کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راسان و روانگەی چەند رەهەندی

19:42 - 15 گەلاوێژ 2718

کەریم پەرویزی

پرسیاری قووڵ و جیددی، لە زۆر بڕگەدا بەرەوڕووی تاک، گرووپ و نەتەوە دەبێتەوە و مێژووی مرۆڤایەتی و هەروەها مێژووی سیاسی و هزری لەو بڕگانەی زۆر تۆمار کردووە. لە وەها بەرەوڕووبوونەوەیەکدا زۆر جار مرۆڤەکان و گرووپەکان وڵامێکی تاکلایەنە و تاک‌رەهەندییان بە پرسەکان داوەتەوە، بەو مانایە کە لەژێر گوشاری سیاسی و ئابووری و هەڕەشەی ژیان و عەزی داهاتوو و دەیان پارامێتری دیکەدا، هێڵێکی یەکلاکەرەوەیان دەسنیشان کردووە و لەمبەری هێڵەوە بە دروست و ئەوبەر هێڵیان بە نادروست ئەژمار کردووە.

ئەو جۆرە وڵامە تاک‌رەهەندیانە، بە هەر هۆیەک کە کۆمەڵگای پێ ناچار کرابێ، لەبەر سادەبوونیان، زۆر زوو وەردەگیرێن و هەر لەبەر هێڵی روون دیاریکردنیان کۆمەڵگا ئاسان لێیان تێدەگا، بەڵام لەبەر تاک‌رەهەندی بوونیان، لایەنی زۆری بێوەڵام هێشتۆتەوە و لە راستیدا بۆتە وڵامێکی ئیدئۆلۆژیک کە لە مێژوودا زۆر تاوان بەناوی ئیدئۆلۆژییە تاکرەهەندەکانەوە خووڵقاون.

ئەساسی باسەکە لە دۆزی ئێستای کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵاتدا ئەوەیە کە ئایا لە سەردەمێکدا کە کوردستان پێی ناوەتە قۆناخی راسانەوە، لەولاشەوە کۆمەڵگای بەشەکانی دیکە لە ئێراندا خەریکە دەکوڵێن و هەردەم لەوانەیە ئەم گڕکانانە ئاگردانیان بتەقێتەوە، دەبێ چۆن بڕوانینە پرسێک بە ناوی دێموکراسی لە ئێراندا؟

پرسیارەکە گەر تاکلایەنە لێی بڕوانین دەتوانین وەها وڵام بدەینەوە کە ئێمەی کوردستانی خێرمان لە نەتەوەی دەوروبەر نەبینیوە و لە سەر ئەساسی ئەزموون و بێخێریی دیتران، باشتر وایە خۆمان بەهێز بکەین و لە دێموکراسی بۆ دەوروبەر گەڕێین. ئەم وڵامە بەرەو چ داهاتوویەکی دیکەمان دەبا، جارێ لێی دەگەڕێین، بەڵام ئایا گەر لە چەند رەهەندەوە لێی بڕوانین و لە فیکری بەهێزکردنی راسان و بونیاتنانی داهاتوویەکی دیکەدا بین دەبێ چ وڵامێکی فرەڕەهەندیی دیکە بدۆزینەوە؟

هەر پرسیارێک تاکە یەک وڵامی نییە و تاکە یەک وڵام، وڵامی کۆتایی هەتاهەتایی نییە. هەر لەو کاتەدا دەتوانی بەدوای زۆر رەهەنددا بگەڕێی و وڵامەکان جیاواز بن.

یەکێک لەو وڵامانە دەتوانێ ئەوە بێ کە ئێمەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، چ بە دەستی خۆمان بێ یان نا، ئێستە لە جوغرافیایەکدا بە ناوی ئێران دەژین و هێشتا بڕیاری دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆمان نەداوە، کەوایە، هەم لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نێو ئەم جوغرافیایەدا پێویستمانە کە هاوبیر و هاوپەیمان بدۆزینەوە و هەزینەی بدەین کە ئەوان لە ئارمانەکان و ویستەکانی خۆمان تێبگەیەنین و لەباتی بیانوودان بۆ بەهێزبوونی شۆڤێنیزم لەنێویاندا، هەوڵ بدەین زۆر بەڕاشکاوانە و بە بێ شەرمکردن ویستی خۆمان و چۆنیەتیی باشتر ژیانمان پێکەوەیان بۆ باس بکەین. لەولاشەوە، مەترسیی بەرەو شۆڤێنزیم لە نێو کۆمەڵگای خۆمانیشدا لەبیر نەکەین، چوونکە راسانی نەتەوەیەک پێویستی بە پێکەوەبوونی هەموو نەتەوەکە هەیە.

راسانی رۆژهەڵات ناتوانێ هەم خەڵکی دیکە لە جوغرافیای هاوبەشی ئێراندا بەکەم بگرێ و بە سووک چاویان لێ بکا و هەم چاوەڕێ بێ کە ئەوان لە داهاتوودا نەبنە دوژمنی. هەر لەو کاتەشدا راسانی رۆژهەڵات ناتوانێ بە شەرمەوە بدوێ و داخواز و ئاواتەکانی خۆی و ئەرکەکانی بەرامبەریش باس نەکا. راسانی رۆژهەڵات لە هەمان دەمدا، ناتوانێ چاوی لەوە بێ هەموو کوردستانییەک بەشدار بێ لە راساندا، بەڵام بیری شۆڤێنیستی لە نێو کۆمەڵگەدا بڵاو بکرێتەوە و بەشێک یان چەندین بەشی کۆمەڵگاش و گرووپەکان پشتگوێ بخا، هەر لەهەمان کاتیشدا راسانی رۆژهەڵات ناتوانێ تەنیا لەسەر شانی یەک یان چەند گرووپی کۆمەڵگا بێ و ئەوانی دی لە دوورەوە دەستێک بە ئاگرەکە گەرم بکەن.

ئەمە دەتوانێ تەنیا یەکێک لە وڵامەکان بێ و وڵامی دیکەش بدۆزرێتەوە، بەڵام دێموکراسی یانی بەشداریی خەڵک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا، ناتوانێ بەشێک لە خەڵکی خۆت و خەڵکی دەوروبەر فەرامۆش بکا. هەر فەرامۆشکردنێک لە داهاتوودا بە تۆفانێکەوە بەرەوڕووت دەکاتەوە.