کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسانترالیزەکردن لە پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتدا

23:07 - 4 خاکەلێوه 2718

ئیدریس ئەحمەدی

پێشەکی


دیسانترالیزەکردن (لامەرکەزییەت) لە دامەزراوەی سیاسیدا، لە وڵاتێکدا بێ یان لە ڕێکخراوێکی سیاسیدا، بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان بە سەر ئۆرگانە جیاکانی حکومەتی یان ڕێکخراویەکی سیاسیدا.

پێچەوانەی لامەرکەزییەت، واتە سانترالیزم یان مەرکەزییەت، بریتییە لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان لە دەستی یەک کەس یان لە ئۆرگانێکدا.

بەو پێیە، لامەرکەزییەت دیاردەیەکی نوێ نییە لە نێو حیزبی دێموکراتدا. هەڵبەت، پاش هێنانی گەڵاڵەیەک لە لایەن ڕێبەرییەوە بە مەبەستی پێکهێنانی چاکسازی لە پێکهاتەی حیزبدا، کە لە کۆنگرەی ١٦دا پەسەند کرا، گرنگییەکی زۆرتر دراوە بە لامەرکەزییەت.

کەوابوو، لامەرکەزییەت یەکێکە لە ماکەکانی چاکسازی لە نێو حیزبی دێموکراتدا. لێرەدا هەوڵ دەدرێ، لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییە گشتییەدا، تیشک بخرێتە سەر مەسەلەی لامەرکەزییەت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە هۆی سەرەکی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە پێکهاتەی حیزبدا، ئەوە بوو کە پێکهاتەی پێشووی حیزب وەڵامدەرەوەی پێداویستییە ڕێکخستنییەکانی حیزب نەبوو لەم سەردەمەدا. پێکهاتەی پێشوو، تەنانەت ڕێگر بوو لە وەدەست هێنانی دێموکراسی دەروون حیزبی و کاریەگەربوونی حیزب لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، یان با بڵێین، ڕێگر بوو لەوەی حیزب بە ئامانجەکانی بگا.

کێشەی بنەڕەتی لەو پەیوەندییەدا، دیاردەی سانترالیزمی دێموکراتیک بوو، کە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان، جێبەجێکردن و لێپرسینەوە لە کۆمیتەی ناوەندیدا. چاکسازی لە پێکهاتەی حیزبدا، هەوڵێکە بۆ دەربازبوون لەو کێشانەی کە ئەو جۆرە سانترالیزمە پێکی هێنابوو. ئەو کێشانە لە پێشەکی گەڵاڵەی پێشنارکراوی سکرتێری گشتی بۆ گۆڕینی پێکهاتەی حیزب، بە وردی دەستینیشان کرابوون، کە لێرەدا پێویست نییە دووپات بکرێنەوە.

شێوەی جۆراوجۆر لە لامەرکەزییەت

بە مەبەستی تێشک خستنەسەر مەسەلەی لامەرکەزییەت لە پێکهاتەی نوێی حیزبدا، دەشێ سێ جۆر لە لامەرکەزییەت لێک جیا بکرێتەوە؛ لامەرکەزییەتی بژارکراو ، لامەرکەزییەتی ستوونی و هەروها لامەرکەزیی ئاسۆیی .

لە لامەرکەزییەتی بژارکراودا، دەسەڵات بە سەر بەش یان ئۆرگانی جیاوازی ڕێکخراوێکدا دابەش دەکرێ. لامەرکەزییەتی ئاسۆیی کاتێک دیتە دی، کە دەسەڵات لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش بکرێ، یان با بڵێین سپاردنی دەسەڵاتی بڕیاردان لە لایەن بەرپرس یان بەڕێوەبەری ئۆرگانێکەوە بە خوارەوە لە ئۆرگانێکدا. لامەرکەزییەتی ستوونی بریتییە لە بەشدارکردنی کەسانێک لە سیاستدانان یان تەنانەت بەڕێوەبردندا کە لە ئۆرگانێکدا بەرپرسایەتی فەرمیان نییە، بۆ کەسانێک کە دەوری ڕاوێژکار دەگێڕن یان لە بوارێکدا پسپۆڕ یان کارزانن.

هۆی ئەوەی کە لە ڕێکخراودا، بە تایبەت ڕێکخراوی مەزن، لامەرکەزییەت سەرهەڵ دەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕێبەرایەتی یان بەڕێوەبەری هەر ڕێکخراوێک نە دەتوانن لە سەر هەموو مەسەلەیەک زانیاری پێویستیان هەبێ و نە کاتی ئەوەیان هەیە لە سەر هەموو مەسەلەیەک بڕیار بدەن. بۆیە، دابەشکردنی کار و ئەرک، لە کاری ڕێکخراوەییدا پێویستە.

وێڕای ئەو ڕاستییە، لامەرکەزییەت سێ سوودی هەیە. یەکەم، لە ڕێگای لامەرکەزییەتەوە، دەسەڵاتی بڕیاردان بە چەشنێک دابەش دەبێ کە کەسانی کارزان و پسپۆڕ لە ئاستی جیاوازی ڕێکخستندا بتوانن لە بڕیارداندا بەشدار بن و بڕیارەکان ڕەنگدانەوەی ئەو توانا و زانستە دەبێ کە لە ڕێکخراوەکەدا کۆ بووەتەوە. بە واتایەکی دیکە، دەسەڵاتی بڕیاردان دەبێ لای کەسانی کارزان و پسپۆڕ بێ، یان لانیکەم بە شێوەی فەرمی یان نافەرمی، لە بڕیارداندا بەشدار بن.

دووهەم، بۆ ئەوەی ئورگانە جیاوزەکانی ڕێکخراوێک بتوانن لە هەمبەر مەسەلەیەکی کوتووپڕدا زوو بجوڵنەوە، دەبێ دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێ.

سێهەم، دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان، یان بەشدارکردنی کەسانێک لە بڕیارداندا کە بەرپرس نین بەڵام لێهاتوون، هەم ئەنگیزەی مانەوەیان لە نێو ڕێکخراوەکەدا دروست دەکا، هەمیش دەرفەتێک دەبێ بۆ پێگەیشتن و وەدەستهێنانی ئەزموون لە بڕیارداندا.

لە کەیسی حیزبی دێموکراتدا، کە بەردەوام ڕووبەڕووی مەترسی ئەمنییەتی بووەتەوە و ئەندامانی ڕێبەریی ئەو حیزبە بوونەتە ئامانجی تێرۆر، بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ بە تێرۆرکردن پەک بە چالاکیەکانی حیزب بخا، لامەرکەزییەت هەروەها زەروورەتێکی ئەمنیەتییە.

لامەرکەزییەت لە پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتدا

خاڵی جێگای سرنجە لە پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەی نوێی حیزبی دێموکراتدا، ئەوەیە کە هەر سێ جۆر لامەرکەزییەتی تێدا بەدی دەکرێ. لە پێکهاتەی پێشوودا، لامەرکەزییەتی ستوونی هەبوو، هەروها بە دیاریکردنی ڕاوێژکار لە کۆمیتەی ناوەندیدا، تا ڕادەیەک لامەرکەزییەتی ئاسۆیش هەبوو.

تایبەتمەندی پێکهاتەنی نوێی حیزب لەوەدایە کە، بە دەربازبوون لە سانترالیزمی دێموکراتیک و قۆرەغکردنی دەسەڵات لە لایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە، لامەرکەزییەتی بژارکراوی جێخراوە و هەروەها لامەرکەزییەتی ئاسۆیی زۆر تێدا بەهێز کراوە.

لە دەقی پێکهاتەی نوێیی حیزبدا هاتووە: بنەما و پێوەری سەرەکی ئەم پێکهاتە نوێیەی حیزب خۆی لە دێموکراتیزەکردن، دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێکخستنی گشتیی حیزبدا دەبینێتەوە کە لە چەند ئۆرگانی هاوسەنگ پێک دێن. بە واتایەکی دیکە، لەو پێکهاتە نوێیەدا، گرنگییەکی تایبەت دراوە بە دابەشکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان ئۆرگانەکانی حیزبدا.

ڕوونتر بڵێین، لەو پێکهاتە نوێیەدا، ناوەندی سیاسی، کە بە مانایەک جێگرەوەی کۆمیتەی ناوەندییە لە شکڵێکی نوێدا، دەسەڵات و ئەرکەکانی سنووردارن بە سیاسەتدانان لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەدا، هەروها لە ڕێگای دەزگای بەدواداچوون و چاوەدێرییەوە، لێپرسینەوە لە ئۆرگانەکانی دیکە دەکا. بە واتایەکی دیکە و بە پێچەوانەی کۆمیتەی ناوەندی لە پێکهاتەی پێشوودا، ئەندامانی ناوەندی سیاسی، کاری بەڕێوەبەری ناکەن، بەڵکوو ئەوە ئەرکی ئەندامان دەستەی کارگێڕییە. هەر لەو پێوەندییەدا، دەسەڵات و ئەرکی لێپرسراوی گشتی و دەستەی کارگێڕی بە ڕوونی پێناسە و دیاری کراون.

لە لایەکی دیکەوە، بە مەبەستی جێخستنی لامەرکەزییەتی بژارکراو، لە پێکهاتەی نوێدا، بەشی پەروەردە، ڕێکخستن، ڕاگەیاندن، پێوەندییەکان، دارایی، پێشمەرگە، ئاسایش بە ڕوونێ لێک جیا کراونەتەوە و ئەرک و بەرپرسایەتییەکانیان دەستنیشان دەکرێ.

سەبارەت بە لامەرکەزییەتی ئاسۆیی، کە لە پێکهاتەی نوێیی حیزبدا، دەستەی ڕاوێژکاری بە گوێرەی پسپۆڕی بۆ هەرکام لە بەشەکان گرینگی تایبەتی پێ . هەر لەو پێوەندییەدا، هاتووە کە ڕاوێژکاری تایبەت بە مەبەستی بەهێزکردنی چالاکی و ڕێکخستنی ژنان وەک هاوکاری دەستەی کارگێری دەستنیشان بکرێ و ئەم ڕاسپاردەیە وەک بابەتێکی گرنگ و سەرەکی لەبەرچاو بگیرێ.

بەدامەزراوەیترکردنی حیزبی دێموکرات

بە گشتی، بە بە بەراوەدر لە گەڵ پێکهاتەی پیشوو، ئەو چاکسازییانەی کە لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا هاتوونەتە کایەوە، هەنگاوێکن بەرەوپێشەوەیە لە بواری بەدامەزراوەیترکردنی حیزبی دێموکراتدا. وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا، لە پێکهاتەی پێشوودا، سەرباری گرفتەکانی سانترالیزمی دێموکراتیک، دەسەڵاتی ئۆرگانەکان و ئەرکی بەڕێوەبەران بە شێوەی پێویست دابەش و دەستنشان نەکرابوون.

بەدامەزراوییکردنی پتری حیزبی دێموکرات خۆی لە دانانی کۆمەڵێک ڕێسادا دەبینێتەوە بۆ ئەوەی کاری بەڕێوەبەری و بە گشتی چالاکی ئۆرگانەکان بە پێی ڕێسای لە پێشدا پێناسەکراودا ئەنجام بدرێن. ئەمەش بە نۆرەی خۆی هەم شەفافییەت دابین دەکا و هەمیش لە کاتی پێشێلکردنی ئەو ڕیساگەلە یان بەجێنەگەیاندی ئەرکەکان، کاری لێپرسینەوە ئاسانتر دەکا.

داهاتوو

لە گەڵ ئەوەی چاکسازی لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتیدا سانترالیزمی دێموکراتیکی کۆتایی پێ هێناوە، بە وردبوونەوە لە دەسەڵاتەکانی ناوەندی سیاسی، دەردەکەوێ کە مەرکەزییەت لە حیزبدا هەر ماوە. کەوابوو، لە پێکهاتەی نوێدا، دەکرێ بڵێین مەرکەزییەتێکی سنووردار وێڕای شکڵی نوێ لە لامەرکەزیەت هاتووەتە کایەوە.

داهاتوو نیشانی دەدا ئایا ئەم پێکهاتە نوێیە دەتوانێ حیزبی دێموکرات لەو گرفتانەی کە پێشتر بەرۆکی گرتبوون، کە بەرهەمی پێکهاتەی پێشوو بوون، ڕزگار بکا و حیزب کاریگەرتر بکا بۆ ئەوەی بتوانی بە ئامانجەکانی بگا.

سەرەڕای ئەو تێبیننە، ئەو چاکسازییەی کە لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا ئەنجام دراوە، دەستکەوتێکی مێژووییە و نیشانی دا کە حیزبی دێموکرات، حزبێکی دینامیکە کە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دەگونجێنێ و توانایی نوێبوونەوە و داهێنانی هەیە.

خاڵێکی دیکەی گرینگ ئەوەیە کە بە ئەنجامدانی چاکسازی لە کۆنگرەی ١٦دا، ڕێگا خۆش کراوە بۆ ئەنجامدانی دیکە لە داهاتوودا، ئەگەر بێتو پێویست بێ. دوای تاقیکردنەوەی ئەو پێکهاتە نوێیە لە چوار ساڵی داهاتوودا، کۆنگرەی ١٧ دەستی ئاواڵا دەبێ بۆ ئەوەی درێژە بدا بە چاکسازی ئەگەر بێتو پێکهاتەی نوێ کەمووکۆڕی هەبێ یان ئەو وەڵامدەر نەبێ لە پێوەندی لەگەڵ قۆستنەوەی دەرفەت و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە بارودۆخی هەستیار و پڕمەترسی جیۆسیاسی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لە پێناو بەهێزکردنی حیزبدا، دەبێ جەخت بکرێ کە چاکسازی لە حیزبدا لە کۆنگرەی ١٦ دەستی پێ کرد، بەڵام کۆتایی پێ نایەت و بەردەوام دەبێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.