کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی موهەندیس رەزا خەیاتی راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە

15:43 - 26 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: موهەندیس رەزا خەیاتی کادری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد. بەو بۆنەوەی حیزبی دێموکرات راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانانی بەڕێز!
کۆمەڵانی خەباتگێڕی خەڵکی کوردستان!
کادر ‌و پێشمەرگە ‌و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە رادەگەیەنین کە ساعەت 7 ی ئێوارەی رۆژی شەممە رێکەوتی 25ی خەزەڵوەری 1392 هەتاوی بەرانبەر بە 16 ی نوڤامبری 2013ی زایینی هاوڕێی تێکۆشەر، خەباتگێڕی ماندوویی‌نەناس موهەندیس رەزا خەیاتی کادری لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی 80 ساڵی و لە رووداوێکی دڵتەزینی ماشیندا گیانی لە دەستدا.
لە دەست دانی کەسایەتییەکی وەک موهەندیس رەزا خەیاتی خەسارێکی گەوریە بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی. موهەندس رەزا خەیاتی کە رۆڵەیەکی تورکی ئازەری و کادرێکی خاوەن رابردووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو لە ساڵی 1312ی هەتاوی لە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ لە دایک بوو. لە ساڵی 1332 پاش تەواوکردنی دەورانی دەبیرستان لە ئەرتشدا دامەزرا ‌و پاش دە ساڵ لە ساڵی 1342ی هەتاویدا نەقڵی ژاندارمری کرا ‌و لە بەشی بیسیم ‌و دەزگاکانی ئەلیکترۆنیکیدا شارەزایەکی بەرچاوی بەدەست هێنا.
مهندس رەزا خەیاتی لە ساڵەکانی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بوو ‌و بە هەڵسوکەوت و رەفتاری ئینساندۆستانەی خۆی جێگای لە دڵی خەڵکی ئەو شارەدا کردەوە ‌و لە نزیکەوە لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی نەتەوەی کورد ئاشنا بوو. بە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بێ ئاکام بوونی هەوڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئێران بە شێوەیەکی هێمنانە کە سەرئەنجام هێرش بۆ کوردستان و کوشتاری رۆڵەکانی کوردی بە دوادا هات، موهندیس رەزا خەیاتی هەستی ئازادیخوازی و ها وسۆزیی خۆی لەگەڵ گەلی کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی دەربڕی. کاتێک کە بۆ رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە ئێران رێگایەک بێجگە لە بەرگری لە مان و مافی خۆی نەمایەوە ‌و بزووتنەوەی کورد بەرینی بە خۆیەوە دیت و پێویست بوو هەڵویستی حیزب و هەواڵی چالاکییەکانی تێکۆشەرانی کورد بە خەڵکی کورد و هاونیشتمانان بگا ‌و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بوونی رادیۆ هەست پێکرا. ئەو موهەندس رەزا خەیاتی بوو کە زانست و شارەزایی خۆی و تەنانەت بەشێک لە پێویستەکانی رادیۆی لەسەر داوای حیزب خستە خزمەت بزووتنەوەی کورد، شار‌ و ژیانی ئاسایی جێهێشت‌ و شاخ و شۆڕشی هەڵبژارد و بە دامەزراندنی رادیۆ، دەنگی دلێری رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی لە 27ی جۆزەردانی ساڵی 1359ی هەتاویدا بە گوێی بیسەرانی گەیاند. لەو کاتەوە هەتا رۆژی گیان لەدەست دانی رادیۆی لە ئامێزی خۆیدا پێگەیاند و پەرەی پێ دا و هەموو کار‌وباری تەکنیکیی ئەو رادیۆیەی بەو پەڕی سەداقەت و پاکییەوە راپەڕاند. لەژێر رەهێڵەی بۆمب و لەژێر بومباران و لە کاتی هێرشی هێزەکانی رێژیم بۆسەر رادیۆ و ناچار بوون بە راگواستنی رادیۆ لەم شوێن بۆ ئەو شوێن و لەو چیا بۆ ئەو چیا ئەوە هیمەت و هەوڵی موهەندس رەزا خەیاتی بوو کە رێگای نەدا دەنگی رادیۆ بۆ ساتێک کپ ببێ. هەر لە پەنا ئەرکی قورسی راگرتن و پێ راگەیشتن بە کاری تکنیکی رادیۆدا، سەدان کادری بۆ بیسیم و کار بەو دەزگایانە پەروەردە کرد و دەیان کادریشی وەک ئوپراتۆر و بەشی فەننیی رادیۆ پێگەیاند. هەر بۆیە لە نێو ریزەکانی حیزبدا جێگایەکی شایانی زەحمەتەکانی خۆی هەبوو و لە لای دوکتور قاسملوو دوکتور سادق شەرەفکەندی و باقی رێبەرانی حیزب و بەرپرسانی رادیۆ بە شێوەیەکی تایبەتی خۆشەویست بوو، هەروەک بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رادیۆ دنگی کوردستانی ئێرانیش بەو رادەیە لە لای مهندیس رەزا خەیاتی خۆشەویست بوون.
تێکۆشانی سی‌وسێ ساڵەی موهەندیس رەزا خەیاتی لە ریزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا وەک رۆڵەیەکی تورکی ئازەری نموونەیەکی شازی هاوخەباتی دوو نەتەوەی کورد و تورکی ئازەری بوو هەروەها وەبیرهێنەرەوەی هاوخەباتی و هاوپەیمانیی کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجان بوو.
موهەندیس رەزا خەیاتی لە ماوەی سی‌وسێ ساڵی خزمەت و خەباتی خۆی لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بە هۆی وەفاداری بە ئامانجەکانی حیزب و بڕوای قووڵی بە دێموکراسی و دابینبوونی مافی نەتەوەکانی ئێران و ئەو سەداقەت و دڵسۆزییەی کەلە تایبەتمەندییەکانی ئەو تێکۆشەرە بوون چەندین جار لەلایەن رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لەوحی سوپاس و پێزانینی پێشکەش کرا‌ و لەم ساڵانەی دواییدا وەک مشاوری فەننیی سکرتێری گشتیی حیزب دیاری کرا کە هەموو ئەوانەی بە شانازیوە وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی لە ژیان و خەباتی خۆی لە شوێنی ژیانی لە بان سەری ریزی کردبوون موهندیس رەزا خەیاتی هەرکات لە ئاوات و ئارەزووەکانی دەدوا دەیگوت یەکەم ئاواتم بە ئازادی و مافی نەتەوەایەتی گەیشتنە‌ و دووهەمیان ئەوە کە ئەگەر بەم ئاواتەم نەگەیشتم و مەرگ مەودای نەدام، لەسەر شان و پیلی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەرەو ماڵی ئەبەدی بەڕێ بکرێم و تەسلیم بە خاکم بکەن.
گیان لەدەستدانی موهەندیس خەیاتی بۆ یەکیەکی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بۆ هەموو دڵسۆزانی بزووتنەوەی کورد ‌و ئەو رۆڵانەی ئەو پەروەردەی کردن و پێیگەیاندن، خەمێکی گران و خەسارێکی گەورەیە و بێ گۆمان یاد و بیرەوەرییەکانی ئەو تێکۆشەرە بۆ هەمیشە لە دڵی رۆڵەکانی نەتەوەی کورددا بە زیندویی دەمێنێتەوە.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمان کاتدا خۆی خەم هەڵگری گیان لەدەستدانی موهەندیس رەزا خەیاتی ‌و ئەو کادرە بە وەجە‌ و وەفادارەی خۆیەتی، سەرەخۆشی لەسەرجەم رۆڵەکانی نەتەوەی کورد ‌و تورکی ئازەری ‌و ئۆگرانی دێموکراسی‌ و دابین بوونی مافی نەتەوەایەتی بە گشتی ‌و بنەماڵەی بەڕێز موهەندیس رەزا خەیاتی بە تایبەتی دەکا‌ و ئاواتی ئەوە دەخوازێ کە ژیانی ‌و خەباتی ئەو تێکۆشەرە بۆ رۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێران نموونە بێ‌ و نموونەی زیاد‌ و زیاتر بێ.
وەدی بێ ئاواتەکانی موهەندیس رەزا خەیاتی
پڕ رێبوار بێ رێگای گەیشتن بە ئازادی و دێموکراسی و مافی نەتەوەایەتی
رۆحی شاد و یادی بەخێر بێ
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
26/8/1392ی هەتاوی
17/11/2013ی زایینی