کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو حیزبی بەناو دێموکرات بە ئاشکرا دژایەتی نەتەوەکانی ئێران دەکەن

18:48 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دوو حیزبی بەناو دێموکرات بەڵام لە نێوەڕۆکدا دژ بە نەتەوەکانی ئێران کە ژێستی ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕێژیمی تارانیان بەخۆوە گرتووە لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا و بە بیانووی هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناخی دژبەرانەی خۆیان بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران خستە ڕوو.

"حیزبی مەشرووتەی ئێران" و "حیزبی سێکۆلار دێموکراتی ئێرانییەکان" لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا کە لێوانلێوە لە ڕق و قینی پەنگخواردوو بەرامبەر بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت گەلی خەباتکاری کورد، هێرشێکی ناڕەوایان کردووەتە سەر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەتایبەت لێپرسراوی گشتیی حیزب.

دوابەدوای ئەوەیکە بەڕێز مستەفا هیجری لەسەر داوای فەرمی واشنگتۆن سەردانی وڵاتی ئامریکای کرد و لەگەڵ کۆمەڵێک تینک‌تانکی گرینگی ئەم وڵاتە و چەند نیهادی حکومەتی ئامریکا کۆبوویەوە و لەسەر پرسی ئێران، داهاتووی ئێران پاش ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چارەنووسی کورد و باقی نەتەوەکانی ئێران ئاڵوگۆڕی بیروڕای کرد، لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنە سەرانسەرییەکان کە ئیددعای دژبەربوونی کۆماری ئیسلامی دەکەن بەهەمان ڕوانینی ئێستای تارانەوە لەبەرامبەر قسەکانی بەڕێز هیجری جووڵانەوە و هێرش و پەلامارێکی ناڕەوایان کردووەتە سەر کورد و کوردستان.

لەم ڕاگەیەندراوەدا جارێکی دیکە کەڵک لە دەستەواژەی سواوی "قەوم و تیرە" بۆ نەتەوەکانی ئێران وەرگیراوە و هەوڵ دراوە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی نەتەوەی زاڵ جارێکی دیکە بورووژێنرێت و لەدژی نەتەوەکانی ئێران کەڵکاژۆیان لێوەر بگیرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا قسەکانی بەڕێز مستەفا هیجری لەپێوەندی لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسین بە پیلانێک لە دژی ئێران ناو براوە کە گوایە مەبەستی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی جوغرافیای ئێرانە و بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە نەتەوە بوونی کورد و باقی گەلانی ئێران دەکەن.

ئەوەیکە ڕوونە ئەو لایەنانە کە ئەم ڕاگەیەندراوەیان واژۆ کردووە، لەباری تێڕوانین و بیرکردنەوە بەرانبەر بە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانی هەنووکەیی، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای تاران هیچ جیاوازییەکی نییە و تەنیا ویستی ئەوان زاڵ بوونی خۆیانە بەسەر ئێران و نەتەوەکانیدا؛ لەم ڕاستایەشدا هەوڵ دەدەن لایەنی ئێحساسی فارسەکان بورووژێنن و لەم هەلومەرجەدا کە ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی تاران بەهێزتر بووە هەوڵ دەدەن پێش بە ئەم ڕووداوە مێژووییە بگرن.