کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دراوی بیانی، هەڵوێستی حکومەت، ناڕەزایەتی خەڵک

18:14 - 6 پووشپەڕ 2718

خالید دەرویژە

چوونەسەری بەهای دۆلار لە بازاڕی ئازادی تاران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە تۆمار کردنی ژمارەی پێوانەیی خۆی بە سنووری ٩ هەزارتمەن بۆ هەر دۆلارێک گەیشت.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار سەرەتا، ناڕەزایەتی فرۆشیارانی مۆبایلی بە دوای خۆیدا هێنا و ٣ی پووشپەڕ، دووکاندارانی دوو بازاری سەرەکی لە تاران، پاساژی "علاءالدین" و "چهارسو"، دووکانەکانیان داخست و خۆپێشاندانیان ڕێک خست.

بەرپرسانی حکومەتی بە ئامانجی هێورکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک بە دانی کۆمەڵێک داتا و زانیاری نادروست وەک ڕەوشتی هەمیشەییان، ئەم جارە لە لایەن وەزارەتی پێوەندییەکان ڕایگەیاند کە بە میلیۆنان دۆلاری بە بەهای ٤٢٠٠ تمەن بۆ هەر دۆلارێک، بە هاوردەکەرانی مۆبایل تەرخان کردووە.

ئەم لێدوانە نادروست و بێ بنەمایەی حکومەت بە زووترین کات و لە ئاستێکی بەرفراواندا لە لایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەقاو درا و گشتگیرتربوونی خۆپیشاندانەکانی لێکەوتەوە، بە شێوەیەک کە ڕۆژی دواتر ژمارەیەکی زیاتر لە بازاڕییان و کاسبکاران بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان ڕژانە سەر شەقام و دروشمی جۆراوجۆریان دژ بە تەواوییەتی ڕێژیم گووتەوە.

دەستپێکردنەوەی ئەم خۆپیشاندانانە، وەک دژکردەوەیەک درێژەی زنجیرە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە لە بەرامبەر دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیک، نابەرپرسانە و دژەگەلی کۆماری ئیسلامی.

ئەزموونی چل ساڵ حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی، لە گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامی ئازادیخوازان، لە گەروو خەفەکردنی دەنگی جیابیران، ناخەڵکی بوون و خەڵک بەکەم زانین، برسی ڕاگرتنی خەڵک بە نرخی ناردنی بە میلیۆنان دۆلار بۆ حیزبوڵڵا و حووسییەکان و پشتیوانی لە تێرۆر و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتان و هتد ، ئەگەر لە لایەک پەراوێزخستنی زیاتری ئێرانی لە کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بەدواوە بووە، لە لایەکی ترەوە، کەم نییە کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران فریوی دروشمە پڕزریقە و بریقەدارە بێ کردەوە لەمێژینەییەکانی کۆماری ئیسلامی بخۆن.

خەڵک ئەمڕۆ باش لەوە تێگەیشتوون کە ئەملاوئەولا، ئەم سیاسەت و ئەو سیاسەتە، نەتەنیا دراوی نەوتی نەهێناوەتە سەرسفرەکانیان بەڵکوو بە کردەوە و بەڕوونی سفرەیەکی خاڵی لە بەرامبەر خۆیاندا دەبینن.

خەڵک ئەمڕۆ باش لەوە تێگەیشتوون کە ئەوەی لێزان و تێکنۆکرات بێ و کاری لەدەست بێ، لە حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا جێگەی نابێتەوە.

بانکی ناوەندی کە دەبێ کۆنترۆڵی بازاڕی دراوی بیانی بەو ئاراستەدا بکات، کە دۆلار بە هۆی داواکاری زۆر لە بازاڕ کەم دەبێت و نرخی بەرەو هەڵکشان دەڕوا، دۆلار بڕژێنێتە بازاڕ (وبە پێچەوانەوە کە مەجالی باسی نییە)بە هۆی لێنەزانی و بوونی دەسەڵاتی سێبەر و کاراتربوونی هێندێک بانکی وڵامنەدەر سەر بە سپا و بەیتی ڕەهبەری، بە کردەوە هیچ دەسەڵاتێکی بە سەر بازاڕدا نەماوە و دابەزینی بەهای تمەن، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پێشوو، ئاکامی نەبوونی وەها کاریگەرییەکە.

هەڵسەنگاندنی چوونە سەری بەهای دۆلار لە مەبلەغی ٣٧٥٠ تمەن بۆ هەر دۆلارێک لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی بۆ نیزیک بە ٩٠٠٠ تمەن لە کۆتایی وەرزی بەهاری  ٩٧ی هەتاوی، واتە شتێک کەمتر لە ٣ بەرابەر، ئەوپەڕی شپرزەیی و داڕمانی ئابووریی ئێران دێتە ئەژمار.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئابووری و سیاسەت پێوەندیەکی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە هەیە و سیاسەتی دروست و واقعبینانە و لۆژیکی لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی، پێشمەرجی بووژانەوەی ئابوورییە، یا بە واتایەکی تر گەشەی ئابووری لە ڕاستەڕێگەی گەشەی سیاسییەوە تێپەڕدەبێ، بە بوونی کۆماری ئیسلامی ئەگەر بڵێین خەڵک ڕۆژبەڕۆژ حەسرەتی ڕۆژی پێشووتر دەخۆن و خۆزگەی بۆ دەخوازن زێدەبێژیمان نەکردووە، بە بوونی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا گەیشتن بە وەها گرینگییەک(گەشەی ئابووری)دەستەبەر نابێ بەڵکوو دوورە لە چاوەڕوانی .

لە کۆتاییدا ماوە بڵێین، هەڵوێست و کردەوەی کۆمەڵگا فاکتەری یەکلاکەرەوەیە، کە ئایا بینەری  ڕۆژلەدوای ڕۆژ خراپتر بوونی گووزەرانی خۆیان دەبن؟ یان قۆڵی هیممەتی لێ هەڵدەماڵن و بە یەکجاری و بۆ هەمیشە کۆتایی بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە و هەموو قەیرانەکان کە تەنیا و تەنیا دەسەڵاتی ئیدئۆلوژیک و دژەگەلی کۆماری ئیسلامییە دێنن؟