کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆژئاوای کوردستان لە حیزبی دێموکرات

17:38 - 15 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: لە دیداری نێوان وەفدێکی ڕۆژئاوای کوردستان و وەفدێکی دەستەی کارگێڕی حیزب دوایین ڕەوشی ناوچە، ئێران و کوردستان تاوتوێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی و ئەکادێمیکی رۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرەستی بەڕێز "مستەفا ئیبراهیم" سەردانی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن بەڕێز "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەری حیزب پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنێکی دۆستانەدا لەسەر رەوشی کورد بەگشتی و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و دۆخی جووڵانەوەی مافخوازی کوردستان ئاڵوگوری بیروڕا کرا و لە سەر خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان و راپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەفەری بەڕێز لێپرسراوی گشتی حیزب بۆ ئامریکا چەند پرسیارێک لە بەڕێزیان کرا.

 لەو پێوەندییەشدا بەڕێز مستەفا هیجری وڵامی پرسیارەکانی دایەوە و ئاماژەی بەو قەیرانانە کرد کە لە بواری سیاسی و ئابوورییەوە رێژیم لەگەڵی رووبەروو بووەتەوە؛ وتیشی ئەو خۆپیشاندانانە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە بوونی هێزەکانی رێژیمی تاران هەستی نائەمنی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکا، بێگومان کۆمەڵی نێودەوڵەتی ئیزن نادەن هەر ئەوەیش لەگەڵ ئەو رەوشە گوشاری دەخەنە سەر، خوێندنەوەی ئێمە ئەوەیە کە رێژیم ناتوانێ خۆی لە بەرانبەر ئەو قەیران و گوشارە نێودەوڵەتییانە ڕابگرێ و لە ئاکامدا تەسلیمی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی دەبێ.

دوای ئەو بابەتە بەڕێز مستەفا ئیبراهیم سپاسی بەڕێز کاک مستەفا هیجری کرد بۆ پێشکەشکردنی باسە سیاسییەکەی و وڵامدانەوەی پرسیارەکان و دەسخۆشی لەو پێشوازییەی شاندی حیزب کرد.