کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دواڕەوشی ژیان لە کوردستان

18:01 - 2 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بارودۆخی ژیان لە کوردستانی ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و وەک هاووڵاتیانی کوردستان دەڵێن هیچ کەسێک خۆی بە بەرپرسیار لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا نازانێ.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا بە زووم خستنە سەر دوانرخی کەلوپەلەکان لە بازاڕی شاری سەقز ڕایگەیاندووە کە دۆخی شپڕێوی ئابووری لەم شارە کارێکی کردووە کە تەنانەت کلینیکە دەرمانییەکانیشی گرتۆتەوە.

لێرەدا نرخی بەشێک لە پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک و گران بوونەوەیان بەبەراورد لەگەڵ پازدە ڕۆژی ڕابردوو دەخەینە بەر چاوتان:

هەر کیلۆ ئاڵماتۆڕ ٤٠٠٠ تمەن، هەر گرەم تەڵا ٣٠٥٠٠٠ تمەن، مریشک لەم پازدە ڕۆژەدا کیلۆی لە ٧٥٠٠ تمەنەوە بووە بە ٨٥٠٠تمەن، مریشکی زیندوو لە ٥٤٠٠ تمەنەوە بووە بە ٦٧٠٠ تمەن، پاککەرەوەکانی وەک تاید و ڕیکا و سابوونی مایع لەم پازدە ڕۆژەدا زیاتر لە سی لە سەد گران بوون بۆنمونە مایعی دەستشویی لە ١٤٠٠٠ تمەنەوە بووە بە ٢٢٠٠٠ تمەن ، تاییت سپیدی ٣ لە کارتۆنی ٤٣٠٠٠ تمەنەوە بووە بە ٥٨٠٠٠تمەن، ڕۆنی جامد پوتی لە ٧٥٠٠٠ تمەنەوە بۆ ٨٥٠٠٠و ٩٠٠٠٠ هەڵگشاوە.

هەروەها نرخی هەر دۆلاری ئەمریکیش دوێنێ ئێوارە لە سەقز بریتی بووە لە ٩٢٦٠ تمەن.

بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا میوەکان لەم پازدە ڕۆژەی ڕابردوودا یان نرخەکانیان سابت ماوە یان ٥تا ١٠ لە سەد گران بوون؛ بازاڕی زۆربەی ئەو شتانە کە ئەولەوییەتی ژیان نین تووشی هەڵاوسانێک بووە کە لەوە ناچێ تازە گیانی پێدا بێتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بە هۆی گرانی لە ڕادەبەدەری دەواو دەرمان زۆربەی ئازمایشگا و داروخانە و بیمارستانەکان و مەتەبەکان لە چاو پازدە ڕۆژ لەمەو پێش چۆڵتر دەردەکەون و تەنانەت هەندێکیان بەناچاری دایانخستووە بۆ نمونە کلینیکی سینا لە شاری سەقز هەر بە هۆی کەمبوونی مشتەریەوە بە یەکجاری کۆکرایەوە !

لە کۆتاییشدا هەواڵنێری کوردستان میدیا دەڵێ: ئەمە بڕگەیێکی زۆر بچووکی وەزعی ژیان و گوزەرانی هەشتا میلیۆن زیندانی جوغڕافیای ئێرانە.