کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راهێنەری (Coaching) - بەشی دووەم

15:17 - 15 خاکەلێوه 2717

مەنسوور عەزیزی

دانانی پلانی کار

کام دژواری و دەرفەتانەمان لە پێشن؟

گەورەترین بەربەستەکان لە بەردەم گۆڕان و پێشکەوتندا، بیرکردنەوە دەقگرتووەکانن.

“گورباتشۆف”


ئێمە ناتوانین نووشتەت بۆ بکەین بۆ ئەوەی سەرکەوی وەک بەڕێوەبەرێک. ئێمە دەتوانین نووشتەی ئەوەت بۆ بنووسین کە هەڵە بکەی.

<< هەوڵ بدە کارێک بکەی کە هەمووان ڕازی بن>>
“سیمس و لۆرێنزی”

“کەوچین”یارمەتیی تاک دەدات بۆ ئەوەی شێوەی بیرکردنەوە، بوونایەتی و شێوەی فیربوونی خۆی پێش بخات لە پێناو پێکانی ئامانجەکەیدا.
ڕاهێنەری یارمەتیی تاک دەدات بۆ ئەوەی پێناسە و دووبارە پێناسەی بارودۆخەکان بکاتەوە و ڕێفۆرم لە ئامانجدا بکات و ئامرازی نوێتر بەکار بهێنێ بۆ ئەوەی بگات بەو ئاکامانەی کە دەیەوێن. ڕاهێنەری کردن، خاڵە سەرەکییەکان لە گۆڕەپانی تاکیی تاک وەردەگرێ: بۆ نموونە، تاک چۆن بیر لە بارودۆخی ئێستای دەکاتەوە، ئەیەوێ بە کام قۆناغ بگات و چی بکات بۆ گەیشتن بەو جێیەی کە دەیەوێ.

لە بەڕێوەبەری و هاوکاریدا، هەندێک دژواری هەن کە سەرنجی تایبەتیان ئەوێ. ئێمە پێمانوایە لەو مەیدانەدا ڕاهێنەری دەتوانێ وەڵامێکی باش بێ. لە نزیکەوە بەو دژوارییانەدا دەچینەوە کە دەکرێ لە مەیدانی تاکیی کەسەکاندا هەست پێبکرێن.

_ بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان.

_ پێشکەوتنی ناکاریگەر لە بەڕێوەبەریدا.

_ ئەو تیمانەی کە وەڵامدەر نین.

_ ئەو دژبەیەکی و کارەساتانەی کە لە بەڕێوەبەری وهاوکاریدا دەبینرێن.

_ پەروەردەی منداڵان و پەروەردەی گەورەساڵان.

٢.١بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان:

بەڵێ بیری لێبکەوە، ئارەزووی بکە، بتەوێ، بەڵام ئەنجامی بدە!
نە من ئەوە نازانم!
“پێر گینت”

“فێفر و سوتتۆن”(٢٠٠٠) ئاماژە بەو بابەتە دەکەن کە بە “بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان”ناسراوە. بە بڕوای “فێفر و سوتتۆن”بەڕێوەبەران زیاتر زانیاری کۆدەکەنەوە و کەمتر عەمەڵ دەکەن. ئەمەش دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەی کە کاتەکان بەکار بهێنرێن بۆ کۆبوونەوە، پێشکەشکاری، پلان دانان و کۆنفرانس گرتن. هەندێک جار ئەم چالاکییانە ئەبنە جێگرەوەی هەنگاوی بەکردەوە. چەند کۆبوونەوە دەگیرێن و لە کۆتاییدا لەو کۆبوونەوانەدا بڕیار دەدەن کە کۆبوونەوەی زیاتر بگرن. کاتێکیش لە کۆتاییدا توانییان بە بڕیارێک بگەن، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئەو بڕیارەی دراوە، وەک خۆی ئەنجام بدرێ. ئەمەش دەتوانرێ پێی بگووترێ “نەخۆشیی کۆبوونەوە”و کاتێک کە کۆبوونەوەش دەگیرێ چەند کۆمیتەیەک کەم دەکرێنەوە، لەبەر ئەوەی دەیانەوێ قۆناغی ئەنجامی ئەرکەکە وەدوا بخەن. (هەروەها لەوانەیە لەبەر ئەوە بێ کە مرۆڤ بیەوێ لە ڕادەبەدەر هاوکارەکانی خۆی بخاتە نێو ڕاوێژکارییەکی هاوبەشەوە). لە وەها حاڵەتێکیشدا بە دواداچوون بۆ ئەوەی کە بزانی ئایا بڕیارەکان ئەنجام دراون یان نە، کەمە. بەرپرسەکان پێیان باشە کە بڕیارێک بدرێ، بەڵام ئەوان بە ئەندازەی پێویست بۆ ئەنجامدانی بڕیارەکە، وزە و هێز دانانێن.

نموونەیەکی دیکەی “بۆشایی نیوان زانین و ئەنجامدان” کە دەتوانین بیبینین ئەوەیە کە هاوکارەکان دەزانن چی بکرێ بە قازانجترە، بەڵام ڕێکخراوەکە هەندێک کار دەکات بە پێچەوانەی ئەوەیە و پێشنیارەکان لە گۆڕ دەنێ. لە نێوان تیئۆری و ئەنجامداندا جیاوازی هەیە. گەر حاڵەتەکە ئەمە بێ، دەکرێ وابێ کە ڕوانگە و باوەڕەکانی ڕێکخراو تەڵەیەکیان لە خۆیاندا هەڵگرتبێ: بەرپرسەکان نایانەوێ کێشەکان چارەسەر بکەن کە ئەمەش بە پێی ئەرزشە بنەماییەکانی ڕێکخراو، نابێ ڕوو بدات.

ڕێکاری دۆزینەوەی ڕێگەچارە زۆرن: تەنیا هەبوونی زانیاری نییە، بوونی ویستی ئەنجامدانیش کە پەسنی پێشبڕکێیەتیی هەیە، گرنگە. ئەو توانایی و زانیارییانەی کە بەکار دەهێنرێن ،زیاتر بە هۆی فێربوون لە ڕێی ئەنجامدانەوە وەدەست دێن نەک لە ڕێی خوێندنەوە، گوێگرتن یان بیرکردنەوەوە. یەکێک لە دژوارییەکان ئەوەیە کە زانیارییەکان لە سەر باشتربوون لە خانەی “تەنیا زانیارییەوە”بخەیتە خانەی کردەوەوە کە دەبێتە هۆی زۆر ئاکامی بە بەرهەم.

بە بڕوای “فێفر و سوتتۆن”ڕێکخراوە زیرەک و شارەزاکان کەسانی شارەزا دەبەنە جێگە سەرەکییەکانی ئورگان و ئەمەش ئەبێتە هۆی پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ. زمانی بەرخوردیان سانا و ڕاستەوخۆ و ڕوونە و شارەزای بەرخورد کردنن. هۆشی تەندروست پاداش ئەکرێت و ئەو بڕیارەش کە دراوە ڕەچاو دەکرێ و ئەنجام دەدرێ. قسەکردن لە ئەنجامەکاندا تەواو دەبێ نە لە قسەکردنی زیاتردا. داوای لێبوردن کردن و بەهانەهێنانەوە بۆ نەچوونە پێشی کارەکان، بە هیچ شێوەیەک قەبوڵ ناکرێ. لێرەدایە کە دیسان ئەرکەکان دادەڕێژرێنەوە و تێپەڕیان دەکەین. ئەبێ لە نێو ڕێکخراودا هەوڵ بدرێ لەم خاڵانەی خوارەوە دووری بکرێ: کێبەرکێ نەرێنییە نێوخۆییەکان، هەڵسەنگاندن و دانی پاداش لە پێوەندی لەگەڵ ڕەفتارە خراپەکان ، ترس و نەبوونی هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا. ئەبێ هەوڵ بدرێ کێبەرکێیەکی پەسندار لە ڕێی ئەنجامەکانەوە، دروست بکرێ. ئێمە بە شێوەی گشتی زیاتر شارەزای ئەوەین تیئۆری بدەین و مۆدێلەکان پێش بخەین و کەمتر دەتوانین بە کردەوە شتەکان ئەنجام بدەین.

گەر بەرپرس، ڕاهێنەر یان کەسێکی سەرەوەی خۆی هەبووایە کە وەک ڕاهێنەر کاری لەگەڵ کردبا، ئەوە ئێمە لەگەڵ دژوارییەکی دیکە لە پێوەندی لەگەڵ “بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان”دا، ڕوبەڕوو دەبووینەوە .

ئەودەم ڕاهێنەر لە بەرپرسەکەی دەپرسی کە چ بژاردەیەکی هەیە بۆ ئەوەی “بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان” تێپەڕێنێ و هەروەها ڕاهێنەر دەیتوانی ئاماژە بکات بە بژاردەکانی خۆی و بەرپرسی لەگەڵ ئەوە ڕوبەڕو دەکردەوە کە بژاردەی تەواوکەری ئەنجام هەڵبژێرێ و بە دوای ئەنجامەکاندا بچێت. ئەو ڕاهێنەرەی کە دەپرسێتەوە لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکان و ئاکامی ئەنجامدانی کارەکان، دەتوانێ “بۆشایی نێوان زانین و ئەنجامدان” پڕ بکاتەوە.

لە تیئۆریی بەڕێوەبەریدا قورساییەکی زۆر لەسەر خودی نێوەڕۆک دادەنرێت، بە زمانێکی دیکە باس لەوەیە کە ڕێبەرەکان دەبێ چی بکەن.

کەمتر لەسەری باس دەکرێ کە ڕێبەرەکان چۆن دەبێ ئەو کارە بکەن، واتە چ میتۆدێک بەکار دێنن. پێوابوونێکی بناغەیی هەیە کە دەڵێ: کاتێک بەڕێوەبەرەکان زانیاریی پێویستیان وەدەست خست لەسەر چۆنیەتیی ئەنجامدانی کارێک، ئەوە ئەودەم دەتوانن ئامانج بپێکنن وئەو ئاکامەش وەدەست بێنن کە پێویستە. بەڕێوەبەران و هاوکارانیان پێویستییان بە هاوکاری هەیە لە بە ئەنجامگەیاندنی خودی کارەکە بۆ ئەوەی بە کردەوە سەرکەوتوو بن.

٢.٢ پێشکەوتنی ناکەریگەر لە بەڕێوەبەریدا:

هەموو ساڵێک پارەیەکی زۆر لە پێناو شێوەکانی فێرکردنی بەڕێوەبەر، بارهێنانی بەڕێوەبەری پێشکەوتوو و تەمرین کردن بە بەڕێوەبەر، خەرج دەکرێ. ئەو لێکۆڵینەوانەی لەو پێوەندییەدا کراون، بە شیوەی کاتی ئەوە نیشان دەدەن کە کاریگەریی ئەم شێوە هەوڵدانە زۆر جیاواز بووە.

یەکێک لەو پێوابوونانە ئەوەیە کە ئەگەر زانیارییەکان، هەڵوێست و هەستەکانی بەڕێوەبەر بگۆڕی ئەبێتە هۆی گۆڕان لە بوونایەتیی ئەودا و هەروەها ئەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێکخراوەکەش بگۆڕدرێ.

“بێر، ئایسنستات و سپێکتۆر”(١٩٩٠) بە شیوەی کاتی پێیانوایە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گۆڕینی ڕێکخراو ئەوەیە پێمانوابێ ئورگان تەنیا لە کاتێکدا دەگۆڕدرێ کە بەرنامەی گۆڕانی تێدا ئەنجام بدەین. بەرپرسەکان زۆر جار ئەوەی کەچەندە دەتوانێ زەحمەت بێ ئاڵۆگۆڕ لە ئورگاندا پێکبهێنرێ، زۆر بە کەم دەگرن.

“میللر”(١٩٩٠) لە لێکۆڵینەوەکەی خۆیدا لە پێوەندی لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بەرپرس لە بەشی گشتیدا، هیچ نیشانەیەکی نەبینیییەوە نیشان بدات ئەو بەرنامەیە ئاڵوگۆڕی پێکهێنابێ. ئەو بەرنامەیە نەیتوانی ئامرازێکی سەرکەوتوو بێ لە پێناو گەیشتن بە ئاڵوگۆڕ.

“مۆڕۆ، جاڕێت و ڕوپینسکی”(١٩٩٧) لە ڕێی نرخاندنەکانی خۆیانەوە ئەوەیان نیشان داوە زۆر لەو ئامرازانەی لە نێو ڕێکخراوە گەورەکاندا لە پێناو گۆڕیندا بەکار دەهێنرێن، بێ‌بایەخن.

بارکر (١٩٩٧) پێیوایە کە خول کردنەوە بۆ بەڕێوەبەران هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. لەبەر ئەوەی لە خولەکاندا دەگوترێتەوە، بە زەحمەت دەتوانرێ لە سەر کاردا ئەنجام بدرێ. هۆکارەکەش ئەوەیە مەودایەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو میتۆد و تکنیکانەی لە خولەکەدا فێرکارییان لەسەر دەکرێ و ئەو دژوارییانەی کە لەسەر کاردا هەن، هەم لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاریی نێوان تاکەکان و هەم لە سەر ئاستی ئورگاندا.

“پیکێرینگ و ماتسۆن”(١٩٩٢) پێیانوایە ، بەرپرسێک پاش ئەوەی کە بە شەوقێکی زۆرەوە پاش تەواوکردنی خولەکانی تایبەت بە بارهێنانی بەرپرس، دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، هەست دەکات کرێکارەکان خۆ ئەدزنەوە لەو ئاڵوگۆڕانەی ئەو پێشنیاریان دەکات و تەنانەت لە دژی ئەو بیرۆکانەشی ئەوەستنەوە کە تایبەتن بە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ. هۆکارەکەش ئەوەیە کە کرێکارەکان یان هاوکارەکان، ئەو زانیارییانە فێر نەبوونە کە بەرپرسەکە لە ڕێی تەواوکردنی خولەکەدا وەدەستی هێناوە.

بە هۆی هەندێک کولتووری بەهێزی دروستبوو، یاسا، نۆرم، بەها و کۆمەڵێک خدەی جێگرتوو لە ئورگاندا، زۆر جار ئاڵوگۆڕ بە زەحمەت دروست دەبێ. ئەو کولتوورە هەبووانەی وەک بەها هاوبەشەکان، ڕوانگە و لێکدانەوەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی کە چۆن تاکەکانی ئورگان مامەڵە لەگەڵ یەکدی و خەڵکی دیکە بکەن، زۆر جار پێشی ئەوە دەگرن کە کەسی بەشدار بوو لە خولەکان بتوانێ ئەو شتانەی فێریان بووە،لە ئورگاندا جێبەجێیان بکات.

“ئیستر بی سمیتس و تورپ ئی بۆرگۆینە و ڕینۆڵدس”(١٩٩٧) ئاماژە دەکەن بە خوێندنەوەیەک کە پێوەندیی نێوان پێگەیاندنی بەرپرس و ئەو دەستکەوتانەی کە ئورگان بەدەستینا دێنی (مانگهام و سیلڤر ١٩٨٦) دەردەخات.راپۆرتی لێکۆڵینەوەکان هیچ شتێکی تایبەتیان لە پێوەندی لەگەڵ دەرکەوتە ئورگانییەکانی تایبەت بە پێگەیاندنی بەرپرس و ئەو دەستکەوتانەی کە لە ئورگاندا وەدەست دێن، نیشان نەداوە.

بە گوێرەی “مۆکس نێس”١٩٨٦ “کیلە”پێیوایە ستراتیژییە کاریگەرەکان لە پێناو پێگەیاندنی تاک لە ئورگاندا یەکسان نین لەگەڵ ئەو ستراتیژییە کاریگەرانەی کە بۆ پێشخستنی خودی ئورگان پێویستن.

بارهێنانی بەرپرس، دەتوانێ دەستکەوتی تاکە کەسیی تێدا بێ بۆ هەر تاکێک کە بەشداری تێدا دەکات، بەڵام لەو پرۆسەیەدا دەستکەوتی ئورگان کەمترە. “مۆکنس”(١٩٨٦) تەنیا یەک خول لەو خولانەی کە تایبەتن بە بارهێنانی بەرپرس، دەتوانن ئاڵوگۆڕی درێژخایەن لە تاکی بەشداردا دروست بکەن.

“ئیبتسون و نێڤێل (١٩٩٦) و “ستۆڵز”(١٩٩٢) هەر کامەیان لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیاندا دەچنە سەر باسی ڕاهێنانی دەرەوەیی و کاریگەرییەکانی ئەو شێوە ڕاهێنانە لەسەر لایەنی شارەزاییە کۆمەڵایەتی و هەستییەکانی تاک. هەردوو خوێندنەوەکە ئاوا نەتیجە دەگرن کە ئەو شێوە بەرنامە دەرەوەییە لەسەر ئەزموون پێکهاتووانە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی و شارەزاییە هەستییەکانی تاک نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەم پروگرامانەی ڕاهێنان، لایەنگریان زۆر زۆر بووە.

دەتوانرا لەو پێوەندییەدا زۆر لێکۆڵینەوەی دیکە کەڵکی لێ وەرگیرابا. ئاکامی سەرەکی بە شێوەی کاتی لەوانەیە ئەوە بێ کە پێناچێ شێوە جیاوازەکانی بارهێنانی بەرپرس_ لەگەڵ ئەوەی کە هەندێک ئاکامی ئەرێنییان لێدەبینرێ_ ئەو کاریگەرییانەیان هەبێ کە لێیان چاوەڕوان دەکرێ.

رێبازی بە ناوبانگ بە بارهێنانی بەرپرسی هەڵکەوتوو:

رێبازی جیا جیا هەیە بۆ ئەوەی بتوانی ڕێبەریان بەرپرسیان تێدا بار بهێنی. “فویلمور و گیبس وکیس (١٩٩٨) خوێندنەوەیان لەسەر باشترین ڕێکخراوە فێرخوازە سەرکەوتووەکان کردووە و هەڵسەنگاندنیان لەسەر ئەو ڕێبازانەی کە زۆرترین کەڵکیان لەو پێوەندییەدا لێ وەرگیراوە، کردووە و باشترین شێوەکانیان دۆزیوەتەوە. بۆ نموونە لەوانە دیالۆگ، فێربوون لەسەرهەڵوێست گرتن و بیرکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کارگەکەت وەک ئەوەی ئیدەئالی تۆیە کە لە ماوەی نزیک بە دە ساڵ کار بکات و لەگەڵیدا کار بکەی و چاوەدێریی بکەی بزانی چی لەو ماوەیەدا ڕوو دەدات. ئەمە پرۆسەیەک لە خۆ ئەگرێ بۆ ئەوەی ئەو شارەزاییانەی هەن و لە ڕێکخراوەکەدا پێویستن،رێکبخرێن و پێناسەیان پێبدرێ بەو جۆرەی کە بەردەوام و لە هەر بارودۆخێکی دیاریکراودا لە بەردەستدا بن.

“فاڵمر و گۆڵد سمیتس”(٢٠٠١) هەشت ئورگانیان دۆزییەوە کە ئەو لێکۆڵەرانە پێیانوایە ڕێبەری هەڵکەوتوو بار ئەهێنن. لە نێو ئەوانە دەتوانین ئاماژە بدەین بە “هەولیت پاکهارد”، “شێل ئینترناشناڵ”، “وۆرد بانک”.

فاڵمر و گۆڵد سمیتس لەو پرۆگرامانەی کە ئاکامی ئەرێنییان ئەبێ، شەش نیشانە باس دەکەن. ١. ئەوە قەبول بکرێ کە شێوەی فێرکردن و شێوەی فێربوون هەردوکیان وەک یەک ، گرنگن. ٢. بگەیە ئەو ئاستەی کە هاوڕایی دروست ببێ لەسەر کێشە و دەرفەتەکانی ئورگان.٣. ڕۆڵی مامۆستایەتی بدەی بە ڕێبەرە هەڵکەوتووەکان. ٤. بە شێوەیەکی ڕوون بەڵێن لە بەشداران بستێنی کاتێک گەڕانەوە سەر کارەکانیان، ئەو شتانەی فێری بوونە بیخەنە خانەی کردەوەوە و ئاڵوگۆڕی ڕوون و بەرچاو دروست بکەن. ٥. ئەوەی لە خولەکاندا فێرکاری لەسەر کراوە، لە کولتووری ڕێکخراوەییدا بەهێزتر بکرێ لە ڕێی بەکردەیی کردن و ئەنجامی ئەرکەکانی ڕۆژانەی ئورگاندا.

٦. ئەو پروگرامە دەبێ سەرنجی بخاتە سە ڕئەوەی کە ڕۆڵی ڕێبەریی کارای ڕێکخراو بە باشی بەڕێوە بچێ. ئەمە زۆرجار بەو واتایەیە کە کاریگەری دابنرێ لەسەر شێوەی بیرکردنەوە و بوونایەتیی بەرپرس تا ئاستێک کە ئەوان فێری گۆڕان ببن.

فۆلمر و گۆل سمیتس (٢٠٠١) بۆ ئەوەی لەمەدا سەرکەوتوو بن، شێوە ڕاهێنانێک پێناسە دەکەن لە پێنج قۆناغدا: ١. دانپێدانان بە دژوارییە دەرەکییەکان و پێویستی بە ئاڵوگۆرە نێوخۆییەکان. ٢. ڕونکردنەوەی ئەو قۆناغەی کە هەوڵی بۆ ئەدرێ. ٣. بڕیاردان، بە کارهێنانی شارەزایی و ئامرازەکان بۆ دانی بڕیار لەو کاتانەی کە پێویستن.٤. هەڵسەنگاندنی تایبەتمەندییەکانی بارهێنانی بەرپرس بە سیستمەکانی دیکەی ئورگان، بۆ نموونە، وەڵامدانەوەی ٣٦٠ دەرەجە. ٥. هەڵسەنگاندن و نرخاندنی پرۆژەکە.

ئەمانەی سەرەوە ئەو خاڵانەن کە زۆر باش دێنەوە لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە بە ناوی << فێربوونی ئاوەزمەندانە>> نێودێڕ کراوە و “کەوچین”یش لەسەری دامەزراوە. لەم فۆرمەدا هەم شێوەی فێرکاری و هەم نێوەڕۆکی فێرکاری وەک یەک گرنگن. بەرپرسەکان ئەبێ ڕۆڵی ڕاهێنەریان هەبێ.

ئەکتەرەکان ئەبێ بارودۆخێک کە تێیدان، دیسان پێناسە بکەنەوە، ئامانج دیاری بکەنەوە و لە پرۆسەی بە ئەنجامگەیاندنی پرۆژەکان، فێر بن.

راهێنەری واتە سەرنج خستنە سەر پرۆسەی ئەنجامدان و ئاکامی ئەنجامدان، بەڵام هاوکات بەرپرسەکان ناچار بکەی کە خۆیان وەڵامە دروستەکان بدۆزنەوە. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو خولە فەرمییانەی تایبەت بە بارهێنانی بەرپرسانە کە لەواندا زیاتر سەرنج لەسەر تیئۆرییە و ڕاوێژکارەکانیش هەموو وەڵامەکانیان لە لایە. “کەوچین”بە تەواوی بەستراوەتەوە بە فێربوون لە ڕێی ئەنجامدانەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنجامدانەکان.

٢.٣ ئەو تیمانەی کە وەڵامدەر نین:

بۆ ئەوەی ئامانجێک بپێکی ، لە خێزان، قوتابخانە و لەسەر کار، پێویستی بە کاری هەرەوەزی هەیە. بۆ نموونە ئەکتەرەکان ئەبێ لە چارەسەرکردنی کێشە و دژبەرییەکاندا شارەزا بن.

“ئیرون، پلۆنیک و فری”( لە مۆکسۆن ١٩٩٣) پێیانوایە هەر تیمێک چواربەربەست یان دژواریی لە پێشە لە کارەکانیدا.

کێشەی دیاریکردنی ئامانج:

ئایا ئەرکەکە ڕوون و دیاریکراوە؟ ئامانجە سەرەتاییەکانی تیمەکە چین؟ بە پێی ڕیزبەندی چارەسەرکردنەکان، کێشە لە نەکاوەکان چۆن دبن؟

کێشەی ڕۆڵگێڕان:

ئەندامانی تیمەکە چ چاوەڕوانییەکیان لە یەکدی هەیە؟ ئایا چاوەڕوانییەکان گوتراون، ئایا ئەو چاوەڕوانییانەی کە گوتراون، لەگەڵ چاوەڕوانیی دیکەی تیمەکە، دێنەوە؟

کێشەی پرۆسە:

بڕیارەکان چۆن لێکدەدرێنەوە؟ ئایا دیالۆگی نێوان ئەندامانی تیم یان دیالۆگ لە نێوان تیمەکان، باش دەچێتە پێش؟ چۆن چالاکییەکان هاوئاهەنگ دەکرێن؟

کێشەکانی پێوەندییەکان:

ئەندامانی تیمەکە چۆن هەڵسوکەوت لە گەڵ یەکدی دەکەن؟ ئایا پێویستییە تاکییەکان تێگەیشتنیان لەسەر دەکرێ و قەبووڵ دەکرێن؟ ئایا بەرپرس هانی ئەندامانی تیم دەدات و وەڵامدەری داواکانیان ئەبێ لە پێوەندی لەگەڵ چالاکیی هەرکامەیاندا؟ ئایا ئەندامان شارەزایی ئەوەیان هەیە هانی یەکدی بدەن و دان بە تواناییەکانی یەکدیدا بنێن؟ ئایا ئەندامان متمانەیان بە یەکدی هەیە؟

“کرەین “(١٩٩٩) بۆ ئەوەی تیمێک دروست بکەین کە لە ئاستی بەرزدا کار بکات، ئەبێ ئێمە ئەو ڕێکارە سەرەکییانەی تایبەتن بە چالاکیی بەرپرس و چاودێری و کۆنترۆل، بخەینە جێگەی شتی دیکە، لە ڕێگەی ڕەفتارێکی نرخ پێدراو لە ڕاهێنەریدا و هەروەها لە ڕێی دیالۆگ و پێوەندییەوە.

پێوەندی، بەردەوام ڕۆڵێکی سەرەکیی لە بەڕێوەبەریدا هەبووە و دەبێ، بەڵام ئەو شێوە پێوەندییەی ئێمە بەکاری دێنین، دەتوانێ کاریگەریی بەرچاوی هەبێ لەسەر ئەنجامەکان. لەم ساڵانەی دواییدا واتای ڕێبەریکردن گۆڕاوە و “کەوچین”بووە بە میتۆدێکی بەرچاو بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بی. ئەو کەسانەی کە پێشتر بەکار دەهاتن بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنن، چیدی ئەوەندە دەوام ناهێنن و سیستمە کڵێشەییەکانی کار و “هیرارشی”یەکانی پێشوو، چیدی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە.

بیرێکی نموونەیی مودێلێکە کە فێرمان دەکات چۆن ڕاستی هەست پێبکەین.ئەوەش بۆ نموونە دەتوانێ ئەوە بێ کە ئێمە چۆن لە تیمێک تێبگەین و ئەو شتانە کامانەن کە دەتوانن تیمەکە بەرەو سەرکەوتن ببەن.

ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی دیکەی گۆڕانی نموونەکانین کە لەودا تواناییەکانی ئێمە لەسەر ئەوەی کە چۆن تیمێک بەرەو سەرکەوتن ببەین، ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە.

لەو پێوەندییەدا یەک لەو ئامرازە سەرەکییانە دەتوانێ “کەوچین”بێ (کرەین ١٩٩٩)

کاتێک کەسێک بیەوی بزانێ کە تیمێک چەندە کاریگەرە، دەبێ ئەو ئەنجامانەی کە وەدەست دێن، ڕێکوپێک بکات کە تیمەکە ئەنجامیان دەدات. بە گوێرەی “لینجۆنێ”(٢٠٠٢) پێنج هۆکار هەن کە دەبنە هۆی ئەوەی تیمێک بە گوێرەی پێویست باش کار نەکات و ئەو هۆکارانەش بریتین لە:

نەبوونی متمانە:

بوونی متمانە بە یەکدی لە نێوان ئەنداماندا بناغە بنەڕەتییەکانی پێکهاتەی تیمێکە بۆ ئەوەی بتوانن سەرکەوتوو بن. متمانە کاتێک دروست دەبێ کە کەسێک پێشوەخت وا ڕەفتاری کردبێ، یان کارێکی وای کردبێ تۆ متمانەی پێبکەی. لە تیمێکدا گەر ئەندامەکان متمانەیان بە یەکدی نەبێ، لاوازیی بنەڕەتی هەیە. ئەوەش کە متمانە بوونی نییە، زۆر جار ئەوەیە کە ئەندامەکان هەستیاریی خۆیان نیشان نادەن. ئەوان گومانیان هەیە بتوانن بە گوێرەی پێویست کراوە بن و لەوە دەترسن کە کراوە بوون ببێتە هۆی ئەوەی زیانیان بەرکەوێت. ئەوان ناوێرن وەک ئەوەی کە هەن خۆیان پیشان بدەن و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی خۆیان باس بکەن. دەترسن لەوەی ئەو شتانەی باسیان دەکەن، لەوانەیە دواتر لە دژیان باس بکرێنەوە و بەکار بهێنرێنەوە. هەربۆیە زۆر گرنگە لە یەکەم هەنگاوەکانی دروستکردنی تیمێکدا متمانە بکەیتە بناغەی بۆی.

نیگەرانی لە بوونی کێشە و دووبەرەکی:

گەر ئەندامانی تیمەکە متمانە لە نێوانیاندا نەبێ، ناتوانن دیالۆگێکی کراوە و باشیان هەبێ لە نێوان خۆیاندا. لە پێوەندی لەگەڵ باسەکاندا ڕونکردنەوەی ڕونیان بۆ یەکدی نییە و هانی یەکدی نادەن بۆ کاری ئەرێنی.

بە پێچەوانەوە لە وەها تیمێکدا هەر کەسێک هەوڵ دەدات ئاگای لە خۆی بێ، شتەکان بشارنەوە و باسیان نەکەن و بەسەریاندا تێپەڕن. ئەوان بابەتەکان تەماوی دەکەن و بە بەرنامە و پلانی نهێنییەوە کار دەکەن و وا نیشان دەدەن کە هاوڕان و کێشەکانیان چارەسەر کردووە. هەروەها هەوڵ دەدەن کارێکی وا بکەن گەر کەسێک لە دەرەەی ڕێکخراوەکە چاوی لە بارودۆخەکە کرد، وا بزانێ هیچ کێشەیەکیان نییە و ئەمەش هەم ئینرژی دەوێ و هەم کات.

نەبوونی پابەندی:

گەر لە تیمێکدا نەتوانرێ بیروباوەڕە جیاوازەکان باس بکرێ، ئەندامانی ئەو تیمە ناتوانن ئەوەندە لە کارەکانیاندا بچنە پێش کە ببنە خاوەن یەک لێکدانەوە لە سەر بارودۆخەکە. ئەمەش ئەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانن یەکدەنگ بن لەسەر ئەوەی کە ئەیانەوێ بە کوێ بگەن. لە وەها تیمێکدا ئەندامان پێیانوایە ڕؤڵێکی ئەوتۆیان نییە لەو بارودۆخەی کە تێیدان و هەست دەکەن ئەرکێکی کەم لەسەر شانی ئەوانە لەپێوەندی لەگەڵ ئەو کارەی کە دەبێ بکرێ. لێرەدایە کە دەبینرێ بڕیارەکان تەماوی و ناڕوونن و تایبەت نەدراون بەوەی بتوانن پابەندییەکی دەرونناسانە دروست بکەن.

ئەمەش وا دەکات ئەندامەکانی ئەو تیمە حەزی کارکردن، ئینرژی و ئەنگێزە لەدەست بدەن و کەم تا زۆر ڕازی نین بە بڕیارەکان و بەو کارانەش کە دەکرێ.

هیچ کەسێک لێپرسینەوەی لێناکرێ:

نەبوونی پابەندی، بەرپرسایەتی و بڕیاری ناڕوون، ئەبنە هۆی ئەوەی نەتوانی بە باشی لێپرسینەوە لە خەڵک بکەی لە سەر ئەو کارانەی کە کردوویانە. گەر کەسێک بەرپرسایەتیی دیاریکراو و یاسا و ڕیسای دیاریکراو و ئامانجی دیاریکراو و تایبەت بە خۆی نەبێ، ئەودەم زەحمەتە هەموو ئەندامانی دیکەی تیمەکە بە بەرپرسیار بزانی لە بەرانبەر ئەو کارانەی کە دەیکەن.

ئەمەش ئەبێتە هۆی نەرمەلیقە بوون و کارایی کەمتر و لێرەدایە کە ئەندامەکان لە ئاستێکی بەرچاودا بەرپرسایەتییەکانی خۆیان بە لاڕێدا دەبەن. ئەمەش واتە لایەنێکی نەرێنیی مارپێچی دروست بووە کە دەربازبوون لێی، زەحمەتە.

سەرنجنەدانی پێویست بە ئاکامەکان:

کاتێ ئامانجەکان ناروونن و لێپرسینەوە نییە، کەسەکان وەسواس دەبن و بە دوای دەستکەوت و حەزە تاکییەکانی خۆیاندا دەچن و ئیدی کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە تیمەکەی یان ڕێکخراوەکەی دەبێ چ ئامانجێک بپێکێ و ئەمەش لادانێکی گەورە لە ڕێبازەکەدا دروست دەکات. لە ئاکامدا فێربوونی مارپێچی ، خۆی بە هێزتر دەکات و ئەودەم دژوار ئەبێ ئەو تیمە بتوانێ ئەو ئەنجامەی کە بەدواوەیەتی و هەوڵی بۆ داوە، وەدەستی بهێنێ.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.