کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی عێراقیش پشتی لە ڕێژیمی ئێران کرد

12:46 - 17 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، کە بە بڕیارەکانی ئامریکا و گەمارۆوەکان بە دژی ئێران پێبەند دەبێت  و کردەیی دەکات.

پاش کردەییبوونی سزاکانی ئامریکا بە دژی ڕێژیمی ئیران و سەپاندنی گەمارۆوەکان، حەیدەر عیبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی ناچارە پێبەند بە بڕیارەکانی ئامریکا بێت و گەمارۆوەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران جێبەجی بکات.

هەرچەندە عیبادی باسی لەوە کردووە، کە سزاکان بە دژی ڕێژیمی ئێران عادڵانە نین، بەڵام ڕایگەیاندووە، کە لە ڕاستای پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی و خەڵکی عێراق هەنگاو هەڵدەگرێت و سزاکانی بە دژی ڕێژیمی ئێران بەکردەیی دەکات.

ڕێژیمی ئێران دەستڕۆیشتووییەکی زۆری لە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراقدا هەیە و تەنانەت بۆ ماوەیەک بەڕێوەبەری عێراق بوو و لەو پێناوەدا تێچووی زۆری تەرخان دەکرد، بۆ ئەوەی کە هەیبەتی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا زیاد بکات و بتوانێت بەئاسانی کردەوە تێرۆریستییەکانی خۆی جێبەجی بکات.

ئێستە کە ئامریکا پاش کشانەوەی لە بەرجام، بەشی یەکەمی گەمارۆوەکانی بە دژی ڕێژیمی ئێران بەکردەیی کردووە، وڵاتانی ناوچەکە کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە پەیوەندی لەگەڵ ئامریکا دەبینن و هاوپەیمانی ئەو وڵاتەن، پشت لە ڕێژیمی ئێران دەکەن و ڕێژیم لە ڕاستیدا لە ململانێی زیاترکردنی دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا دۆڕاوە.