کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راسان لە راسان دا

17:29 - 6 خاکەلێوه 2718

ئارش ساڵح

چەند سەرنجێک لەسەر گٶڕانکاری لە پێکهاتەی حیزبی دێموکراتدا


پێویستە پێش لە هەر شتێک ئەوە روون بکرێتەوە کە لە روانگەی ئەم وتارەوە، گۆڕانکاری لە نێو هەر سیستمێک و یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا زیاتر لەوەیکە ئاکامی گۆڕانکاری لە نێو بیر و بۆچوون و ئایدیاکان بێت، لە ئاکامی پێکهاتنی پێداویستییە پێکهاتەییەکان یان ئێلزاماتە ساختارییەکانە؛ واتە هاتنە ئارای ئایدیا نوێکان نین کە گۆڕانکارییەکان هان دەدەن بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لە ئاکامی پێکهاتنی پێداویستی پێکهاتەیی، گۆڕانکاری پێک دێت و ئەو گۆڕانکارییانەش کاریگەرییان لە بەرهەم هاتنەوەی ئایدیا و بیرۆکەی نوێ دەبێت. لەم پێوەندییەدا زۆر شت نووسراوە و باس کراوە بەڵام نوێترینیان و بە باوەڕی من سەرنجراکێش‌ترینیان لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی دوو مامۆستای زانکۆی جۆرج مەیسێنە بە نێوەکانی مارک کۆیۆما و نوئێل جانسۆن کە دەڵێن بە پێچەوانەی ئەوەیکە تا ئێستا دەمانزانی، ئەوە رۆڵی لاک، سپینۆزا و ڤۆڵتەیر و بیرۆکەکانی ئەوان نەبوون کە بوونە هۆی پێکهاتنی ئازادی مەزهەبی و ئازادی بیروڕا لە رۆژئاوادا، بەڵکوو گۆڕانکاری لە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و پێداویستی پێکهاتەیی بوو کە ئەو ئازادییانەی لە رۆژئاوا پێک هێنا.

گۆڕانکاری پەسەندکراوی کۆنگرەی شازدەی حیزبی دێموکرات لە راستیدا پەیڕەوی هەمان یاسای گشتی دەکات. ئەوەی ئەو گۆرانکارییانەی هێنایە ئاراوە و وای کرد کە لەلایەن بەشێکی زۆری بەدەنەی حیزبەوە پێشوازی لێ بکرێت پێکهاتنی هەمان پێداویستی پێکهاتەیی بوو لە نێو حیزبدا. بۆ ئەوەی لە روانگەیەکی دەروون حیزبیەوە چاو لە بابەتەکە بکەین پێم وایە پێویستە خۆمان رووبەڕووی پرسیارێکی بێ بەزەییانە بکەینەوە، دوکتور قاسملوو لە وتارێکی خۆیدا بۆ ئامادەبووان شی دەکاتەوە کە چۆن هەرکام لە نەسڵەکانی حیزبی دێموکرات توانیویانە ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن تا ئەو حیزبە دەکەوێتە دەست ئەو جیلە یان ئەو نەسڵەی ئێستا؛ جیلێک مەشخەڵەکەی هەڵکرد و جیلی دوای ئەو پاراستی و تا گەیاندیە جیلی سێهەم، بەڵام پرسیارە بێبەزەییانەکە ئەوەیە کە ئەو مەشخەڵەی کە ئێمە لە دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وەرمانگرت ئەو کاتە چۆن بوو و ئێستا چۆنە و چۆن دەمانهەوێ پێشکەشی جیلی داهاتووی بکەین؟
وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر بە دڵخوازی ئێمە ئەندامانی حیزبی دێموکرات، کە لەمەڕ گەورەیی حیزبەکەمان بە تەواوەتی ئایدیالیستین، نییە و ئەگەر هەوڵێک بۆ پێکهاتنی گۆڕانکاری نەدرێت وەڵامەکە لەوەش نادڵخوازتر دەبێ.

بۆ ئەوەی زیاتر ئەم پرسیارە بە باسەکەی سەرەتای ئەم وتارە گرێ بدەینەوە و زیاتر روونی بکەینەوە کە چۆن ئەو پرسیارە لە ئاکامدا بەرەو ئەو گۆڕانکارییانە دەمانبات، ناچارین کە وەڵامەکە کاربوردیتر بکەینەوە. حیزبی دێموکرات لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا تووشی هەندێک کێشە بۆتەوە و لە ئاکامدا لە هەندێک شوێن ناچار بە پاشەکشە بووە و تووشی هەندێک قەیران هاتووە کە ناتوانین لە خۆمانی بشارینەوە. دابەزینی حیزب لە شاخ، کۆچی ئەندامان و پێشمەرگەکان بۆ ئورووپا و ئامریکا و ئیزۆلە بوون و ناکارامە بوونیان لەو وڵاتانە، دابڕان و ئینشێعابی بەشێک لە حیزب، قەیرانی ماڵی، داخرانی تیشک و ناتەوانی حیزب بۆ بەڕێوەبردنی میدیایەکی بەهێز و چەندین کێشەی تر بۆ یەکێک لە گەورەترین هێزە سیاسییەکانی ئێران و کوردستان کە نزیک بە سێ چارەکە سەدە تەمەنیەتی و هەروەها دڵی کۆمەڵێکی زۆر لە لاو و هێزی موتەخسسی ئەو وڵاتەی لەگەڵە، باسێکی ئاسایی و نۆرماڵ نییە بەڵکوو نیشانەی نەخۆشی زۆر گەورەترە. ئێمە وەکوو ئەندامانی حیزبی دێموکرات زۆر جار بۆ دۆزینەوەی وڵامی هەرکام لەو کەموکورتیانە و لەو قەیرانانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد تا لێواری وەڵامەکە دەچین و لە پەنایدا با دەدەینەوە و لەبەر ئەوەیکە کێشەکە ساختاریتر و بنەماییتر لەوەیە کە بیری لێ دەکەینەوە زۆر کارێکی دژوارە کە قامک بخەینە سەری.

دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی ئاسایی بوو کە حیزبی دێموکرات بە لەدەسدانی یەک لە دوای یەکی دوو سکرتێر لە ماوەیەکی کورتدا تووشی قەیرانی رێبەرایەتی ببێتەوە. لە هەلومەرجێکدا کە حیزب لەگەڵ ئەو قەیرانە دەستەویەخە بوو، پێکهاتەی حیزب کە لەسەر ئەساسی کۆمیتەی ناوەندی، دەفتەری سیاسی و سکرتێر دامەزرابوو بەستێنێکی هەمواری ئامادە کرد بۆ ئەوەی قەیرانی رێبەری بگوازرێتەوە و ببێت بە قەیرانی کارامەیی.

سیستمی کۆمیتەی ناوەندی کە لەسەر بنەمای رەنگدانەوەی ئاوەزی کۆ (خرد جمعی) لە نێو رێبەریدا دامەزراوە، لە کاتی هەبوونی هەندێ کێشە وەکوو قەیرانی رێبەری یان بۆشایی هزری سیاسی، هەم دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆ قووڵتر کردنەوەی جیاوازییەکان و هەم دەتوانێت ببێتە هۆی بەرهەم هێنانی قەیرانی ناکارامەیی، بۆیە کارامەبوون و بەسوودبوونی هەر پێکهاتەیەک یا سترۆکتۆرێک زۆرتر گرێدراوی هەلومەرجێکە کە ئەو حیزبەی تێدا تێپەڕ دەبێت.

لە لایەکەوە قەیرانی رێبەری واتە نەبوونی سیمایەکی کاریزماتیک کە بتوانێت وێڕای متمانەی هەموو بەدەنەی حیزب، کەسانێک بە توانایی و کارەکتەری جۆربەجۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و لە لایەکی تریشەوە پێکهاتنی بۆشایی لە ئاستی هزری سیاسی لە نێو حیزبدا و دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو کە هاوکات ئیدۆلۆگی حیزب بوو؛ دوو فاکتەری بنەڕەتی بوون کە وای کرد پێکهاتەی پێشووی حیزب ببێتە بەستێنێکی باشتر بۆ گەشەی هەندێک نەخۆشی وەکوو باندبازی و نێوچەگەرایی و تێکەڵ بوونیان بە رکابەرێتی نێو حیزبی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.

رکابەرێتی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە نێو هەر حیزبێکدا دیاردەیەکی زۆر ئاساییە، بەڵام کاتێ هەر حیزبێک رووبەڕووی ئەو دوو قەیرانە کە باسمان لێوەکرد ببێتەوە، پێکهاتەیەک کە لەسەر ئەساسی کۆمیتەی نێوەندی دامەزراوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بەستێنێکی باش بخوڵقێنێت بۆ ئەوەیکە ئەو رکابەرێتییە سرووشتییە تێکەڵ بە هەندێک نەخۆشی بێت، واتە لەژێر کاریگەری ئەو دوو فاکتەرە، سیستمی کۆمیتەی نێوەندی ئەو رێگەیە دەخاتە بەردەم لایەنە جیاوازەکان کە پەنا بۆ هەندێک فاکتەر وەکوو نێوچە و دۆستایەتی و خزمایەتی و باندبازی ببەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشێکی زیاتر لە دەسەڵاتی نێو کۆمیتەی نێوەندیان بەرکەوێت. هۆکارەکەش ئەوەیە کە لە نەبوونی سیمایەکی کاریزماتیک کە بتوانێت بە لیستێکی فیکس دەسەڵات لە نێو حیزبدا یەکلایی بکاتەوە و هەروەها لە نەبوونی جیاوازییەکی فیکری جیددی لە نێو حیزبدا، بکەرەکان و چالاکانی حیزبی ناچارن بۆ پێکهێنانی پایەگای دەسەڵاتی خۆیان پەنا بۆ هەندێک فاکتەر وەکوو هاونێوچەیی بوون، دۆستایەتی و خزمایەتی و ... ببەن. ئەمەش رێگا بۆ ئەوە خۆش دەکات کە لە پێکهاتەی بنیات نراو لەسەر بنەمای کۆمیتەی نێوەندی، چالاکە حیزبییەکان ناچار بن کە چەمکی لێوەشاوەیی قوربانی گرێبەستی سیاسی و تەشکیلاتی بکەن کە لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بەرهەم هێنانەوەی قەیرانی کارامەیی لە نێو حیزبدا.

دوای نزیک بە دوو دەیە کە حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەم قەیرانانە رووبەڕوو بوویەوە، ئێستا بەدەنە و رێبەرایەتی حیزب لە خۆیان دەپرسن کە ئایا ئەم حیزبە بەو نەخۆشییانە و بەو قەیرانانەوە هەر هەمان حیزب بوو کە ئێمە لە جیلی پێش خۆمان تەحویلمان گرت؟ بەڵام گرینگتر لەوە، ئایا ئەمە ئەو حیزبەیە کە ئێمە دەمانهەوێ تەحویلی جیلی داهاتووی بدەین؟ بۆیە بە زمانێکی‌تر خودی هەبوونی ئەو دوو قەیرانە سەرەکییە نیشانەیەکە بۆ ئەوەی پیشان بدرێت ئەو پێکهاتەی پێشوو بە هەبوونی ئەو دوو فاکتەرە سەرەکییە کە باسمان لێوە کرد تووشی جۆرێک لە تەسەلوب بووە کە توانای بەرهەمهێنانی هزری سیاسی، مودیر و کارگێڕی لە نێو خۆیدا لە کیس داوە، بۆیە ئیلزاماتی ساختاری یان پێداویستی پێکهاتەیی حیزبی دێموکراتی ناچار کردووە کە لە نێو خۆیدا دەست بە راسانێکی ئارام بکات.

لەبەر ئەوەی حیزبی دێموکرات تێگەیشتووە ئەگەر دەیهەوێت راسانی نەتەوەیەک رێبەری بکات، ناچارە پێشتر لە نێو خۆیدا راسانێک بەڕێوە ببات.

بەڵام لێرە پرسیار ئەوەیە کە چۆن ئەم پێکهاتە نوێیە دەتوانێت ئەو قەیرانانە و ئەو کێشانەی نێو حیزب چارەسەر بکات یان لانیکەم کاریگەری نەرێنی ئەو کێشانە لە نێو حیزبدا کەمتر بکاتەوە؟ چۆن حیزبی دێموکرات دەتوانێت وێڕای رکابەرێتی و کێبرکێی سیاسی نێوخۆیی کە بۆ هەر حیزبێک سرووشتیە کارەکانی بە باشی بەڕێوە ببات و چینێکی تێکنۆکراتی هەبێت کە لەژێر کاریگەری ئەو شەڕە دەسەڵاتانە بە فیڕۆ نەچێت؟

لە راستیدا بەڕێوەبەری هەر حیزبێکی سیاسی و بوون بە ئەندامی رێبەری لە نێو هەر حزبێکدا خاوەنی دوو رەهەندە، یەکەمیان رەهەندێکی سیاسی و دووهەم رەهەندێکی مودیریەتی و کارگێڕی. ئەم گۆڕانکارییەی پەسەندکراوی کۆنگرەی شازدە، پێش لە هەرشتێک جیاکردنەوەی شوێنگەی ئەو دوو رەهەندەیە لە نێو پێکهاتەی حیزبدا و دانپێدانانە بەو دوو رەهەندی بوونە. لە پێکهاتەی پێشوودا ئەو دوورەهەندیە بە فەرمی ناناسێنرێت و هەمان سیمای سیاسی هەر هەمان سیمای کارگێڕییە کە ئەمە دەبێتە کاریگەری لە رادەبەدەری شەڕی دەسەڵات و رکابەرێتی دەسەڵات لەسەر شێوازی راپەڕاندن و بەڕێوەبردنی کارە ئیجراییەکان؛ لە ئاوا سیستمێکدا مێکانیزمی بڕیاردان زۆر لاواز، هێواش و ناکارامە دەبێت و بەڕێوەبردنی بڕیاریش چەند ئەوەندە دژوارتر.

لە سیستمی نوێدا، نێوەندی سیاسی شوێنێکە کە لایەنە جیاوازەکانی نێو حیزب دەتوانن لە کێبڕکێ و رکابەرێتی سیاسی لە نێو کۆنفرانسەکان و لە نێو کۆنگرەدا هەوڵ بدەن کە کورسی زیاتری لێ وەربگرن و لەوێ لە نێوان یەکتر رکابەرێتی خۆیان بەردەوام بکەن. بەڵام ئەم شەڕە سیاسییە، لە پێکهاتەی نوێدا، کاریگەری زۆر کەمتری لەسەر شێوازی بەڕێوەبەری حیزب دەبێت. لە سیستمی نوێدا باڵی ئیجرایی واتە کارگێڕی حیزب، وەکوو کابینەیەک هەڵسوکەوت دەکات کە پاش وەرگرتنی متمانە لە لایەن نێوەندی سیاسییەوە لە بەرامبەر لێپرسراوی گشتی بەرپرسیار دەبێت.

ئەمە وا دەکات یەکەم، ئەو کەسانە بۆ کاری ئیجرایی و کارگێڕی هەڵدەبژێردرێن کە نزیک بە یەکتر بن و کەمتر لە نێوانیان جیاوازی بێتە ئاراوە. دووهەم هەڵبژاردنیان نەک لە سەر ئەساسی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان فراکسیۆنە جیاوازەکان یان لەسەر ئەساسی رەهەندی سیاسی، بەڵکوو لەسەر بنەمای لێوەشاوەیی بێت؛ واتە لە درێژخایەندا ئەو کەسانەی کە لەو بەشە کار دەکەن پێویست ناکات سەر بە هیچ لایەنێکی نێو حیزب بن بەڵکوو تەنیا ئەوەندە بەسە کە هەندێک تێکنۆکرات بن کە لە مێژووی کاری خۆیان لە نێو حیزبدا تەخەسۆسێکی تایبەتیان لە نێو خۆیاندا بە ئەزموون و فێر بوون گەشە پێدابێت و پیشانیان دابێت کە کارەکە بە باشی بەڕێوە دەبەن. بۆ وێنە بۆ ئەوەی کەسێک ببێت بە بەرپرسی بەشی ماڵی پێویست ناکات سەر بە لایەنێکی نێو حیزب بێت یان پێویست ناکات کە لە نێوان شەڕی دەسەڵاتی لایەنەکان دەنگ بێنێتەوە بەڵکوو تەنیا پێویستە کەسێک بێت کە پێشتر وەکوو بەرپرسێکی ماڵی ئۆرگانەکانی خوارتر خاوەن مێژوو و سابقەیەکی کاری بێت و کاری خۆی بە شێوەیەکی باش بەڕێوە بردبێت یان بۆ وێنە ئەگەر لێپرسراوی گشتی دەیهەوێت کەسێک وەکوو بەرپرسی پێشمەرگە هەڵبژێرێت پێویست ناکات ئەو کەسە لە نێوان شەڕی دەسەڵاتدا دەنگی هێنابێتەوە بەڵکوو زیاتر لە جاران دەتوانێت لێوەشاوەیی بۆ ئەو کەسە لە بەرچاو بگرێت.

لە سیستمی نوێ هەروەها پرۆسەی بڕیاردان و بە ئەنجام گەیاندن ئاسانتر و خێراتر دەبێتەوە؛ دیارە لە سیستمی کۆمیتەی نێوەندی و دەفتەری سیاسیدا، سکرتێری گشتی ناچارە بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی خۆی کە لەسەر ئەساسی ئەو بەرنامەیە دەنگی هێنێوەتەوە بەڕێوە ببات، پێویستە هەموو لایەنەکانی نێو کۆمیتەی نێوەندی و دەفتەری سیاسی بە قەناعەت بگەیەنێت و ئەو پلانەی خۆی بکات بە بڕیاری یەکێک لەو دوو شوێنە کە ئەمە خۆی پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و هەروەها ئیجرایی کردنەوەشی زۆر گرێدراوی حەزی ئەو بەرپرسەیە کە بۆ ئەو شوێنە دەنگی هێنێوەتەوە، بەڵام لە سیستمی نوێدا بەرپرسانی بەشە ئیجراییەکان لەبەرامبەر لێپرسراودا وەڵامدەرن و وەکوو کابینەیەک ناچارن کە بڕیارەکانی لێپرسراو بەڕێوە ببەن کە ئەمە بۆ خۆی بەشێکی زۆر لە کۆسپەکان لەبەردەم کاری ئیجرایی و کارگێڕی لە نێو حیزبدا لادەبەن، هەروەها ئەوەیکە لێپرسراو ئەو بەرپرسانە وەکوو کابینەیەک هەڵدەبژێرێت وا دەکات کە کابینەکە تا رادەیەکی زۆر یەکدەست بێت بۆیە کاری ئیجرایی و کارگێڕی بە شێوەیەکی ئاسانتر و خێراتر بەڕێوە دەچێت.

بەڵام ئایا ئەمە قوربانی کردنی دێموکراسی نییە لە پێنێو خێراتر کردنی کاری ئیجرایی و زیاتر کردنی کارامەیی رێکخراوەیی دەزگاکانی حیزب؟ ئایا ئەم سیستمە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە دەستی یەک کەسدا نییە؟ ئایا ئەم کۆکرنەوەی دەسەڵاتە ناتوانێت حیزب بەرەو دیکتاتۆری ببات؟ بۆ ئەوەی ئەو باسانە زیاتر لێک بدرێنەوە پێویستە تا رادەیەک بچینە نێو باسی دێموکراسی و چییەتی دێموکراسی لە کۆمەڵگا و لە نێو حیزبەکان و رێکخراوەکاندا.

پێش لە هەر شتێک دەبێ ئەوە باس بکرێت کە دێموکراسی تەنیا گرێدراوی هەڵبژاردن نییە بەڵکوو هەڵبژاردن یەکێکە لە ئامرازەکانی دێموکراسی، هەروەها دێموکراسییەکی گەشەکردوو نەتەنیا پێویستی بە هەندێک دامەزراوەی هەڵبژێردراوی بەهێز هەیە کە هەموو لایەنەکان بتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵکوو پێویستی بە تێکنۆکراتی بەهێزیش هەیە کە بتوانێت کارامەیی و پوویایی هەبێت و بتوانێت نەزم و ئاسایش و گەشە لە هەموو رەهەندەکاندا بەرهەم بهێنێتەوە.

لە بەراوردێکدا لە نێوان دوو پێکهاتەی پێشووی حیزب و پێکهاتەی پەسەندکراوی کۆنگرەی شازدە بە نیسبەت کرایتێریا و شاخێسەکانی دێموکراسی، پێویستە بگوترێت پێکهاتەی نوێ نومرەیێکی باشتر لەو پێوەر و کرایتێریایانە وەردەگرێت. دێموکراسی هەڵبەت کەلتوورێکی بەهێزی نێو حیزبی دێموکراتە و لە هەر دوو سیستمدا بە شێوەیەکی زۆر بەهێز و بەهۆی ئەو کۆمەڵە بەهایانە کە بوونەتە بەشێک لە کەلتووری نێو حیزب دەپارێزرێت بەڵام ئەگەر بمانهەوێت ئەو دوو پێکهاتەیە بە نیسبەت پێوەرە بنەڕەتییەکانی دێموکراسی لێک بدەینەوە و بیاندەینە بەرچاو، پێکهاتەی نوێی حیزب لە هەرکام لەو پێوەرانە و لە کۆی گشتیدا نومرەیەکی بەهێزتر دێنێتەوە.

ئەگەر لە سیستمی پێشوودا ئێمە خاوەنی دامەزراوەی هەڵبژاردن و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان بووین بەڵام بە نیسبەت هەندێک پێوەری زۆر گرینگ بۆ دێموکراسی لاواز بووین کە ئەم پێکهاتە نوێیە ئەو پێوەرانەش بۆ حیزب بەدی دێنێت. یەکەم باسی هەرە گرینگ لەم پێوەندییەدا دابەش بوونی دەسەڵاتە بە شێوەیەکی مودێڕن. دیارە هەندێک جار کە دەستەواژەی دابەش بوونی دەسەڵات دێتە ئاراوە، لەوانەیە لای ئێمە ئەو بیرۆکەیە پێک بێت کە مەبەست دابەش‌کردنی دەسەڵات و هێزە لە نێوان فراکسیۆن و لایەنە جیاوازەکانی نێو حیزبدا کەچی ئەو شێوازە لە دابەش‌کردنی دەسەڵات نەتەنیا هیچ نزیکییەکی لەگەڵ ئەو دابەش‌کردنی دەسەڵاتە کە مەبەستی کرایتێریاکان و پیوەرەکانی دێموکراسییە نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لە هەندێک ئاراستەی تیۆری بۆ سەر گەشە بۆ وێنە لە ئاراستەی هانتینگتۆندا ئەو شێوازە لە دابەش‌کردنی دەسەڵات هۆکارێکە بۆ قوربانی کردنی دێموکراسی و شێوازی مودێڕنی دەسەڵاتداری.

کاتێک کە لە مەبحەسی دێموکراسی باس لە دابەش‌کردنی دەسەڵات دەکرێت مەبەست دابەش‌کردنی سێ جۆری سەرەکی ئۆتۆریتەیە لە نێو کۆمەڵگادا واتە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، بەڕێوەبەری و چاوەدێری یان دادوەری. لە پێکهاتەی پێشوودا، هەموو ئەو سێ دەسەڵاتە لە یەک ئۆرگاندا کۆ دەبوونەوە، لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئاساییە کە کرایتێریا و شاخێسەکانی دێموکراسی بەرێژەیەکی زۆر دەبنە قوربانی کەچی لە پێکهاتەی نوێدا بە جیاکردنەوەی روون و دیاریکراوی ئەو سێ دەسەڵاتە، پێش بە کۆبوونەوە و تەمەرکۆزی هێز لە یەک ئۆرگاندا دەگیردرێت کە ئەمە خۆی یەکەمین پێشمەرجی دێموکراسییە.

لە پێکهاتەی نوێی حیزبدا حیزب خاوەنی ناوەندی سیاسییە کە یاساکان لە چوارچێوەی بڕیارنامەکانی کۆنگرە دادەمەزرێنێت و بڕیار دەدات کە دەستەی کارگێڕی پێویستە چەند کەس بن و لە کام چوارچێوەدا کارەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام ئەم ناوەندە تێکەڵ بە کاری ئیجرایی و کارگێڕی نابێت و ئەوە ناوەندی کارگێڕییە کە هەموو ئەرکە ئیجراییەکان لە چوارچێوەی یاساکانی ناوەندی سیاسی بەڕێوە دەبات. هەروەها حیزب خاوەنی دامەزراوە و ئۆرگانێکی تایبەت دەبێت کە دەسەڵاتی چاوەدێری و دادوەری پێدەدرێت کە بە تەواوەتی لەو دەزگایە جیاوازە و بەهیچ شێوە نە لە ژێر کاریگەری ئەواندا دەبێت و نە تێکەڵ بەو دوو کارکردەکەی ترەوە دەبێت.

بابەتی دووهەم کە بۆ سیستمە دێموکراتیکەکان زۆر گرینگە بابەتی کۆنتروڵ کردنی ئەو سێ دەسەڵاتەیە لە لایەن یەکدییەوە. ئەو شێوازە کونتروڵە کە لە دێموکراسییەکانی رۆژئاواییدا پێی دەوترێت سیستمی چێک و باڵانس، وا دەکات کە پێش بە گەندەڵ بوونی دەسەڵات و گەورە بوونی لە رادەبەدەری یەکێک لەو دەسەڵاتانە بگیردرێت. لە پێکهاتەی پێشوودا لەبەر ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە یەک ئۆرگاندا کۆ دەبوونەوە، هیچ کۆنترۆڵێک لە نێوان دەسەڵاتە جیاوازەکان بوونی نەبوو، بەڵام لە پێکهاتەی نوێدا سیستمی پێویست بۆ چێک و باڵانس دانراوە؛ بۆ وێنە ناوەندی سیاسی توانایی ئەوەی هەیە کە لێپرسینەوە لە لێپرسراوی گشتی بکات و ئەگەر بە پێویستی زانی لەسەر کارەکەی خۆی لای بدات. هەروەها لە پێکهاتەی نوێدا هەرکام لە بەرپرسانی بەشە ئیجراییەکان پێویستە لە لایەن ناوەندی سیاسییەوە هەڵبژێردرێن؛ لەلایەکی ترەوە لە پێکهاتەی نوێدا یەکێک لەو ئۆرگانانەی کە کاریگەری زۆر گرینگی لە پێناو سیستمی کۆنترۆڵی دەسەڵاتەوە هەیە ئۆرگانی چاوەدێری حیزبە کە بەپێی بڕیارنامەی کۆنگرەی شازدە دەبێت دابمەزرێت و ئەرکی چاوەدێری و دادوەری بەڕێوە ببات.

تا ئێستا وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر روونە کە ئەم گۆڕانکارییانە نەتەنیا دێموکراسی نێو حیزب ناکاتە قوربانی بەڵکوو بەپێچەوانەوە نومرەی گشتی دێموکراسی لە نێو حیزبدا و بەپێی کرایتێریا و پێوەرەکانی دێموکراسی باشتر دەکات. هەروەها بە پێی ئەو باسانە زۆر روونە کە دابەش بوونی جۆری دەسەڵاتەکان و هەبوونی سیستمی چێک و باڵانس واتە کۆنترۆڵێک کە دەسەڵاتەکان بەسەر یەکەوە هەیانە ئیمکانی ئەوەیکە دەسەڵات لە یەک شوێندا کۆ ببێتەوە و تەمەرکۆز پێک بێنێت و کەسێک بکات بە دیکتاتۆر، لە کردەوەدا زۆر کەم و تا رادەی سیفر لە خوارەوەیە.

لە لایەکی ترەوە هەروەها کە پێشتر باسمان لێوە کرد دێموکراسی لە نێو حیزبی دێموکراتدا بە رەگەز داکوتانی هەندێک بەهای دێموکراتیک لە نێو کەلتووری حیزب پارێزراوە. کەلتووری سیاسی کە بریتییە لە هەندێک ئولگوو و پێوەری بنەڕەتی بۆ هەڵسوکەوت و هەڵبژاردنی سیاسی، لە نێو حیزبی دێموکراتدا بەشێوەیەکی بەهێز پارێزەری دێموکراسین؛ بۆ وێنە، گەورەترین بەهای نێو حیزبی دێموکرات دوور کەوتنەوەیە لە تاکپەرستی و شەخس‌پەرستی. کەلتووری نێو حیزبی دێموکرات نەتەنیا هەڵگری ئەوە نییە کە درووشمی بژی شەخس بوترێتەوە بەڵکوو هاوکاتیش کەلتوورێکە کە هیچ بەرپرسێک و هیچ تاکێک لە نێو ئەو حیزبە ناتوانێ خۆی پارێزراو لە رەخنەی ئەندامان بزانێت. ئەگەرچی مەرج نییە هەموو ئەندامانی حیزب بە یەک رادە لەژێر کاریگەری و پەروەردەی ئەو کەلتوورە بن، بەڵام هەموو ئەندامانی حیزب بە باشی دەزانن کە بەدەنەی حیزبی دێموکرات و کەلتووری سیاسی رۆژهەڵات هەڵگری شەخس پەرستی و بەرزکردنەوە کەسایەتی نییە، هەر بۆیە بۆ هیچ ئەندامێکی حیزب بینینی رەخنە لە ئەندامانی رێبەری و سکرتێری حیزب و رووبەڕوو کردنەوەی ئەو کەسانە لەگەڵ پرسیار لە نێو کۆبوونەوە تەشکیلاتییەکانی ئەو حیزبەدا بەهیچ شێوە دیاردەیەکی نامۆ نییە. ئەو کەلتوورە شانازی حیزبی دێموکراتە و هەموو ئەندامانی ئەو حیزبە دەتوانن بەو کەلتوورە مودێڕن و بەرابەری خوازانە شانازی بکەن.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت کە هیچ پێکهاتەیەک تاهەتایی نییە و هیچ پێکهاتەیەک بوونی نییە بۆ هەموو وەرزەکان، سەرکەوتنی ئەو گۆڕانکارییانە پێش لە هەرشتێک گرێدراوی هەوڵ و تێکۆشانی هەموو ئەندامان و ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکراتە و لەهەمان کاتدا گرێدراوی باوەڕی قووڵی ئێمەیە کە پێکهاتە و حیزب ئامرازێکن بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.