کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفاوە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

19:38 - 29 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پیوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەندراوێکی بلاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

بەداخ و پەژارەوە کاک نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و تێکۆشەری گۆڕەپانی بزاڤی رزگاریخوازی لە باشووری کوردستان کاتژمێر ٨ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٩ی مای ٢٠١٧ی زایینی بەرانبەر بە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی پاش چەند ساڵ نەخۆشی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

کاک نەوشیروان مستەفا ساڵی ١٩٤٤ی زایینی لە شاری سلێمانی لە دایک بوو و خوێندنی لەو شارە درێژەدا و ساڵی ١٩٦٧ کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کرد. لە سەرەتای دەیەی حەفتادا چووە وڵاتی ئوتریش لە بواری یاسادا درێژەی بە خوێندن دا و لە پەنا ئەوەشدا و لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٦٠ دا لە ریزی یەکیەتی قوتابیان تێکۆشانی دەست پێ کرد و دواتر بوو بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دێموکراتی کوردستان و پاش ئەوەش وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان درێژەی بە خەبات دا و لە کاتێکدا کە جێگری سکرتێری یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بوو لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی جیابوونەوەی لە یەکیەتی راگەیاند و بزووتنەوەی گۆڕانی بونیاد نا.

خاوەن چەند بەرهەمی گرینگی سیاسی و مێژووییە، کاک نەشیروان مستەفا بە تایبەت لە ساڵەکانی ٨٠ی زایینی دا نزیکایەتی تەواوی لەگەڵ رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەت رێبەرانی نەمر دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی هەبوو.

دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان وێڕای دەربڕینی پەژارەی خۆی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی، دوست و ئاشنایان و هەڤاڵ و هاوڕێکانی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەکا و خۆی لە خەمی لە دەستچوونی کاک نەوشیرواندا بە شەریک و بەشدار دەزانێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١٣٩٦/٢/٢٩ی هەتاوی
٢٠١٧/٥/١٩ی زایینی