کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەرانی ئەحواز بەردەوامە

23:08 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە وتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، لە رەوتی خۆپیشاندانی عەرەبە ئەحوازییەکان، تا ئێستە ٤٠٠ کەس دەسبەسەر کراون.

عەرەبە ئەحوازییەکان کە لە هەمبەر سووکایەتی کردن لە میدیاکانی ڕێژیم و ناو نەبردنی مێژووی عەرەبەکان لەو ناوچەیە، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە بە ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر سیاسەتی فاشیستی ڕێژیمی ئێران، دەستیان کردبوو بە خۆپیشاندان و زۆرتر لە ١٠ ڕۆژ، لە زۆربەی شارەکانی خوزستان درێژەی هەبوو، ڕێژیم دەستی کردووە بە ڕەشەبگیری.

ڕێژیمی ئێران تا ئێستە ئامارێکی درووستی لە ڕێژەی دەسبەسەرکراون بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام چالاکانی مەدەنی ئەحواز و چالاکانی مافی مرۆڤ، لەو باوەڕەدان کە تا ئێستە ٤٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر کراون، جێگەی ئاماژەیە کە ٢٥٠ کەس لە دەسبەسەرکراوەکان بۆ زیندانی شەیبان لە ئەحواز گوازراونەتەوە.

زۆربەی دەسبەسەرکراوان لە چینی مێرمنداڵ و لاون و دەیان ژنیشیان تێدایە؛ تەنانەت هەندێک بنەماڵە کە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی منداڵەکانیان، سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیان کردبوو، دەسبەسەر کراون.

هەتا ئێستە چارەنووسی زۆربەی دەسبەسەرکراوان نادیارە و هیچ دامەزراوەیەکی ڕیژیم، لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی دەسبەسەرکراوەکان، زانیاری بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام چالاکانی مەدەنی ئەحوازڕایانگەیاندووە کە بە هۆی زۆری دەسبەسەرکراوان، لە نێوان گرتنگەی ئیتلاعات، ئیتلاعاتی سپای پاسداران و هێزە ئینتزامییەکان دابەش کراون.