کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوکتور عەلیار: بەرپرسانی پارتی و یەکیەتیی لەسەر قایمتر لەباوەش‌گرتن و توندتر ماچ‌کردنی سەحراڕوودی کێبڕکێیان دانابوو

21:04 - 10 بەفرانبار 2714

کوردستان میدیا: تیشک تی‌ڤی، سەبارەت بە هاتنی هەیئەتی رێژیمی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ، دوکتور مێرۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات پێک هێنا.

دەقی تەواوی ئەم وتووێژە بەم چەشنەیە:

تیشک: ئێوە وەک حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێتان ناخۆشە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران پەیوەندی هەبێت و ئایا ئەگەر ئێوە پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتتان پێ شتێکی ئاساییە بۆچی ئەوەیکە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن حەساسیەت لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات و چالاکانی سیاسی دروست دەبێت؟

عەلیار: هەر لە سەرەتاوە ئەوەت عەرز بکەم کە ئێمە نەک هەر پێمان ناخۆش نیە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی جیهانی و ناوچەکە پەیودەندیی سالم هاوتەرازی هەبێت، بەڵکوو بە شانازی دەزانین و بە دەستکەوتێکی گەورەی دەزانیین ئەگەر ئەو پەیوەندییانە لە رێی ئوسوولەوە بێت و تێیاندا پێوەرە نێودەوڵەتییە دیمپلوماتییەکان لە بەر چاو بگیردرێت، هیچ قسەی تێدا نییە پێمان ناخۆش نییە و هەمیشە ئەوەشمان گوتووە هەرێمی کوردستان بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانین و هەر ئەندازە هەرێمـی کوردستان لە بواری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بچیتە پێش پێمان خۆشە و بە سەرکەوتنی خۆمانی دەزانین .

تیشک: کاک مێرو باسی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەکەی زۆر کەس کە باس لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن دەڵێن بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە فیدای دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان چین کە بە قەولی ئەو کەسانە کە دەبێ بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان قوربانی ئەو دەستکەوتانە بکرێت؟

عەلیار: ئەمن زۆر لەگەڵ ئەوە نیم کە مەسەلەی کوردستانی ئێران قوربانی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کرابێت، ئەگەر ئەوەش کرابێت، ئەگەر ئێمە لە موازعی خۆماندا جاری وابێ پاشەکشەمان کردبێت بۆ ئەوەی بووە کە مەسڵەحەت و بەرژەوەندیی کوردستان بپارێزرێت؛ ئەگەر ئێمە پێشمەرگەمان ناردبێتە بەرەکانی شەڕ فیداکاریمان کردووە خەڵکی کوردستانی ئێران هاوبەستەگی هاوپەیوەندێکی زۆر نزیکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشان داوە ئێمە نەک هەر لێی پەشیمان نین بەڵکوو بە شانازییەوە باسی دەکەین و ئەو هەڵوێستەی ئێمە وەک شانازییەک باسی لێ دەکرێت وەک هەڵوێستێکی نەتەوەیی و لە داهاتووشدا ئێمە ئەم سیاسەتە درێژە پێدەدەین بەڵام هەر وەک بۆخۆت ئاماژەت پێ فەرموو ئەوەی ئێمە گلەییمان لێی هەیە و رەخنەمان لێی هەیە چۆنیەتی بەرخورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیە، چۆنیەتی وەرگرتنی ئەوە هەیئەتەی کۆماری ئیسلامیە و بەتایبەت پێکهاتەی ئەو هەئیەتەی کۆماری ئیسلامییە، ئەوە، ئەو سەفەرە بەتایبەتی، ئیدی هەموو سنوورەکانی دییپلۆماسی و نازانم سیاسی و پەیوەندییە نێودەڵەتەکانی بەزاند؛ شتەکە مەسەلەکە هێندە نزم بووە یانی هەرێمی کوردستان بەو پێشوازیە عجایب و غرایبە و کە لە قاتڵی نەمر دوکتور قاسملووی کرد ...

تیشک: کاک میرۆ دێنە سەر ئەو باسی پێشوازیی بەرپرسانی باشووری کوردستان لە سەحراروودیش؛ باسی شەڕێ داعشت کرد کە ئێوە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشمەرگەتان بۆ شەڕی داعش نارد ئەو کاتە کە داعش لەوپەڕی قودرەتدا بوو نزیک بوو پایتەختی هەرێمی کوردستان هەولێر داگیر بکەن، لە سەر داوای حکوومەتی هەرێمی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشمەرگە رەوانەی شەڕ دەکات بەڵام دوای ماوەیەک پێشمەرگەکان دەنێرنەوە کە ئەوە بۆخۆی جێگای پرسیارە و هەر لە حزووری مەسعود بارزانییەوە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ئەو حیزبە کوردییانە بە تێرۆریست ناو دەبات ئێوە دەڵێن گلەیی دەکەن ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەو شەترەنجە سیاسییە ناتوانن کایە بکەن لاوازن، لێرە بەو شێوە حیسابیان لەگەڵ دەکەن زۆر بە لاوازی چاویان لێ دەکەن ئەوە هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە سەر چی؟ ئەمە سووکایەتی نییە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؟

عەلیار: راست دەبێ ئەوت عەرز بکەم که ئێمە لەوە پەشیمان نین کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پێشـمەرگەی هێزەکانی دیکە ئامادەیی خۆیان راگەیاندووە بچنە بەرەکانی شەڕ دژی داعش و بۆ پاراستنی هەرێم و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستانی باشوور لەوە پەشیمان نین و ئەرکی نەتەوەییە ئەوەی دەفەرمووی کە محەممەد جەواد زەریف هاتووەتە ئێرە و لە کۆبوونەوەدا چی کوتوە نابێ ئەو پرسیارە لە من بکەی دەبێ لە بەڕێز کاک مەسعوود و لە بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکرێت کە چۆن هاوپەیمانی تۆ بە تێرۆریست ناو دەبردرێ؟ ئەساسەن کۆماری ئیسلامی موشکیلەکە راست لێرەدایە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی هاوسەتح و هاوتەریبدا رەفتار ناکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان؛ ئەتۆ ئاماژەت کرد بە هاتنی لاریجانی، هەتا سێ مانگ لەوە پێش ئەوەندەی من لە بیرم بێت کە محەممەد جەوادی زەریف لە مانگی خەرمانداندا هاتە ئێرە و سەردانی ئێرەی کرد و ئێستاش لاریجانی، پێش ئەوە پەیوەندیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەمیشە لە رێگای سپای پاسداران و رێگای دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە بووە، یانێ هیچ حورمەت و رێزێکی سیاسی و دیپلۆماتیکی واقعەن بۆ هەرێمی کوردستان دانەناوە مەسەلەکە ئەوەیە یانێ ئەوەی ئێمە گلەییمان هەیە دەڵێین ئاستەکە بپارێزرێت، ئاستەکە ناپارێزرێت بێ حورمەتی دەکرێت بە خەبات و تێکۆشانی بە رابردووی ١٠ ملیۆن ١١ ملیۆن کوردی ئێرانی ئەوانە ئێمە پێی قەڵسین و پێی ناڕاحەتین.

تیشک: پرسیارەکە ئەوەیە ئایا بزوتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لاواز نەبووە کە لێرە بەو شێوەیە سەیری دەکەن لە باشووری کوردستان؟!

عەلیار: ئەوە خۆ راستە ئەوەیکە هێزەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لاواز بوون یا بەداخەوە زۆر بەداخەوە یەکگرتوویی و یەکیەتییەکیان لە بەیندا نییە و یەک‌هەڵوێست نین، ئەوانە خۆ زەربەی زۆری لێداوین راستە بەڵام ئایا لە دەوران‌گەلێکی جۆراوجۆردا خودی پارتی و یەکیەتی ئەوەیان بەسەر نەهاتووە؟! ئاوارە نەبوون؟! دەربەدەر نەبوون؟! زەعیف و لاواز نەبوون؟! روویان نەکردووەتە رۆژهەڵاتی کوردستان؟! و ئایا ئەو کاتە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاوایان رەفتار دەکرد لەگەڵ ئەوان؟! (تیشک: ئاوارەبوونە بەڵام ئێستاش هەر سپاسی کۆماری ئیسلامی دەکەن دەڵێن ئەوە بە هانای ئێمە هاتووە)

تیشک: کاک میرۆ پێچەوانەی عورفی دێپلۆماسی ئەو هەیئەتەی ئێران کە بەشێوەی رەسمی دێنە باشووری کوردستان مەعمووڵەن دەبێ سەردانی پایتەختیان کردبایە، دەچنە سلێمانی لای جەلال تاڵەبانی دوایە دێنە لای بارزانی لەوێ پێشوازیان لێ دەکرێ ئەوە بە مانای چییە ئەوە نیشانەی ئەوە نییە کە هەرێم بە رەسمییەت ناناسن و وەکوو حیزب سەردانیان دەکەن؟

عەلیار: ئەوە تۆ ئاماژە دەکەی بە یەکێک لە ئامانجەکانی سەفەری لاریجانی ئەویش نانەوەی دووبەرەکێیە، خۆشکردنی ناکۆکی و خۆشکردنی شەڕ و کێشە لە نێوان هێزەکانی کوردستانی باشووردا بە درێژایی مێژووی رێژیمی ئێران گەورەترین قازانجی لە ناتەبایی و ناکۆکی نیو هێزەکانی باشوور کوردستان کردووە هەمیشە و دایم شەڕی لە نێوانیاندا ساز کردووه، هەمیشە کێشە ناتەبایی لە بەیندا ساز کردوون، جاری وا بووە شەڕی براکوژی لە بەیندا ساز کردوون، چەک و پارەشی داوەتە هەردوو لایەن بۆ ئەوەی بە دژی یەکدی بەکاری بێنن نەوەکوو خودای ناخواستە ئەوانە لە شەڕی براکوژی ماندوو بن و بەداخی گرانەوە دەتوانم ئەوەی بڵێم بەراستی پێم ناخۆشە ئەوەی دەڵێم بەڵام ناچارم ئەویش ئەوەیە کە لە بەعزە لایەنێکدا هەرێمی کوردستان بۆ لەنێو بردنی یەکتر بۆ سەرکەوتن بە سەر یەکدا ئەوەندە بۆ رێژیمی ئێران تێک شکاون کە ئیتر وەک حیزبی سیاسی نەهاتوونە بەرچاو، ئیتر وای لێهاتووە هەموو سەربەخۆیی خۆیان لە دەست داوە یانی بە قەوڵی کوردەواری خۆمان جڵەوی خۆیان داوەتە دەستی کۆماری ئیسلامی، بۆیان دیاری دەکات چ بلێن، بۆیان دیاری دەکات چۆن سیاسەت بکەن، بۆیان دیاری دەکات چۆن بجوڵێنەوە.
دۆینێ شەو ئەمەن لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەم دەکرد کە رەفیقمە و لە مێژە رەفیقین ٢٠ ـ ٣٠ ساڵە دەیناسم، خەڵکی کوردستانی باشوورە، بەرپرس نییە بەڵام زۆر ئاگای لە کاروباری سیاسییە، ئەو مەسەلەیەم لەگەڵ باس دەکرد قسەیەکی زۆر جالبی باس دەکرد، دەیگوت ئەمن ئاگام لێیە کۆماری ئیسلامی کە ئەو هەیئەتەی ناردووە، ئەسڵەن بۆی نووسیون کە ئاوا بکەن و ئاوا رەفتار بکەن و ئاوا پێشوازی لە ئێمە بکەن دەنا ئێمە نایەین یانی تۆ تەسەوۆر بکە ئەتۆیەکی کە بۆ خۆت حکوومەتێکت هەیە بۆ خۆت هەرێمێکی، بۆخۆت رەوابتی دیپلۆماتیکت هەیە لە سەتح نێودەوڵەتیدا مەسەلەی کورد ئاوا مەتڕەحە ئاوا بەرز بووەتەوە و قەدر و قیمەتی هەرێمی کوردستان ئاوا چووەتە سەرێ، وەختێکی خۆت ئاوا زەلیل دەکەی مەسەلەن دێنی فەرشی سوور رادەخەی بۆ (تیشک: پێویست دەکا ئاوا خۆ زەلیل بکەن؟!) نە نە ئەبەدا، خۆت ئاوا زەلیل دەکەی خۆت ئاوا بە دەستەوە دەدەی بۆ کۆماری ئیسلامی کە قاتڵی دوکتور قاسملوو کە یەکێک لە گەورەترین رێبەرانی کوردە، بێنی فەرشی سووری بۆ رابخەی یەک شت پێم خۆشە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم زۆر سەیرە، گەورەترین هەدەفی کۆماری ئیسلامی لە ٣٥ ساڵی رابردوو لە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا یەک شت بووە ئەویش تەحقیر و سووکایەتی کردن بە هەرێمی کوردستانە بەر لەوەی بە ١٠ ملیۆن کوردی ئێرانی بێت (٣٥ ساڵە یا لە دوای راپەڕینەوە) بەتایبەتی ئا لە ٣٥ ساڵی رابردووشدا هەر وا بووە هەر موزعی کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر هەرێمی کوردستاندا هەمیشە تەحقیری رێبەرەکان بووە، دەیهەوێ وایان لێبکات کە هیچ هێمایەک و هیچ سنوورێکی نەتەوەیی ئیدی پیرۆزی نەمێنێ، راستە دوکتور قاسملوو رێبەرێکی گەورەی کوردستانی ئێران بووە بەڵام رێبەرێکی کورد بووە ئێمە مەگەر باس لەوە ناکەین کە کورد یەک نەتەوەیە یەک وڵاتە باس لە خەباتی نەتەوەیی و نازانم لە ستراتیژیی نەتەوەیی و لەو جۆرە شتانە ناکەین ببوورە با ئەوش بڵێم چوونکە زۆر لەسەر دڵم گرانە ئەو تەحقیر کردنەی هەرێمی کوردستان، رێبەرانی کوردی وا تەحقیر و دەستەمۆ کردووە ئیدی هیچ ئەو سنوورانە رەنگی نەمێنێت، ئەو سنوورانە گرینگ نەبن، جنێو بە رێبەرەکان بدا، جنێو بە خوێنی شەهیدان بدا، بێ حورمەتی بە خوێنی شەهیدان بکرێت، دەنا ئەفسەرێکی سپای پاسداران کە قاتڵە کە دەزگای قەزایی وڵاتێکی حقوقی وڵاتێکی دێموکراتیک حوکمی دەستبەسەرکردنی داوە و لێی دەگەڕێ بۆ ئەوەی رادەستی دادگای بکات، ئەتۆ دەیهێنی فەرشی سووری بۆ رادەخەی ئیدی ئەوە لە عورفی دیپلۆماتیک دەچێتە دەرێ، جا سەیرەکەی ئەوەیە لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە لەو سەردانەدا زۆر شتی سەمبۆلیک هەیە کە مەبەستە شاراوەکان دیاری دەکات، وایان هێنابوون جارێ ئەوەڵەن ئەو هەیئەتەی کە لەگەڵ لاریجانی سەردانی لوبنان و سەردانی سووریە و بەغدای کرد ئەو هەیئەتە نەهاتە کوردستان، بەپێچەوانە کەسێکیان دانا کە قاتڵی دوکتور قاسملوویە، پاشان لە عەکس هەڵگرتن و لە ماچ و مووچ و نازانم لە باوەش گرتن و ئەوانە و لە وەپێش خستن و فەرشی سوور راخستنەکە زۆر جاران ئەتۆ وەک بینەر هەستت دەکرد ئەو سەرۆکی هەیئەتی ئێرانییە نەک لاریجانی، هەستت دەکرد لاریجانی سەرۆکی دەفتەری سەحراروودیە (تیشک: دێنەی سەر ئەو شتانەش ئەو فەرشە سوورەکەی فڕۆکەخانەی هەولێر کە دەچێتە مێژووی بەشیکی لە ئەمانە کە کۆماری ئیسلامییە) ئەوە تەحقیرە.

تیشک: بەڵێ، کاک میرۆ باسی تەحقیر دەکەن، سەحراروودی لە مێژوودا قەت بە ئەندازەی ئەمجارە لە رسانەکانی ئێراندا باسی لێوە نەکراوە تەماشا دەکەی حیزبەکانی رۆژهەڵات پێشمەرگە دەنێرنە بەرەی شەڕ، هەر ئێستا بە دەیان لاوی رۆژهەڵات خۆبەخش لە کەرکووک و شنگال خەریکی شەڕ لەگەڵ داعشن بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان، سەحرارودیش مەعلوومە نەفەری یەکەم بووە لە هەیئەتی وتووێژەکە لەگەڵ دوکتور قاسملوو، کەسێک کە موستەقیم تەقە لە دوکتور قاسملوو دەکات، لە هەولێر فەرشی سووری بۆ رادەخەن ئێوە وەکوو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تا کەی ئەو سووکایەتی پێکردنە قەبووڵ دەکەن ئایا جوغرافیای ئەو حیزبانە، یەک‌نەگرتن لە نێوانیان نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بە چاوی سووک چاو لە بزووتنەوەی رۆژهەڵات کوردستان بکەن؟

عەلیار: عەرزت بکەم، زۆر سپاست دەکەم کە ئاماژەت بە ئامانجی دووهەمی سەفەرەکەی لاریجانی کرد کە ئەویش دووبەرەکێ ساز کردن و ناکۆکی ساز کردن لە بەینی کوردی رۆژهەڵات و کوردی باشوورە، مەسەلەن ئەوی هەر ئەوەی من بیستم کە دەڵێ ئەو خانەی میللەت ئەو وێنانەی لەو سەردانە کێشاویەتی تەقریبەن بەشی زۆری ماچ و مووچ و لە باوەش گرتنی رێبەرانی حیزبە سیاسییەکان و هەرێمی کوردستانە لەگەڵ سەحراڕوودی نەک لەگەڵ لاریجانی، لەوەدا هەدەف ئەوەیە کە بە کوردی ئێران بڵێت، ئەتۆیەکی کە خۆت حازری فیداکاری بکەی بۆ باشووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بپارێزی و بە دەستکەوتی مێژوویی خۆت بزانی، حازری خۆتی بۆ فیدا بکەی حازری پێشمەرگەی خۆتی بۆ بنێری حازری لێرەداا سەرەڕای زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی، هاوپەیوەندی و هاوبەستگی خۆت لەگەڵ کوردی هەرێمی باشوور نیشان بدەی، فەرموو ئەوە قاتڵی قاسملوو، ئێمە چووینە قاسملوومان کوشتووە، تێرۆرمان کردووە، شەهیدمان کردووە ئەوەتا ئەوان ئاوا رەفتار دەکەن ئێوە دەڵێن چی؟! مەبەست ئەوەیە کە کوردەکە بە دژی یەکتر بەشەڕدا بدات، چوونکە کۆماری ئیسلامی لەو هاوپەیوەندی و هاوبەستەگیەی کە دوای هێرشی داعش بۆ هەرێمی کوردستان و کوردستانی رۆژئاوا کردی و لە بەینی کوردەکان ئەو هەم بەستەگیە دروست بوو بەراستی تۆقی، ئەتۆ تەمەشا بکە پێشمەرگەی کوردی ئێران ئامادەی فیداکاری گیانبەخت کردنە لە هەرێم، پێشمەرگەی هەرێم دەچێ گیان بەخت دەکا لە کۆبانێ شەرڤان و گەریلای رۆژئاوا دێن لێرە گیان بەخت دەکەن، پاشان تۆ تەماشا بکە ئەو سێڵاوەی هاوبەستگی و هاوپەیوەندییەی کە خەڵکی بەشەکانی کوردستان لەگەڵ یەک نیشانیان دا ئەوە کۆماری ئیسلامی تۆقاند هەر لە خودی کوردستانی ئێران بەتایبەتی لە چەند رۆژی رابردوودا ئەوەیکە بۆ یەکەم جار لانیکەم بەو شێوەیە زیندانیە سیاسییەکانی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە کە مانیان گرت لە خواردن و بەراستی قارەمانیەتی و خۆڕاگریان نیشان دا، هەر لێرەوە دەمهەوێ سڵاویان بۆ بنێرم، رێزیان لێ بگرم چوونکە کۆماری ئیسلامیان بە چۆک داهێنا، گرینگ نییە ئامانج و دەستکەوتیان ببێ، گرینگ ئەوەیە کۆماری ئیسلامیان شکاند و ئەوە جێی رێزە، کۆماری ئیسلامی لەوە تۆقیوە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە دەبێ ئەو رەوتی یەکگرتوویی و رەوتی بەرەو یەکگرتن چوونی کورد کۆتایی پێ بێنێت ئەو رەوتە رابگرێت و باشترین کار و هەمیشە ئەو کارەی کردووە نانەوەی دووبەرەکێ، نێوان ناخۆشی و کورد بە کورد بەشەڕ دان ئەوە دەکا بەڵام ئێمە هەم وەک حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبەکانی دیکەش هەڵوێستیان گرتووە و هەم وەک کوردی کوردستانی ئێران نابێ بکەوینە داوی کۆماری ئیسلامی و نابێ بکەوینە داوی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و دوژمنایەتی خەڵکی کوردستان بکەین یا بێ حورمەتی بکەین، ئێمە گلەیی خۆمان دەکەین لە جێی خۆیدا رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر وەختێکی هەیئەتمان دەچێت لەگەڵ حیزبەکانی دیکە دادەنیشێت، وا نییە کە ئێمە بێ دەنگ بین وا نییە کە ئێمە هیچ دەنگ نەکەین بەڵام بەعزە مەسەلەیەک هەیە تۆ ناتوانی لە تەلەفزیۆن و راگەیەندەکاندا باسی لێ بکەی.

تیشک: کاک میرۆ ئێوە باسی گلەیی و گازندە دەکەن کە گلەیی لە بەرپرسانی باشوور دەکەن کە بۆچی بەو شێوەیە پێشوازیان لە پاسدارێکی تاوانبار وەکوو سەحراڕوودی کردووە، مەسعوود بارزانی وەکوو رێبەرێکی نەتەوەیی لە ناو کورددا چاوی لێ دەکرێت چوونکە لە باشوور زیاتر باسی مەسایلی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستانی عێراق دەکات، ئێوە وەکوو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا کەی ئەو شتە قبووڵ دەکەن کە بێ‌حورمەتی بە شعوور و غرووری رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێ کە رێبەرێکی وەک مەسعود بارزانی فەرشی سوور بۆ سەحراروودی رادەخات و پێشوازی لە قاتڵی دوکتور قاسملوو دەکات؟!

عەلیار: عەرزت بکەم ئەوە دوو بەشە، یەکەم دیارە ئەوەڵەن ئەوەیکە پیاو گلەیی و گازندە لە کەسێک دەکات و لە لایەنێک دەکات کە ئینتزاری لێی هەیە چاوەڕوانیی لێی هەیە، ئێمە گلەیی و گازندەمان لە کۆماری ئیسلامی نییە کە بۆچی وادەکات و بۆچی دەمانکوژێت و تیرۆرمان دەکات بۆچی لاوی کورد ئیعدام دەکات، بەڕێز کاک مەسعوود، وەک بۆخۆت باست کرد کورد ئێستا کیانێکی هەیە لە ئاستی نێونەتەوەیدا لانیکەم بە شێوەیەکی دیفاکتۆ و نیوڕەسمی ناسراوە و ئێعترافی پێ دەکرێت، وەختێکی دەچێتە جێگایان بە شێوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکرێت ئەوە هەموو جێگای خۆشی و شانازییە بۆیە چاوەڕوانیی هەڵوێستی نەتەوەیی لێ دەکرێت، خۆ ئێمە چاوەڕوانیمان نەک لە بەڕێز کاک مەسعود نەک لە بەڕێز مام جەلال نە بەرپرسانی دیکەی کوردستانی باشوور هەیە بێن شەڕی ئێمە لە کوردستانی رۆژهەڵات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات، بەهیچ شێوەیەک بەڵام ئەو حەقەمان هەیە ئەو چاوەڕانییەمان هەیە کە سات و سەودا بە مەسەلەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات نەکەن، خوێنی شەهیدانی ئێمە ئاوا نەبێتە مامەڵەی سات و سەودا (تیشک: یانێ لە دانیشتنەکاندا ئێوە ئاوایان پێ دەڵێن کە سات و سەدا بە بزوتنەوەی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکەن؟!) حەتمەن ئاوایان پێ دەڵێین کە ئەوە سووکایەتییە بە کوردی رۆژهەڵات، سووکایەتییە بە خوێنی شەهیدێکی خۆشەویست، کە بە ملیۆنها کورد دوکتور قاسملوو وەک رێبەرێکی نەتەوەیی وەک سەرکردەیەکی بەتوانا، بیرمەند رێبەری جوڵانەوەی مۆدێرنی کورد لەو عەسرەدا دەناسن، ئەوە بێ حورمەتیە بە ئەوان، ئەتۆ، عەرزم کردی تەماشای راگەیەنە گشتییەکان بکە، گلەیی کورد لە بەڕێز کاک مەسعوود راست ئەوەیە رەنگە ئەتۆ نەتوانی بۆ کۆماری ئیسلامی تەعین تەلکیف بکەی کە کێ بنێرێ و کێ نەنێرێ، پێشوازی فەرشی سووریش رابخە بۆ هەیئەتی کۆماری ئیسلامی بەڵام خۆ تۆ دەتوانی پێی بڵێی ئەتۆ کە ئیدعا دەکەی دۆستی کوردی باشووری، چوونکە هەر ئەو سەفەرەی کە لاریجانی باسی کرد ئێمە لە پەنا کوردی عێراقین بەڵام لە هەمان جوملەدا دەڵێ ئێمە هەر وەختێکی کوردی عێراق لە تەنگانە کەوتبێ ئێمە هاتووین نەجاتمان داوە، خۆ ناڵێت ئەوە پێشمەرگە قارەمانیەتی کردووە هەرێمی کوردستانی لە دەستی داعش پاراستووە یانی ئێمە هاتووین رزگارمان کردوونە، تەحقیریان دەکات، باشە ئەتۆ دەتوانی پێی بڵێی ئێوە دێن بەخێرێن ئێمە پێشوازیتان لی دەکەین بەڵام ئەو کەسە محمەد جەعفەری سەحراروودی تاونبارە بە ئەوەیکە دوکتور قاسملووی تێرۆر کردووە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا (١٩٨٩)، ئەو مەسەلەیە بۆ ئێمە بەرژەوەندی نەتەوەییە، هاتنی ئەو کابرایە لەگەڵ هەیئەتی ئێوە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیار، ئەسلەن هەڵوێستی نەتەوەیی ئێمە دەخاتە ژێر پرسیار، ئەگەر نەیانوێرابا ئەوەش بڵێن لانیکەم ئاوا بە زەقی و ئاوا بەو شێوە ناحەز و ناشیاوە زەقیان نەکردباوە، هاتنی سەحراروودی ئەسلەن ئەمن پێم سەیر بوو بەداخەوە ئەوەی دەڵێم بەرپرسانی ئەو دوو حیزبەی پارتی و یەکیەتی لەوەی کێها زووتر بگەنە خزمەت لاریجانی بە تایبەت سەحراڕوودی، کێها توندتر ماچی بکا کێها قایمتر لە باوەشی بگرێت، کێبەرکێیەکیان دانابوو دەتگوت مەسەلەن دەتکوت سەرکۆماری ئامریکا هاتووە؛ بەڵام ئەمن پێم خۆشە ئەگەر ئاوا رەخنە دەگرم با شتێکیش بڵێم ئەمەن زۆر سوپاسی هەڵوێست و وقار و مەتانەتی سەرۆکی پارلمانی هەرێمی کوردستان بەڕێز کاک یووسف محەممەد کە لە هەڵسوکەوتیدا لەو ماچ و مووچە و فڵانەدا، کەسایەتی و کەرامەتی خۆی راگرت لەو کێبڕکێ ناشیاوەدا بەشداری نەکرد، یانێ ئەوەیە ئێمە پێمان ناخۆشە دەنا کێ پێی ناخۆشە پەیوەندیت هەبێ لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەسڵەن کێ دەڵێ ئەو پەیوەندییانە زەرووری نین؟! ئێمە ئینسانی سیاسین، ئێمە حیزبی سیاسین چۆن شتی وادەڵێی چۆن پێمان ناخۆشە؟!

تیشک: کاک میرۆ بەو ناسینەی کە هەتانە لەسەر حێزبە سەرەکییەکان لە کوردستانی باشوور کە ئێستا بوونە بە حکوومەت و کە کۆماری ئیسلامی وەک حیزب سەردانیان بکا کە دواتر لەو بارەوە پرسیار لە جەنابتان دەکەین، کە دەڵێی بۆ تەحقیرکردنی ئەمانە هاتووە. هەتا ئێستا چ ئەو کاتەی بەر لە راپەڕین کە قۆناغی رزگاریان تێپەڕ نەکردووە کە ئیستا قۆناغی رزگاریان تێپەڕ کردووە دەسەڵاتیان هەیە ئەمانە روانگەیان نیسبەت بە کوردی رۆژهەڵات نەگۆڕیوە، وەک هەڵبژاردن، ئەمانە هەمیشە کۆماری ئیسلامییان هەڵبژاردووە هەتا بزووتنەوە و ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات، ئێوە وەک ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێوە بۆ داهاتوو چی دکەن ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرچاو دەگرن ئێوە بۆ بەرژەوەندی کوردستانی رۆژهەڵات چی دەکەن ئێوە پێتان وانیە ئەو رەوتە درێژەی هەبێت مەیدان بەرتەسکتر بکەنەوە بۆ ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات؛ لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەحزابی کوردستانی رۆژهەڵات کەمتەرخەمن و بە شیوەیەک بێ دەنگن بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەنە قوربانیی دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان دیارە دەسکەوتەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی پێناسە بکرێت.

عەلیار: دیارە ئەمە خۆ لەمێژە سیاسەتی حیزبی دێموکرات هەر ئەوە بووە، بەڕاستی کە لەگەڵ ئەوەی کورد کە پێمان وایە کورد یەک نەتەوەیە یەک وڵاتە یەک خاکە، بەڵام سەدان ساڵە کوردستان دابەش بووە و درێژەی ئەو دابەش بوونەدا هەر بەشەی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەر بەشەی کوردستان حیزبی خۆی هەیە، هەر بەشەی کوردستان بەرژوەندیی خۆی هەیە و هەمووی ئەوانە مەشرووعە، ئێمە بەرژەوەندییەکی نەتەوەییمان هەیە لە کولیەتی خۆیدا بەڵام بەرژەوەندیی بەشی خۆشمان هەیە، کوردی عێراقیش وا رەفتار دەکا، کوردی سووریەش وا رەفتار دەکا، کوردی تورکیەش وا رەفتار دەکا و ئێمەش دەبێ وا رەفتار بکەین هیچ قسەی تێدا نییە لەوەدا، بەڵام وەک عەرزم کردی ئێمە هەموو کورد بە گشتی و هەر ئەوەشە دوژمن دەتوانێ کایەمان پێ بکات، دوژمن دەتوانێ ئاوا پیلانەکانی خۆی بە دژی ئێمە سەرکەوتوویی بەڕێوەبەرێت، ئەوە مەسەلەی یەک نەگرتووییە مەسەلە ئەوەیە یەک‌هەڵوێستی نییە، بە چاوێکەوە تەماشای مەسەلەکان ناکەین و رێگای ئێمە دەبێ ئەوە بێت ئەو خاڵە لاوازەمان لە بەین بەرین و بە خەباتی بێ‌وچان و تێکۆشانی بێ‌وچانمان ئەو لاوازییە جوبران بکەینەوە.

تیشک: یانی شتی وا پێش دێت، رووداوێکی ئاوا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک نزیک بوونەوە حەتا یەکگرتنەوە؟!

عەلیار: بەخۆشییەوە ئەو رەوتە هەیە ئەو بیرە هەیە ئەو ئیرادەیە هەیە بەڵام دەبێ ئەو ئیرادەیە بەهێزتر بکرێت، ئێرادەکە هێستا نەگەیشتووەتە ئەو رادەیە کە لە عەمەلیشدا رەنگ بداتەوەە ئەو ئیرادەیە هەیە بەڵام دەبێ بەهێزتر بکرێ ئەو رەوتە دەبێ بەرەو پێش بچێت، هیچ رێگایەکی دیکەمان نییە هیچ ئاڵترناتیوێکی دیکەمان نییە خێر بە کەس ناکەین خێر بە خۆمان دەکەین ئەگەر ئەو رەوتە بەرینە پێش و رەوتی یەکگرتوویی، یەک‌هەڵوێستی، رەوتی سازان و تەحەموولی یەکتری بۆ بەرابەر بە دوژمنان، من لە سەرەتای قسەکانمدا عەرزم کردی حیزبەکانی باشووری کوردستان بۆیە ئەوەندە ناچارن بۆ کۆماری ئیسلامی تێک بشکێن چونکە لە بەینی خۆیاندا ناکۆکن، چونکە خەبات دژی یەکتری دەکەن، دەی باشە ئەوە بۆ ئێمەش رەوایە بۆ ئێمەش هەر ئیعتباری هەیە ئەو قسەیە بۆ کوردستانی باکووریش هەر ئیعتباری هەیە بۆ کوردستانی رۆژئاواش ئیعتباری هەیە، زۆر جاریش ئێمە ئەو مەسەلەیەمان گوتووە.

تیشک: کاک میرۆ زۆر لەو پرسیارانە دەبێ بەرپرسانی باشوور جوابیان بدەنەوە، لەو بەرنامەیە کە ئێوە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتن دەمانهەوێ نەزەری ئێوە بزانین، کۆماری ئیسلامی بە گشتی ئەگەر بتهەوێ پێناسەیەک لە مەسەلەی کورد بکەی دیدێکی ئەمنییەتی نیسبەت بە مەسەلەی کورد هەی،ە چاو لێبکە چ ئەو کات کوردستانی باشوور ئازاد نەبوو چ ئێستاشی لەگەڵ بێت، زۆربەی سەردانەکانیان پاسدارێکی لەگەڵە بۆ مەسایلی ئەمنییەتی، ئێوە پێتان وا نییە ئێستاشی لەگەڵ بێت کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە راپەڕینی کوردستانی باشوور تێدەپەڕێت وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی بەر لە قۆناغی رزگاری چاو لە کوردستانی باشوور دەکەن، دێتە سلێمانی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی دادەنیشێت دواتر دێتەی لای بارزانی؟!

عەلیار: باعەرزت بکەم ئێمە نابێ یەک شتمان لە بیر بچێت ئەمەن پێم وایە بەداخەوە بەعزە جارێک پرەنسیبەکان لەژێر پێ دەندرێن، بەڵام لە رووی ئیعتقادەوە پێم وا نییە لە هەرێمی کوردستانیش رێبەران و بەرپرسان یا لانیکەم بەشی هەرە زۆریان پێیان وا بێت کە کۆماری ئیسلامی دۆستی کوردە، پێیان وا بێت کۆماری ئیسلامی پاڵپشتی کوردە، دیفاع لە کورد و کوردستان دەکات، چوونکە بە تایبەتی ئەو چوار رێژیمە کە کوردستانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە معیارێک هەیە بۆی ئەوەی کێهایان دۆستی کورد،ە کێهایان دوژمنی کوردە، ئەو معیارە ئەوەیە چۆن رەفتار لەگەڵ کوردی وڵاتی خۆی دەکات، کۆماری ئیسلامی کە ١٠ ملیۆن کوردی لەو هەموو مافەکانی بێبەش کردووە، رێبەرەکانی تێرۆر دەکات، رۆڵەکانی لە زیندان دەکات، چووکترین مافی کورد بە رەسمی ناناسێت، مەسەلەکە ئەوە نییە من بیڵێم یا حیزبی دێموکرات بیڵێ یا کەسێکی دیکە، ناکرێت دۆستی کوردی ئێران، عێراق و سووریە بێت کەوابوو شتێکی تەبیعییە، زۆر دروستت ئاماژە پێکرد ئەو بە چاوی هەڕەشە، تەهدید، ئەمنیەتی سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و هەر بۆیە دەیهەوێ تەحقیری بکا، ئەتۆ مولاحیزە بفەرموو کۆماری ئیسلامی ئەگەر بەڕاستی دۆستی هەرێمی کوردستان با وەک ئەوەی ئیدعا دەکا وەک ئەوەی لاریجانی ئیدعای دەکرد، دێت محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی دەخاتە هەیئەتێکەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات کە تەواوی دنیا دەزانێت تیرۆری دوکتور قاسملوو بە دەستی ئەو بووە، بە سەرۆکایەتی ئەو بووە، نا ئەو کارەی نەدەکرد ئەگەر دۆستی کورد با حورمەتی دادەنا بۆ هەرێمی کوردستان، رێزی دادەنا بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی حکوومەتی هەرێم، کاک مەسعوود، مام جەلال، پارتی، گۆڕان یەکیەتی لە پارلمانی کوردستان بەڵام نا ئەوەی نەکرد بەپێچەوانە دێنێ بۆ ئەوەی تەحقیری بکا، چکۆلەی بکاتەوە بۆ ئەوەی دەستەمۆی بکا وای لێ بکا ئەوەندەی وابەستە بە خۆی بکا کە ئێدی هیچ سەربەخۆییەکی سیاسی نەمێنێت و لێرەدایە دەبوو رێبەرانی باشووری کوردستان وەخەبەر بێن و بەڕاستی هیوادارم ئەو سیاسەتە پێداچوونەوەیەک هەبێ، چوونکە ئەو مەسەلە‌یە دڵی هەموو کوردی ئێرانی لە کوردستانی باشوور لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بریندار کردووە و ئەوە شتێکی زۆر ناحەز و ناخۆش بوو.
لە پەراوێزی وتووێژی تیشک تی‌ڤی لەگەڵ دوکتور مێرۆ عەلیاردا:

گرتەیەک لە وتەکانی بەڕێز دوکتور مەحموود عوسمان، ئەندام پارلمانی عێراق لەسەر پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سەدام حوسێن کە دوای رووخانی رێژیمی سەدام حوسێن لە سەردانێکدا بۆ حیزبی دێموکرات باسی دەکا دەبینین.

دوکتور مەحموود عوسمان: شانازییەکیتریش هەیە کە بۆ حیزبی دێموکرات دەبێ هەمیشە تۆمار بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ ئەوەی ناچار بووە بە هۆی جوغرافیا و بە هۆی وەزعی سیاسی پەیوەندی لەگەڵ رێژیمی عێراق بکات بەڵام هەرگێز ئەو پەیوەندییەی لەسەر حیسابی کوردی عێراق نەبووە و هیچ زەرەرێکی لە کوردی عێراق نەداوە، خۆیان زەرەیان کردووە بەڵام نەیانهێشتووە کوردی عێراق زەرەر بکات ئەوە شانازییە و شتێکی زۆر گرینگە و تا ئێستاش بەردەوامە و ئەو هەموو فایلەی کە لە ئەمن و موخابەراتی عێراقی گیراوە پاش ئەوەیکە رێژیمکە رووخا هیچ شێوە باسێکی نگاتیوی حیزبی دێموکراتی تێدا نییە و بەعەکسەوە شتی زۆر پۆزەتیڤی تێدایە ئەوەش بەلای منەوە دەبێ حیزب وەکوو حیزب شانازی پێەوە بکەن و دەلیلی راستی و کوردپەروەری سەرکردایەتی حیزبەکەتانە.
تیشک: کاک میرۆ پرسیاری دیکەم لەسەر فەرهەنگی سیاسییە کە دەکرێ وەکوو بناغەی سەربەخۆیی سیاسی حیزبەکانیش چاوی لێبکرێ و نەتەنیا جەنابتان ئێمە هەموو وەکوو کورد بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئیرادەیەکی زۆر بە قوەت هەیە هەمیشە چوونەتە پیری پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە کە ئەوە بۆخۆی فەرهەنگی سیاسی ئەو خەڵکە نیشان دەدات، فەرهەنگی سیاسیی خەڵک، فەرهەنگی سیاسیی حیزبەکانیش راستەوخۆ کاریگەری هەیە لە گۆڕانی سیاسەتی ئەو حێزبانە وەکوو حیزبێکی سەربەخۆ لە پاش کۆنفرانسی سێ هەتا رووخانی سەدام حوسێن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیوەندی لەگەڵ سەدام حوسێن هەبووە ئەوە قسەی بەڕێز دوکتور مەحموود عوسمان کەسایەتی ناوداری باشووری کوردستانە کە دەڵێ یەک بەڵگەش وجوودی نییە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەدام حوسێن یا حزبی بەعس لەسەر مامەڵەکردن یا سات و سەودا بە کوردی عێراقەوە بوبێت، دەڵێن ئێمە یەک نەتەوەین جیاوازیەکەی لە فەرهەنگی سیاسیدا نییە.

عەلیار: ئەمن پێم وا نییە کە رێگای گەڕانەوە نەماوە و دیارە زۆر چووینەتە پێشێ (تیشک: ناڵێم نەماوە دەڵێم زۆر سەخت بووە)، راست دەکەی زۆر سەخت بووە با من شتێکت عەرز بکەم زۆر جاران بەداخەوە لە بەرپرسان و لە حیزبە سیاسییەکانی باشوور کارهایەک بۆ داگیرکەرەکان دەکەن لە پەیوەندی لەگەڵ داگیرکەرەکان کە خودی داگیرکەرەکان ئەو چاوەڕوانیەیان نییە مەسەلەن ماوەیەک لەوە پێش بۆخۆت باش دەزانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران جۆرێک باسی پاسدار قاسم سلێمانی دەکرد، هێنایە ئاستی خودا ئەوە لە کۆماری ئیسلامیدا ئەو ئینتزارەی نییە چوونکە لە کۆماری ئیسلامیدا تەنیا خامنەییە دەڵێن لە ئاستی خودا و پێغەمبەر دایە، ئەمن دڵنیام ئەو برادەرە قەت بە نیسبەت رێبەری کورد ئەو قسانەی نەکردووە حتی بە نیسبەت رێبەرەکی خۆی کە یەکێک لە گەورەترین رێبەرانی کورد کاریگەرترین رێبەرانی کورد لە ٥٠ ساڵی رابردوودا بەڕێز مام جەلال؛ هیچ قسەی تێدا نییە دۆست و دوژمن ئیقرار بەوەی دەکەن حەتا بە نیسبەت ئەو ئەوەی نەگوتووە، یانێ شتێک دەکەن کە بەداخەوە خودی دوژمنەکە چاوەڕوانی نییە یا مەسەلەن کێ چاوەڕوانی ئەم جۆرە پێشوازییەی دەکرد کە رۆژی ٥ی بەفرانبار لەو هەیئەتەی ئێرانی بە تایبەت تێرۆریستێک کرا؛ ئەمن پێم وایە ئێستاش درەنگ نەبووە بۆ گرتنی هەڵوێستی نەتەوەیی و بۆ پێداچوونە بەسەر سیاسەتدا کاری حیزبی سیاسی ئەوەیە پێداچوونە بەسەر سیاسەت و رێبازدا قەت درەنگ نەبووە بەڵام نابێ بێڵی درەنگتر بێت دەبی بێنی لە جێگایەک کە زەربەت لێدەدات رایگری، بەرژەوەندیی نەتەوەییت دەخاتە مەترسییەوە لەوێ رایگری ئەمن ئینتزارم هەیە بەڕاستی هیوادارم بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە بەرپرسانی هەرێم بەخۆیاندا بچنەوە لەسەر پرسی نەتەوەیی؛ ئەتۆ لەلایەک باسی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکەی، باسی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەکەی، باسی یەکگرتوویی کورد دەکەی، باسی ئیتیحاد دەکەی، لەلایەکی دیکەشەوە دێنی ئاوا بێڕێزی بە ١٠ ملیۆن کوردی ئێرانی دەکەی و ئاوا هەڵوێست دەگری، ئەتۆ شتەکەت بۆ دێتە ژێر پرسیار، باشە بە قەوڵ فارس دەڵێن (کجا بر کجا) ئەو دوو شتە چ هەم‌سنخیەتیەکیان هەیە.

تیشک: راگەیەندەکان چی هەڵوێستیان هەبوو سەبارەت بە هاتنی سەحراڕوودی بۆ هەرێمی کوردستان ؟

عەلیار: نا بەداخەوە هەڵوێست نەگرتنیان یەکێک لەو گلەیەیانەیە؛ دەزانی چۆنە رەنگە حیزبی سیاسی ئێمەش هەر واین، ئەحزابی سیاسی دیکەش هەر وانە لە بەعزە بوارێکدا مەحدوودیەتی هەبێت، مەحدوودیەتی قسەکردن، هەڵوێست گرتن، مەحدوودیەتی راگەیاندن، ئیعتراز ئەوەی هەبێ بەڵام راگەیاندنێک کە ئەوەندەی بڕوا بە سەربەخۆیی هەبێت راگەیاندێک کە بەڕاستی حورمەتی کارەکەی خۆی لە بەر بێت دەبێ ئەو مەسەلەیە رەخنەی لێ بگرێت، دەبێ وەک هێزی چوارەم لە کۆمەڵگادا دەبێ هەڵوێست بگرێ، دەبێ رەخنە بگرێت، دەبێ ئەو مەسەلە زەق بکاتەوە کە بۆچی وادەکەی ئەوە لە بەرژەوەندیی نەتەوەییدا نییە، ئەمن ئینتزارم لە رووناکبیرانی کوردستانی باشوور هەیە، ئینتزارم لە خەڵکی کوردستانی باشوورە، ئەگەر ئیجازە بدەن لە تەرەف ئەحزابی دیکەی کوردستان قسە بکەم، ئینتزارم لێیان هەیە، ئینتزارم لە مامۆستایانی زانکۆ هەیە، لە کەسایەتییە گەورەکان هەیە، ئینتزارم هەیە کە هەڵوێستی نەتەوەیی بگرن، تووڕە بن، ئیعتراز بکەن، وەک بەڕێز دوکتور مەحموود عوسمان بکەن، خۆ لێیان کەم نابێتەوە، ئەوانەش بەرپرسن لە موقابیل مەسەلەی نەتەوەییدا، سەهمیان هەیە لەو هەرێمەدا باسی دێموکراسی دەکەین، باسی مەسڵەحەتی نەتەوەیی دەکەین، ئینتزار هەیە هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی زۆر بێ حورمەتی کردووە بە هەرێمی کوردستان هەر ئەو تەحقیرانە نەبووە چەند مانگ لەوە پێش سایتی کۆنسوولگەری رێژیم لە سلێمانی مەگەر بێ حورمەتی و تەوهینی نەکرد بە هۆوییەتی نەتەوەیی کورد، تۆوهینی نەکرد بە زمانی کوردی، مەگەر عەلی یوونسی دەستیاری حەسەنی رۆحانی بە قەولی خۆیان بۆ مەسەلەی ئەقوام لەیەک ساڵی رابردوودا لە چەندین وتووێژدا سەربەخۆیی نەتەوەیی کوردی نەهێناوەتە ژێر پرسیار یانی دەبێ لە موقابیل هەمووی ئەوانەدا هەڵوێست هەبێ.

تیشک: کاک میرۆ کاتێک باسی ئەو شتانە دەکەی، کاتێک بەڕێز مەسعود بارزانی باسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی دەکر،د بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکرد کە نابێ شتی وا بکەن ئەوە کۆنسوولگەری ئێران لە سلێمانی باسی ئەو شتانەی کرد، بەڵام هەر لە جەریانی ئەو رووداوانە رۆژهەڵاتییەکان لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا زیاتر لە خەڵکی باشوور دیفاع لەو دەستکەوتە دەکەن، ئەگەر دەڵێن دەسکەوتی هەرێمی کوردستان هێندە شت زۆر سەختە موشکل نییە بۆ پرسیاری ئاخیر کاک میرۆ با کەم گلەیی و گازندە بەرەوڕووی باشووری کوردستان بکەین، هێندێ شت زۆر سەخت و دژوار نییە ئێوە باسی لێک نزیک بوونە و یەکگرتوویی ئەحزابی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن هەر نەبێ وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ئەو لایەنە کە ئینشعابیان لە حیزبی دێموکرات کردوو،ە دوکتور قاسملوو بە موڵکی خۆیان دەزانێت دوکتور قاسملوو موڵکی میللەتی کوردە، بەڵام دەکرا خۆ بەیانییەکی هاوبەش لەسەر ئەو شتە دەربکەن.

عەلیار: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر هێندێک مەساییلی دیکە، هێندێک کۆسپی دیکە کە من هیوادارم رەوتی چارەسەرکردنی موشکلی ئێمە و هاوڕێیانی پێشوومان لە باری سیاسییەوە سەرەتا چارەسەر بکرێ و ئەو جارە لە رێگەی خۆی و ئەو هاوکاریانە بەداخەوە هێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە ئێمە زۆر بەرەو پێش چووین (تیشک: باشە خۆ دەوتوانی وەک حیزب بەیانییەیەک دەرکەن) دە ئاخر ئەتۆ پەیوەندی سیاسیت، هاوکاری سیاسیت بوو، پەیوەندی سیاسیت نەگەیشتە ئاستێک خۆ ناکرێ، ناتوانی بە یەکەوە ئەو کارانە بکەی، پێمان خۆش بوو بۆ سبەینێ هەموو هێزەکانی دیکەی کوردستانیش بە یەکەوە ئەگەر توانیبامان ئەو کارە بکەین چوونکە ئەوە بەڕاستی بێ حورمەتی نییە تەنیا بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە دوکتور قاسملوو، ئەوە بێ حورمەتییە بە هەموو کوردی ئێران خۆ ئەو کابرایە تەنیا دوکتور قاسملوی شەهید نەکردووە ئەو کابرایە یەکێک لەو کەسانە بووە خودی عەلی لاریجانی یەکێک لەو کەسانەیە کە لە کۆماری ئیسلامیدا بڕیاردەر بووە لەسەر سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کوردستانی ئێران، خۆ ئەوە دۆینێ نەهاتوونەتە سەر کار دوژمنایەتی سەحراڕوودی لەگەڵ کورد، خۆ لە تیرۆری دوکتور قاسملووە دەستی پێ نەکردووە، کەوابوو مەسەلەکە تەنیا تەنیا مەسەلەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە، مەسەلەی هەموومانە، ئی هەموو هێزەکانی دیکەی کوردستانی ئێرانە، پاشان خۆ ئەوە زرەبەیەک لە عەزەمەت و گەورەیی دوکتور قاسملو نادات، ئەزقەزا بە پێچەوانە ئەو کارانە ئەوەندەی دیکە گەورەیی دوکتور قاسملوو نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی دوای ٢٥ـ ٢٦ ساڵ تیرۆری ئەو رێبەرە گەورە، ئێستاش لە نێوەکەی دەترسێت، ئێستاش هەوڵ دەدا بۆ زڕاندنی نێوی ئەو رێبەرە گەورە؛ موەفەقیش نەبووە و قەتیش سەر ناکەوێت لەو پیلانەیدا؛ بەڵام ئەوە زەربە لە ئێمە دەدا زەربە لە هەڵوێستی ئێمە دەدا، زرەبە لە ئێحساس و لە شانازیەکانی ئێمە دەدا و ئێمە نابێ رێگە بەو شتانە بدەیەن.