کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ خوێنی ڕاسان بەدەماری هەموو ناوەندەکانی شۆڕشدا بسووڕێتەوە

17:07 - 21 رەزبەر 2716

ئەلبورز ڕووئین تەن

ڕاسان دوای نزیکەی دو دەیە لە کزی یان بێ‌دەنگ بوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، خەباتی کوردی لەو بەشەدا دووبارە وەگەڕ خستەوە کە بۆتە هۆی ترس و لەرزی دوژمن و هەروەها هیوایەکی گەورەی داوە بە گەل. ئەو چەندەش ئاوا بە ئاسانی نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵکوو بە شەونخونیی پێشمەرگە و فیدا کردنی ڕۆڵەی بە وەج و لێهاتووی گەلەکەمان و تەحەمولی گوشاری نێوخۆیی و دەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دروست بووە. هەر بۆیەش وەکوو بەرنامەیەکی جیدی و کاربۆکراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەژمار دەکرێت. ڕاسان لە ڕووی تێئۆرییەوە خاوەنی فەلسفەیەکی بەهێزە، ئەو فەلسەفەیە کە خۆی لە لێک گرێدانی خەباتی شاخ و شار دەبینتەوە، بنەمای ڕێکخستنێکی گەورە لە خۆ‌یدا دەبینێت کە هەموو هێزەکانی گەل لە پیناو یەک ئامانج کە داخوازی هەمووانە کۆبکاتەوە و کاری بۆ بکەن، بەو شێوەیە سەرکەوتن مسۆگەرتر دەبێت چوونکە هەموو هێزەکان لە دەوری یەک ئامانج کۆ دەکاتەوە. بەرنامەیەکی وا کە خاوەنی فەلسەفەیەکی بەهێزە بۆ ڕزگاریی کورد لەو بەشەدا و دەبێ لە قوناغی جیبەجێ کردندا زۆر بە لێهاتوویی بە شێوەیەکی سەردەمیانە جێبەجێ بکرێت. چوونکە سەرکەوتنی هەر پلانێک وێڕای بەهێزی لە ڕووی تێئۆرییەوە لە گرۆی باشتر جێبەجێ کردنیدایە. هەر بۆیەش پێویستە خوێنی ڕاسان بە هەموو ناوەندەکانی کورد بۆ شۆڕش بسوڕێتەوە، ئەو چەندەش بە حوکمی پێشڕەویی و خاوەنداریەتی بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران دەکەوێتە سەر شانی ئەو هێزە.

ڕاسان لە تەشکیلاتدا

ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خۆی لە دوو بەشی نهێنی و ئاشکرادا دەبینێتەوە کە هەردووک بەش خاوەنی پۆتانسیلێکی زۆر بەهێزن، چوونکە هێزێکی ئۆپۆزسیونی ئێرانی کە خاوەنی تەشکیلاتی گەورە لە نێوخۆ و دەروە بێت حیزبی دێموکراتە. ئەگەر بتوانرێت ئەو تەشکیلاتە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەرەو ئامانجی دیاریکراو هان بدرێت کە بتوانێت هەموو داخوازەکانی شۆڕش جێبەجێ بکات، ئەوسا ئەو هێزە مرۆییە گەورەیە دەتوانێ زۆر شوێندانەر بێت. بەشێکی ئەو تەشکیلاتە کە ئیستا لە نێوخۆدا هاوکاریی پێشمەرگە دەکات، زۆر بە سەرکەوتوویی کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. بەڵام لە ڕێکخستنی نێوشار و زانکۆکان و هەروەها بەشەکانی دیکە بەو شێوەیە سەرکەوتوو نین. هەر چەند لە چوارچێوەی سیستمێکی دیکتاتۆری وەکوو ئێران ئەوە کارێکی ئاسان نیە، بەڵام دەبێ کاری بۆ بکرێت تا بتوانین ئەو لێک گرێدانەی خەباتی شاخ و شار بە تەواوی مانا دەستەبەر بکرێت. بەشەکەی تری تەشکیلات کە خۆی لە بەشی ئاشکرادا دەبینێتەوە لە زۆر ڕووەوە دەتوانێ هاوکاری سەرەکیی حیزب بۆ سەرخستنی ڕاسان بێت، لەوانەیە تا ڕادەیەکیش توانیبێتی ئەو بەرپرسیارەتیە جێبەجێ بکات، بەڵام بە ڕادەی پیویست نیە.

ئەگەر مانای حیزب وەکوو ڕێکخراو شی بکەینەوە، تەشکیلات گەورەترین و چالاکترین بەشیەتی، چوونکە لە ڕێگەی ئەو بەشەوە دەتوانرێت هەموو هێزی مرۆیی لە بەشە جیاوازەکانەوە دابین بکەی. لە هەمانکاتدا سەرچاوەی سەرەکیی مادیی ڕێکخراو، تەشکیلاتە. وێڕای ئەوەش چەندە لە تەشکیلاتدا سەرکەوتوو بی ئەوەندە لە بردنی شۆڕش بۆ نێو گەل سەرکەوتوو دەبی. ئەو چەندەش بۆ حیزبی دێموکرات کە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەرییە لە هەمانکاتدا کە ئاسانە، زۆر پێویست و هەستیاریشە. لەو سۆنگەیەوە تەشکیلاتی ئاشکرا دەبێ بە بەرنامە چالاک بکرێت و لە هەموو بەشەکاندا کەڵکی لێ‌وەربگیرێت. بۆ چالاک کردنیشی پێویستی بە کارکردنە بۆ ئەوەی دەستنیشان بکرێنەوە و سەر لە نوێ ڕێکبخرێنەوە و دواتر بە بەڕێوەبردنی چالاکیی جوراوجۆری ڕێکوپێک، بیکەی بە بەشێک لە ڕاسان. هەر وەکوو چۆن خوێنی ڕاسان لە پێشمەرگەیەکدا قارەمانێتی ساز دەکات، ئەندامێک کە لە دەروە دانیشتووە دەبێ بە لەخۆبردوویی و چالاکیی جۆراوجۆر پشکی خۆی لەو ڕاسانە وەئەستۆ بگرێت و جێبەجێی بکات. ئەو چەندەش نیشان دەدات تەنیا بەشێک لە شۆڕش چالاک نیە، بەڵکوو هەمو بەشەکان چالاکن و هەر بەشێک بە پێی دۆخی زەمانی و مەکانی، وەک یەک کار دەکەن بۆ سەرخستنی ئەو شۆڕشە.

ڕاسان لە ڕاگەیاندندا

لە دونیای ئەمڕۆدا ڕاگەیاندن بە هەموو بەشەکانیەوە شادەماری سەرخستنی هەر پڕۆسەیەکی سیاسی و بەتایبەتی شۆڕشە. کەس ناتوانێت نکۆڵی لە گرنگیی ئەو بەشە بکات. لە هەمانکاتدا هیچ هێزێک بە ئەندازەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەنی پۆتانسیێل یا بڵێین هێزی مرۆیی لەو بەشەدا نیە. من بە بێ ترس دەتوانم بڵێم ئەگەر ئەو هێزە ڕێکبخرێت دەتوانێ بە ئەندازەی چەند شۆڕش بەرهەمی هەبێت. بەڵام ئێستا زۆر بە پرشوبڵاوی و هەر یەک لە شوێنێک یا سەربەخۆ کار دەکات، کە وای کردووە ئەو هەموو هێزە بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە پێناو ئامانجی تایبەتدا ڕێکنەخرێت و ئەو وزەیە بە فیڕو بڕوات. بە بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ڕێکخستنی ئەو هێزە لە هەموو بەشەکانیدا لە ڕاگەیاندنی حیزب، وێڕای کەڵک وەرگرتن لەو هێزە، دەتوانێ شۆڕش لەو بوارەدا زۆر سەرکەوتوو بێت. ئێمە دەتوانین بەو شێوەیە شۆرش ببەینە هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەو بەشە لە کوردستان. ئەوکات بتوانین لە سەرەتادا زۆرترین هاوسۆزی و دواتر هاوکاری و پاشان پشتیوانیی و بەشداری بۆ شۆڕش دابین بکەین.

خوێنی ڕاسان لە دیپلۆماسیدا

ئەم بەشە دەبێ بۆ هێزێکی وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاسانترین بەش بێت، چوونکە لەبواری دیپلۆماسیی‌دا ئێمە پێویستیمان بە چەند ئامرازە. یەکێک لەو ئامرازانە دەبێ بەرنامە و پڕۆگرامێکی سەردەمیانە هەبێ، هەروەها دەبێ بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرات هەبێ، و لە هەمووی گرینگتر دەبێ وەک هێزێک لە هاوکێشە سیاسی و لەشکرییەکاندا بناسرێی، دەتوانی هەموو ئەوانە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا بەدی بکەی، لە هەمانکاتدا دەبێ کادری خاوەن پێگەی دیپلۆماتیکت لە دەرەوە هەبێ، کە ئەو چەندەش لە حیزبدا بە باشی بەدی دەکرێت. ئیمە هەر لە کۆنەوە نووسینگەی فەرمی و یاسیایی خۆمان لە فەڕانسە وەک ناوەندێکی گرینگی ئورووپایی هەیە، هەروەها لە هەموو کۆمیتەکان نوێنەری بەشی پەیوەندییەکانمان هەیە کە ڕاستەوخۆ بەرانبەر سکرتێری حیزب بەرپرسیار و وەڵامدەرن. هەروەها بە دەیان کادر لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ئورووپا وەکوو ناوەندی مافی مرۆڤ و نەتەوە بێ‌دەوڵەتەکان و...هتد، هەن. کە واتە ئێمە چیمان نیە کە ببێ بە فاکتەر بۆ هەبوونی دیپلۆماسییەکی زۆر بە هێز نازانم، بەڵام بە هەمووی ئەوانەوە و بە کارکردنێکی بێ‌وچان و بێ‌ڕاوەستان دەتوانین ببین بە باشترین پردی دیپلۆماسی لە نێوان شۆڕش و دونیای دەروەدا کە پێویستییەکی هەرە گرینگی هەر شۆڕشێکە.

ڕاسان بۆ دابین کردنی پێداویستیی ماڵیی ڕاسان

من هیچکات ئەو وتەیە قبوڵ ناکەم کە حیزبی ئێمە فەقیر بێت، چوونکە حیزبی بێکەس و ئەندام و لایەنگر فەقیرە. حیزبێک کە ئەو هەموو ئەندام و لایەنگرەی هەبێت، هیچکات فەقیر نابێت. هەربۆیەش ئەگەر گرفتی ماڵیمان هەبێ، ئەوا بەندە بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو یارمەتییانەی کە لە ئەندامانمان وەکوو گرنگترین سەرچاوەی دارایی حیزب وەردەگرین.

ئەگەر بێتو بتوانین لە بەشەکانی دیکە کە لە سەرەوە باسم کرد سەرکەوتووو بین، بێ‌گومان دەتوانین زۆرترین یارمەتی بۆ شۆڕش کۆبکەینەوە، لە هەمانکاتدا بە بەرنامەی دارێژراو دەتوانین ئەو هێزە مادییە بە شێوەیەک کە بتوانێ بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت، دابین بکەین.

لەوانەیە کاتێک کە دەکەوینە سەر پراکتیزە کردنی وەها پڕۆگرامێک گرفتمان بۆ دروست بێت، بۆیە ئێمە کە گرفتی ئابووریمان هەیە، بە هەست کردن بە بەرپرسیاریەتیی دوو لایەنەی ئەندامان و بەرنامەداڕێژەرانی ماڵی، دەتوانین ئەو ڕەوتە بگۆڕین. بۆ نمونە یارمەتیی مادی ئەو ساڵ بە هۆی هەبوونی ڕاسانەوە چەندین بەرابەر بووە لە گەڵ ساڵانی پێشوو، کە واتە ئەو چەندە خۆی بەڵگەیە ئەگەر کاری بۆ بکەین دروست دەبێت.

ڕاسان بۆ دروست کردنی بەرەیەکی هاودەنگ

لەو بەشەدا زیاتر لە حدکا ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەموو لایەنەکانی دیکە، چوونکە وەکوو دیتمان حیزب بە هەموو شێوەیەک لە هەموو ئەو پلانانەی هەیەتی حیزبەکانی دیکەی ئاگادار کردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆی وەک لایەنێکی کوردستانی هەستێت. ئێستا دەبێ لایەنەکانی تر بە هەر شێوازێک کە لە دەستیان دێ، پشتیوانی لە ڕاسان بکەن. بەشێکی بەرچاوی لایەنەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ڕاسان دەربڕیوە، کە واتە کاتی ئەوە هاتووە ئەو پشتگیرییە پڕڕەنگتر بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ئاستێکی باڵاتر و بەرچاوتر ئەو پشتگیرییانە کاریگەرتر بکەن. کار بۆ ئەوە بکەن کە؛ ئێستا کە دژایەتیی یەکتر ناکەین، دەتوانین بە پشتیوانیی یەکتر بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ داهاتوو دابڕێژین و ئەو بەرنامەیە بە پشتگیری لە ڕاسان دەست پێ دەکات. سەرکەوتن ئاسان تر دەکات و کار بۆ دروست بوونی بنەمای حکوومەتی دوای سەرکەوتن دەکات.

ڕاسان لە فێرکردن و پەروەردە‌دا

ئەو بەشە دەکەوێتە ئەستۆی ئاکادمیستەکان کە بە دوو شێوە دەتوانن ببن بە هاوکارێکی گەورەی ڕاسان، یەکەم بە شی کردنەوەی چەمک و ڕەهەندە جوداکانی ڕاسان و دووهەم بە پێشنیار بۆ بەهێزتر کردنی ئەو تیئۆرییە. کە لە هەردووکیاندا هەم لە ناوەندە فێرکارییەکانی حیزب و هەم لە دونیای مەجازی‌دا بەو ئەرکەی خۆیان هەستن بۆئەوەی ببێتە هۆی بەهێز کردنی مەعنەویی تەشکیلات و هەروەها ڕوونکردنەوەی بەرچاوی گەل سەبارەت بە پێویست بوونی ڕاسان بۆ نەتەوەیەکی وەک ئێمە. ئەو چەندە بە هاوکاریی ڕێکخستنی ناوەندی لێکۆڵینەوە و ستراتیژیکی حیزب دەتوانێ زۆر سەرکەوتوو بێت، پێشتر ئەو ناوەندە چەندیدن لیکۆڵینەوەی سەرکەوتووی سەبارەت بە بابەتی جیاجیا پێشکەش کردوون کە دەتوانێ بە بەرفراوانتر کردنی ئەو ناوەندە، ئاکادمیستەکان بە شێوەیەکی بەربلاو لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و وزەیان لەبەرژەوەندیی ڕاسان و بەرەوپێشبردنی خەبات کەڵک وەربگرێت کە دیارە نکوڵی لە شوێن دانەر بوونی ئەو هەوڵە وەکوو سەرەتایەک بۆ تێکەڵ کردنی ڕاسان بە ناوەندە زانکۆیی و لێکۆڵینەوەییەکان ناکرێت، کە دەتوانێ ببێ بە یەکێک لە بناغەکانی لێک گرێدانی خەباتی ڕۆشنبیری و سیاسیی کوردستان کە پێویستییەکی هەنووکەییە، چوونکە زۆر جار ئەو دووە لە یەک بەرەدا نابینرێن، لە حاڵیکدا کە هەوڵی هەموو ئەوانە لە جەوهەردا بۆ دابین کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و ڕۆشنبیرە.

کاناڵەکانی ڕاسان لە لاوان و ژنان

ڕاسان دەبێ ببێ بە یەکێک لە کاناڵەکانی کارکردنی ئەو ڕێکخراوانە بۆ پتەو کردنی ڕاسان و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ ڕاسان، چوونکە ئەو ڕێکخراوانە دەتوانن بە شی کردنەوەی زیاتری ڕاسان لە نێو ئەو توێژانەدا و بەشداری پێکردنیان لە ڕاساندا ببنە هۆکارێک بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانی ڕێکخراوەکانی خۆیان، چوونکە ڕاسان لە کاتی سەرکەوتنی خۆیدا دەتوانێ چوارچێوەیەکی بەختەوەر دوور لەو چوارچێوەیەی کە ئێستا هەیە بۆ ئەو توێژانە دروست بکات. هەر بۆیەش کارکردن لەو بوارەدا دەتوانێ لە ئامانجی سەرەکی ئەواندا بگونجێت. لە هەمووی گرینگتر ئەوانەی سەرەوە لەوانەیە داخوازی زۆر کەس بێت، بەڵام میکانیزمی جیبەجێ کردنی ئەو خواستانە و چونیەتی داڕشتنیان لە پراکتیکدا گرینگە.

ئەگەر ئێمە بتوانین دوای ئەو ساڵە سەختانەی کە بە سەرماندا تێپەڕیوە شۆڕشێکی وا گەورە دەست پێبکەینەوە، بێ‌گومان دەتوانین ئەو میکانیزمەش بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خاڵانەی سەرەوە بدۆزینەوە و ئەو میکانیزمەش لە مێشکی مندا بە شێوەیەک جێگای خۆی گرتووە لە کە شوێنی خۆیدا دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ، بەڵام هەوێنی ئەو میکانیزمە خۆی لە کارکردنی زۆرتر و زۆرتری هەموو ئەو تاکانەدا دەبینێتەوە کە لە هەموو بەشەکانی سەرەوەدا کار دەکەن، واتە ناکرێت لە بەشێک سینگ بە گولەوە بنرێت و لە بەشێکی دیکەدا لە ماوەی ساڵێکدا تەنیا بەشداری لە کۆبوونەوەیک لە جوانترین پایتەختەکانی دونیادا بکات، ئەویش ئەگەر بیکات. لە بەشێک هەزاران کیلۆمیتر بە پێ و بە نێو مین و تانگ و تۆپ ببڕێت، لە بەشەکەی دیکەدا ئامادە نەبێت بە فڕۆکە و شەمەنەدەفەری لووکس لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر بۆکاری حیزبی بڕوات و زۆر نمونەی تر هەن. بۆیە بنەمای کارکردنی زۆر و زۆرتر لە ژێر سێبەری پلانێکی دروست سەرکەوتوو دەبێت و ئاکامەکەی ڕووخانی دیکتاتۆر دەبێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە