کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات: ئەرکی مامۆستایانی تێگەیشتووە کە منداڵان لەگەڵ پەروەردەی ئەمڕۆیی و بیری ئازادیخوازی بار بێنن

13:54 - 3 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێراندا، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و پرۆسەی خوێندن بە زمانی غەیرە زمانی دایکی لە ئێراندا بە کوشتاری فەرهەنگی ناو دەبا.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

ساڵی نوێ خوێندن لە فێرخوازان و مامۆستایان پیرۆز بێ

هاونیشتمانیانی بەڕێز،


سەرەتای ساڵی خوێنی لە ئێراندا، هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای وەرزی پاییز و بە گۆڕینی کەشوهەوا لە ئێراندا، لەگەڵ دابەزینی گەرما، وەرزی نوێی تێکۆشان لە پێناوی زانست و فێربووندا دەست پێ دەکا.

وەرزی زانست و خوێندن لە ئێراندا، بۆ هەموو قوتابی و فێرخوازان، سەرەتای ساڵێکی دیکەیە لە رەوتی پێگەیشتن و بارهاتن و زانستپەروەری تاکوو خۆیان بە چەکی زانست و تێگەیشتن بۆ گرتنەدەستی داهاتووی وڵات تەیار بکەن.

هاوکات بۆ مامۆستایانی قوتابخانەکانیش وەرزێکی نوێ تێکۆشانە بۆ بارهێنانی منداڵان و لاوانی وڵات تاکوو بە رەنج و تێکۆشانیان، نەوەی دواڕۆژی وڵات فێری زانستی سەردەم بکەن و لە نەزانی و نەزانپەرستی دووریان بخەنەوە.

بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیان و فێرخوازان و هەموو مامۆستایانی تێگەیشتوو و زانستپەروەر لە ئێراندا دەکەین و هیوامان وایە کە لەم ساڵەی نوێی خوێندندا خەرمانی زانستی ئەمڕۆیی و زانستی مرۆڤتەوەرانە لە قوتابخانە و لە مێشکی منداڵاندا پڕ بەرهەمتر بێ.

هاوکات لە گەڵ وەرزی نوێی خوێندن، بۆ فێرخوازان و مامۆستایان لە ئێراندا گرفت و رەنجێکی زیادیش لە سەر رێگایە کە ئەویش تێخزاندنی وانەی ئیدئۆلۆژیک و دواکەوتوانە لە نێو وانەکانی خوێندندایە کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، لەوپەڕی دژایەتیی لەگەڵ پەروەردەی زانستی و مرۆڤتەوەرانەدا، وانەی نەزانپەرستی و دواکەوتیی بۆ منداڵان و لاوانی ئێران دەڵێتەوە، کە لە هەموو پەلەقاژەکانیشیدا شکستی خواردوە، چوونکە دوای ٣٦ ساڵ لە کوودیتا فەرهەنگیەکەیان بەسەر زانستگادا لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا، هێشتا هەر باس لە پرۆسەی بەناو ئیسلامیکردنی خوێندن دەکەن و هێشتاش پۆل پۆل لاوانی ئێران کە لە پرۆسەی خوێندنی ژێر دەستی ئیئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهیدا خوێندنیان تەواو کردوە، بەتەواوی دژی بنەما تیرۆریستیەکانی بیری ویلایەتی فەقیهی دەوەستنەوە.

ئەرکی مامۆستایانی تێگەیشتوو و زانستدۆست و مرۆڤدۆستە کە بەپێچەوانەی وانەکانی کۆماری ئیسلامی، منداڵان و لاوان لەگەڵ پەروەردەی ئەمڕۆیی و بیری ئازادیخوازی و زانستپەرەری ئاشنا بکەن و باریان بێنن.

لە ئێرانی ژێردەستی دەسەڵاتی ستەمکاراندا، وەرزی نوێ خوێندن، هاوکاتە لەگەڵ وەرزی نوێی سڕینەوە و هێرشبردن بۆ سەر زمانی دایکی.

لە ئێرانی داگیرکراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ملهوڕ و دژە ئازادیەوە، زمانی دایکی لە پرۆسەی خوێندندا قەدەغە کراوە و منداڵانی نەتەوە ستەملێکراوەکان و یەک لەوان نەتەوەی کورد بە زمانی بێگانە بۆ ئەوان، دەبێ پرۆسەی خوێندن و فێربوون بەڕێوە ببەن و ئەمە سەرەتای کوشتاری سپیی فەرهەنگیە لە ئێراندا. لە راستیدا ساڵی نوێی فێربوون، لەهەمان کاتدا ساڵی نوێ دەسپێکردنەوەی کوشتاری فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکان لە ئێراندایە .

لاوانی بەهەست و مامۆستایانی شۆڕشگێر و خەباتکار، ئەرکی قورسیان لەو پێوەندیەدا دەکەوێتە سەرشان کە ئەویش برتیە لە کردنەوەی رێگای مومکین بۆ فێربوون و خوێندنی زمانی دایکی و تا بەم شێوە هەم زمانی دایکییان بپارێزن و هەم بەگژ سیاسەتە شۆڤێنیستیەکانی رژیمی دەسەڵاتدار و ئیدئۆلۆژیی حاکیمدا بچنەوە.

بەهیوای ئەوەی کە بە رووخانی رژیمی ویلایەتی فەقیهی، سیستمی خوێندن و فێرکردن لە ئێران ولەنێو نەتەوەکانی ئێراندا ببێ بە سیستمێکی ئەمڕۆیی و مرۆڤ تەوەر و دوور لە هەڵاواردن و سڕینەوە.

جارێکی دیکە ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابیان و مامۆستایان لە ئێراندا و بەتایبەت لە فێرخوازان و مامۆستایانی کورد پێرۆز بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣ی رەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی