کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی شپرزی ئابووریی، بانکەکانی کوردستانیشی گرتۆتەوە

12:15 - 10 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتێکی مەیدانی کە بەدەست کوردستان میدیا گەیشتووە دۆخی بانکەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بەهۆی دزی و ئێختلاسەکان گەلێک ئاڵۆز بووە، بەچەشنێک کە بانکەکانی بەرەو مایەپووچی و وەرشکەستەیی دەڕۆن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە دزی و ئێختلاس لە نێو بانکەکانی ڕێژیمدا ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ پەرە دەستێنێت، هاوکات نەدانەوەی وامە بانکییەکان لە لایەن خەڵکانێکەوە کە بە پارتی و بەرتیل پێشتر وامیان وەرگرتووە بانکەکانی بەرەو وەرشکستەیی و مایەپوچ بوون بردووە.

بەوتەی چالاکێکی ئابووری، هەڵاوسانی بازاڕ، گرانی و زۆر هۆکاری دیکەی ئابووری نێو کۆمەڵگا کارێکی ئەوتۆی کردووە کە خەڵک متمانەیان بە بانکەکان نەماوە و بەردەوام پوڵەکانیان لە بانکەکانی ڕێژیم دەهێننە دەرەوە و زۆربەی کات ئەرزی بیانی پێدەکڕن.

ئەم چالاکە ئابوورییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاندووە: بانکی تجارەت لە شاری سەقزدا پێنج شۆعبەی هەبوو کە لە چەندین مانگ لەمە پێشەوە شۆعبەی حەماڵاوا  (بەهارستان) بە هۆی زەرەردێهی داخراوە . لەم ڕۆژانەشدا شۆعبەی چوار ڕێیانی ئازادی ئەم بانکەش بە هۆکاری بێ بازاڕی و شکستی ماڵی داخرا و سێ شۆعبەی دیکەی بانکی تجارەت لەم شارە لە ئاستێکی زۆر نزمی ماڵیدا درێژە بە کارەکانیان دەدەن.

بەوتەی یەکێک لە کارمەندانی بانکی تجارەت لە شاری سەقز کارمەندێک بەناوی "ک.ح" ئێختلاسێکی سێسەد میلیۆن تمەنی کردبوو کە چەند مانگە پەروەندەکەی دراوە بە دادگا و بۆ خۆیشی نەقڵی شاری سنە کراوە. بەوتەی ناوبراو ئەمە دووهەمین جارە کە ئەم کارمەندەی بانکی تجارەت ئێختلاس دەکات بەڵام بە هەندێک هۆکاری تایبەت پەروەندەکەی پەردەپۆش دەکرێت.

ئەم کارمەندەی بانکی تجارەت وتوویەتی: ئەم حاڵەتە تەنیا لە سەقزدا نەبووە و کارمەندەکانی بانکی تجارەت لە شاری بانەیش لە مانگەکانی ڕابردوودا ئێختلاس و دزییان لێدەرکەوتووە.

ڕێپۆرتێری کوردستان میدیا لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە بە گشتی نەخدینەیی لە بانکەکاندا زۆر کەمە و کەمتر پێش دێت کە بانکەکان توانای ئەوەیان هەبێت کە پارەی نەخد بە مشتەرییەکانیان بدەن و لە زۆر حاڵەتدا کە خەلک بۆ وەرگرتنی پارە ڕوو لە بانکەکان دەکەن بە دەس بەتاڵییەوە دەگەڕێنەوە.