمی" ناسراو بە "ڕەسووڵ دۆنەخۆر‌" هەتا ئێستا هەر لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە.

تەرمی دایە فاتمه لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.