کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ رۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی ژنان + وتووێژ

14:01 - 17 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: خەتەنەکردنی کچان، یەکێک لەو دیاردانەیە کە بە روونی پێشلکردنی مافی ژنانە و ئەمەش لە حاڵیک دایە کە تاکوو ئێستاش ئەم دیاردەیە هەروا بەردەوامە و قوربانیی لێ دەکەوێتەوە.

بە پێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەست‌دان، لەماوەی هەر ١٠ چرکەدا لە شوێنێکی ئەم دنیادا، کچێک خەتەنە دەکرێ‌، ئەوە بۆ ژنان و کچان سەرەتای ژیانێکی پڕ دەرد و کێشەیە.

یەکەم جار لە ٦ی فێوریەی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی‌دا ئستێلا ئوباسانجۆ خانمی یەکەمی وڵاتی نیجریە لە کۆنفرانسێک کە لەلایەن کۆمیتەی ئافریقایی مەزهەبە کاریگەرەکان لەسەر تەندروستیی ژنان و منداڵان بەڕێوەچوو، ئەو رۆژەی پێشنیار کرد و دواتر کومیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو رۆژەی وەک رۆژی جیهانی بەرنگاربوونەوە دژی خەتەنەکردنی ژنان پەسند کرد.

9042.jpg

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، یوونیسێف، یونسکۆ، مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکەی پەیوەست بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دژ بە خەتەنەکردنی ژنان بڵاوکردەوە و تێدا باسیان لەوە کرد کە ئەو کردارە نە تەنیا هیچ سوودێکی پزیشکی نییە بەڵکوو لە زۆر لایەنەوە زەرەمەند و زیانبەخشە.

لە راستیدا خەتەنە بڕینی بەشێکە لە \'\'کۆئەندامی زاوزێ\'\'ی ژنان بەناوی (کلیتوریس) کە بە بڕینی ئەو بەشە هەستی ژنانەیی لەناو دەچێت و ژن هەتا کۆتایی تەمەنی لە چێژی جینسی بێ‌بەش دەبێـت.

بڕینی کلیتوریس، زۆر ئاسەواری جەستەیی و دەروونی بە دوای خۆیەوە دێنێت، وەک زیان گەیاندن بە شوێنی تێپەربوونی میز (مجرا)، هەڵایسانی درێژخایەن، دروست‌بوونی چڵک لە ناوچەی تێپەربوونی میز، خوێنڕێژی، خەمۆکی، لەدەست دانی چێژی جینسی، ساردبوونە لە جووت بوون، راوەستانی سووری مانگانە، کۆبوونەوەی خوێن لە زگ و دژواربوونەوەی دەورانی سووری مانگانە و منداڵ بوون.

9043.jpg

بەپێی راپۆرتێکی بونیادی حەشیمەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکی ١٤٠ میلیون ژن لە دونیا خەتەنە کراون و بە پێ ئامارەکانی یوونیسێف، رێکخراوی تندروستیی جیهانی، ساڵانە لانیکەم ٣ میلیون ژن و کچ لە تەمەنی منداڵی تا ١٥ ساڵان لە ٢٨ وڵاتی ئاسیایی و ئافریقایی خەتەنە دەکرێن. ٧٩%ی کچانی خەتەنەکراو لە وڵاتانی ئافریقایی و لەسەدا ١٢شیان لە وڵاتانی ئاسیایین کە ٩١%ی قوربانیانی خەتەنە، کچانی تەمەن ٤ بۆ ١٠ ساڵانن. لە ساڵی ١٩٩٧ هەتا ٢٠٠٦ رێژەی خەتەنەکردنی ژنان بە شێوەیەکی لەسەرخۆ کەم بۆتەوە.

لە ناوچەکانی باشوور و کوردنشینی ئێرانیش خەتەنەی ژنان بوونی هەیە، خەتەنە لەو ناوچانە‌دا زۆرتر لایەنی ئایینی لەخۆ دەگرێت و ژنان بە حوکمی ئایین و سوننەتی بوونی کۆمەڵگا خەتەنە دەکرێن. زۆربەی خەتنەکردنەکان لە بارودۆخێکی سەرەتایی و ناتەندروست ئەنجام دەدرێت‌و هیچ جۆرە دەرمانێکی هۆشبەر بەکار ناهێندرێ‌. کچان لە رێگەی هەر ئامرازێکی بەردەست خەتەنە دەکرێن وەک تیغ، چەقۆ، مەقەست و ...

9041.jpg

لە یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە ئێران جێبەجێ‌دەکرێ، باسێک لە خەتەنە نەکراوە، بەڵام بڕینی ئەندامێک یا بڕیندارکردنی بە تاوان ئەژمار دەکرێ‌و خەتەنە بڕینی بەشێک لە جەستە و بریندار کردنیەتی و لە کاتی روودانی تاوان کەسی زەرەرمەند دەتوانێ‌سکاڵا لە دادگا تۆمار بکات.

بەڵام چونکە کرداری خەتەنە لە تەمەنی منداڵی ئەنجام دەدرێ‌و لە لایەنی یاسایی‌یەوە دەبێ سەرپەرستیی ئەو منداڵە سکالاکە تۆمار بکەن،‌کەوایە سەرپەرستی منداڵەکە دایک و باوکی ئەون و سکاڵا دژی خۆیان تۆمار ناکەن. بەو پێیە دەبێت کچەکە بگاتە تەمەنی یاسایی بۆ ئەوەی بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کردارەی کە لەسەری ئەنجام دراوە بکات و ئەوەی کە دوای ئەو ماوە زۆر چون بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو مەسەلەیە دەکرێ‌. بەو جۆرەش کە زانراوە تا ئێستا حاڵەتێکی لەم شێوە نەبینراه.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ زیاتر شیکردنەوەی پرسە پێوەندیدارەکان بە خەتەنەکردنی ژنان، سەبارەت بە ئەم دیاردەیە رای توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، چالاکێکی مافی ژنان و چالاکێکی ئایینی وەرگرتووە کە لێرەدا سەرجنتانی بۆ رادەکێشین:

9045.jpg
شنە ساڵحی، توێژەری کۆمەڵایەتی

کوردستان میدیا: هەستی کچێکی خەتەنەکراو لە ناو کۆمەڵگادا بە نیسبەت خۆیەوە چۆنە؟

شنە ساڵحی: دەتوانین بڵێین ئەم دیاردەیە دوو لایەنی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت؛ لایەنی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جۆرە کچانەی کە روانینی ئایینی و مەزهەبییان هەیە. ئەم کارە سەخت و پڕ لە مەترسییە، بە بەشێک لە پێویستییەکانی ژیانی خۆیان دەزانن، چونکە بڕوای گشتیی بەشێک لە تاکی ئەو کۆمەڵگایانە، ئەوەیە کە ئەو کچانەی خەتەنە ناکرێن خواردنی دەستیان حەرامە و بە داوێن پاکیان نازانن ئەوەش دەگەڕێتە بۆ ئەو داب و نەریت و ئایینەی کە ئەرکەکەی خستۆتە سەر کۆمەڵگای سوننەتی.

لایەنی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک کچ پێ دەگات و هوشیاریی تەواو پەیدا دەکات لە زیانەکانی تێ‌دەگات، ناتوانێ هیچ کاردانەوەیەکی هەبێت لەگەڵ ئەو زیانە فیزیکییەی کەلە منداڵیدا بەسەری هاتووە، چونکە منداڵ بێ دەسەڵاتە و لەژێر کونترۆڵی دایک و باوکی و هەروەها رێسا و نۆڕمی کۆمەڵگە دایە و بە ئاسانی دەتوانرێ زیانی پێ بگەیەنرێت.

کوردستان میدیا: بەڕای ئێوە ئاسەوارە کۆمەڵایەتییەکانی خەتەنەکردنی کچان، چین؟

شنە ساڵحی: لەو کۆمەڵگایانەدا کە خەتەنەکردن تێیایاندا باوە، چ لە لایەنی فیزیکی و چ لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی گۆڕینی دەدرێت، مەبەستیش لەم گۆڕینە فیزیکی و سەپاندنی کۆمەڵایەتییە، ئەوەیە کە کونترۆڵ‌کردن و گونجاندنی ژن لەگەڵ دیدێکی تایبەتدا، خەتەنەکردن بە یەکێک لە کاریگەرترین توندوتیژی دادەنرێت، کە ئافرەت بەرەوڕووی دەبێتەوه کە بە هۆیەوە ئافرەت لە چێژی سێکسی بێ بەش دەکرێت ئەمەش دەبێتە هۆی دروست‌بوونی کێشەگەلێکی وەک لاوازبوونی پێوەندی، لێکترازانی خێزان و جیابوونەوە و خیانەتی هاوسەرگیری.

کوردستان میدیا: ئایا خەتەنەکردنی کچان ئێستاش لە کۆمەڵگای ئێمەدا هەیە؟ ئەگەر هەیە بۆچی خەتەنەکردنی کچان تاکوو ئێستاش بەردەوامە؟

شنە ساڵحی: ئەگەر بڵێین ئەو دیاردە دزێوە لە کۆمەڵگادا نەماوە راست نییە، بەڵام بە خۆشییەوە بە هۆی بەرزبوونەوەی هوشیاری دایک و باوکان و هەروەها کۆمەڵگای کوردییەوە، توانیویەتی هەتا رادەیەک کەم بێتەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین هەر بەردەوامە و بەشێک لە کچان تاکوو ئێستاش قوربانی ئەو دیاردە دزێوەن لە کۆمەڵگادا کە بەکورتی دەتوانین لە سێ خاڵدا کۆیان بکەینەوە:

9040.jpg

ــ دەسەڵات و رێکخراوەکانی ژنان هەنگاوێکی جدییان لەم بوارە هەڵنەهێناوە بۆ لەناوبردنی ئەم دیاردەیە.
ــ ئاشکرایە کە تاکەکانی کۆمەڵگا بە ئاسانی قەبووڵی ئەو کەسانە ناکات کەلەسەر داب و نەریتەکانی ئەو کۆمەڵگا ناڕۆن.
ــ هەروەها ئایین و تاکەکانی کۆمەڵگاش نەیانتوانیوە درک بە خراپی و زەرەرەکانی خەتەنە بکات لە‌ رووی جەستەیی و فەسلەجی (دەروون و پێکهاتەی مرۆڤ) و دەروونی و سێکسییەوە.
کوردستان میدیا: ئیسلامی بوونی کۆمەڵگای ئێمە و بە گشتی ئایینی ئیسلام لە خەتەنەکردنی ژنان رۆڵێکی هەیە؟

شنە ساڵحی: دەکرێ بڵێین ئایینی ئیسلام تەنیا وەک سونەتێک دەڕوانێتە ئەو دیاردەیە، وەک هەندێ لە شارەزایان، ئایینی ئیسلام بە سەرچاوەی خەتەنەکردن نازانن لە هیچ دەقێکی کتێبی ئاسمانی ئەو ئایینەدا نەهاتووە، پێی وایە خەتەنەکردن پێش لە ئایینی ئیسلام هەبووە، بەڵام کاتێک ئایینی ئیسلام سونەتی کردووە لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا و وەکوو ئەرکێک سەپاندوویەتی بەسەر تاکەکانی بۆیە رۆڵی هەیە لە جێ‌بەجێ‌کردنی بە تایبەت لە کۆمەڵگایەکی سوننەتی کە تاکەکانی پابەندن بە بیڕوڕا ئایینییەکان لێی لانادان، چونکە وا هەست دەکەن کە لابدەن دەبنە کەسێکی نامۆ و پەراوێزخراو لە کۆمەڵگادا.

خەتەنەکردنی کچانیش یەکێکە لەو بیروبڕا ئایینییانەی کە سەپێندراوان بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا و ئەوانیش پەیڕەوی دەکەن بە بێ لەبەر چاوگرتنی ئاسەوارە نەرێنی و روخێنەرەکانی.

کوردستان میدیا: کۆمەڵگای ئیسلامی چۆن دەڕوانێتە خەتەنەی ژنان؟

شنە ساڵحی: تێڕوانینمان بۆ روانگەی کۆمەڵایەتی لەسەر ئە دیاردەیە دەکرێ بڵێین ئەو پرسە زۆرتر بۆ داب و نەریت و کولتووری کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە جا ئەو کۆمەڵگایە چ کۆمەڵگایەکی سوننەتی بێت یا پێشکەوتوو.

ئەگەر ئەو دیاردەیە تەنیا پەیوەست بکەینەوە بە ئیسلام و کۆمەڵگای ئیسلامی تارادەیەک دوورە لێی چونکە لە نێو کۆمەڵگەکانی غەیرە ئیسلامیش ئەم دیاردە هەبووە لە پێش ئایینی ئیسلامیش ئەم دیاردەیە هەبووە، بەڵام دەکرێ بڵێین روانگەیەکی کولتووری و سوننەتییە.

هەنووکە روانینی کۆمەڵگا بۆ ئەم دیاردەیە دوو روانگەی جیاواز هەیە لە نێو کۆمەڵگای ئیسلامدا:
ــ ئەو روانگەیەی کە ئەو دیاردەیە بە بەشێکی باش و سوننەتێکی ئایینی و مەزهەبی دەزانن و پەیڕەویی لێ دەکەن.
ــ روانگەی دووەم پێچەوانەی روانگەی یەکەمە کە بە دیاردەیەکی توندوتیژ و قیزەون بۆسەر ئافرەت وەسف دەکەن و دەبێتە هۆی دروست‌بوون و سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خێزاندا.
border=0
هاجەر قادری، چالاکی مافی ژنان

کوردستان میدیا: روانگەی فمینیستەکان بە گشتی بە نیسبەت خەتەنە کردنی کچانەوە چییە؟

هاجەر قادری: ئەگەر بێت و ئێمە پێناسەیە‌کی کورتی فیمینیزم بکەین؛ بزووتنەوەیەکی جیهانییە بە دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوەی دژ بە‌‌ژنان. خەتەنەکردنی کچانیش یەکێکە لەو توندوتیژییانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە کەلە ئەنجامی ئەم کارە نەشیاوە ژنان تووشی چەندەها کێشە و گرفتی دەروونی و جەستەیی دەبن.

کوردستان میدیا: ئایا بەس ژنان بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی خەتەنەی کچان بە سەرنجدان بەوەی کە بە دەستی ژنان دەکرێت؟

هاجەر قادری: خەتەنەکردنی کچان راسته بەدەستی ژنان ئەنجام دەدرێت بەڵام ئەوه ‌ناگەیەنێت کە ژنان بە تەنیا تاوانبارن لە ئەنجام‌دانی ئەم کارە، بەڵکوو دەوڵەت و کۆمەڵگا و تەنانەت بنەماڵەش تاوانبارن؛ بۆ نموونە ئێمە لە کوردستانی رۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی دیکتاتۆردا دەژین کە هیچ باوەڕی بە مافی مرۆڤ نییە و هیچ یاسایەک نییە بۆ بەرگری‌کردن لە مافەکانی ژنان. هەروەها دواکەوتوویی کۆمەڵگا و ئەو داب و نەریت و کولتوورانەی پەیڕەو دەکرێن هۆکاری سەرەکین بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە.

کوردستان میدیا: دەرەنجامەکانی خەتەنەکردنی کچان چییە؟

هاجەر قادری: خەتەنە لەڕووی جەستەیی و دەرونی و تەندروستییەوە کاریگەری خراپی هەیە، بڕینی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێی مێینە کە به ‌بڕینی ئەو بەشە هەستی ژنانە لەناو دەچێت و تا کۆتایی ژیانی لە چێژتنی چێژی سێکسی بێ بەش دەبێت و ئەو زیانانەی کەلە ساتی ئەنجامدانی کارەکە بەرەوڕووی کچەکە دەبنەوە بۆ نموونە ئازاری زۆر خوێن بەربوون هەوکردن و سووتانەوە و ئەو ئازارانەی کەلە داهاتوودا تووشی ژن دەبێت وەک تێکچوونی باری دەروونی، ئازاری زۆر لە کاتی سووری مانگانە و زۆربەی ئەو ژنانەی کە خەتەنە دەکرێن تووشی نەزۆکی دەبن.
9044.jpg
مەلا عەلی سێڵاو، چالاکی ئایینی

کوردستان میدیا: ئایا ئیسلام دەستووری داوە بە خەتەنە کردنی کچان؟

مەلا عەلی سێڵاو: هیچ ئایەتێکی راشکاو لەسەر ئەم بابەتە لە کتێبی ئایینی ئیسلامدا لە بەر دەستدا نییە و وتەیەکی پەیغەمبەریش کە مووتەئەککید (متأکد) بێت لەسەر خەتەنەکردن لە بەر دەستدا نییە هەر چەند لە مەزهەبی ئیمامی شافعیدا بە واجب ئەژمێردراوە خەتەنە کردنی نێرینە و مێیینە، بەڵام لای زۆرینەی مەزهەبەکانی‌تر وەک حەنەفی و مالیکی بە سوننەت دانراوە و لای ئیمامی حەنبەڵی خەتەنەکردنی نێرینە واجیبە و باسێک لە مێینە نەکراوە.

کوردستان میدیا: پێتان وایه بۆچی خەتەنە کردنی کچان بووەتە سوننەت؟

مەلا عەلی سێڵاو: من پێم وایە ئەم کارە پێش ئایینی ئیسلامیش بوونی هەبووە بەتایبەت لە ناو یەهوودییەکاندا و لە کۆنەوە نەریتێکی کۆنەی هیندێک نەتەوەی گەورە و بچووک بووە ناکرێت هەر هەمووی بخەیتە سەر ئیسلام بە تایبەت خەتەنەکردنی ژنان سەبارەت بە خەتەنەی ژنان فەرمایشتێکی تایبەتی پێغەمبەرمان نییە کە ئەمری راستەوخۆی بەم کارە واتە بڕاندنی بەشێک لە لەشی ئافرەتان کردبێت بە بیانووی ئەمرێکی ئیلاهی و ئەگەر پێشیشی لەم کارە نەگرتووە هۆکارەکەی زیاتر بۆسەر نەریتی کۆمەڵگای ئەو کات گێڕاوەتەوە هەروەک ئەوە ژنێک کە لە مەدینە خەتەنەی دەکرد پێغەمبەر پێی وت وریا بە لە خەتەنە کردندا زیادەڕەوی نەکەیت و رەنگە ئەو کات هۆکاری کەش و هەوا و ژینگە و بێهداشتی ئەو دەم ببێتە هۆکار بۆ خەتەنەکردنی رەگەزی مێینە و هیندێک نەریتی کۆن کە باسم کرد.

کوردستان میدیا: روانگەی ئیسلام بە نیسبەت خەتەنەکردنی کچانەوە چییە؟

مەلا عەلی سێڵاو: بەگشتی خەتەنەکردن بۆ پیاوان عادەتێکی ئایینییە و ناکرێت رەتی بکەینەوە چونکە هەموومان باش دەزانین ئاڵەتی شەهوانی (تناسلی) پیاو لەگەڵ هی ژن لێک جیاوازە و رەنگە خەتەنەکردنی پیاوان شتێکی زۆر گرنگ و باش بێت بۆ بێهداشتی پیاو بەڵام هی ژنان تۆزێک جیاوازی هەیە من دەڵیم ئەم جۆرە خەتەنەکردنانە کە ئێستا باوە لەناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا زیادەڕەوییە و جۆرێک ناڕەوایە بۆسەر رەگەزی ژنان من بە باشی دەزانم ئەم ئەرکە زیاتر بگەڕێتەوە سەر پسپۆرانی عیلمی پزشکی تاکو ئەوان هەستن بە ئیزندان، یان پێش گرتنی خەتەنەکردنی ژنان: هەرچەند ئیمامی ئیبنی تیمیە لە کتێبی \'\'مجموع الفتاوی جلدی ٢١ لاپەرە ١١٤\'\' بە واجیبی دەزانێت و مەلا محەممەد رەبیعیش لە کتێبی \'\'باقیات الصالحات جلدی ٣ لاپەرە ١٧٩\'\' بەرەوای دەزانێت بەڵام زۆرینەی مامۆستایانی زانای بواری ئایینی دەفەرموون ئەگەر زەرەری بۆ گیانی، یان رەوانی ژن هەبوو نەکردنی واتە خەتەنەکردنی و خۆلێ پاراستنی باشترە مادام لە مەسڵەحەتی ژن دانییە گوناهـ نییە با خەتەنە نەکردرێن و منیش لەم سەردەمەدا ئەم بابەتە بە گرنگ نازانم وا باشترە ئەگەر پزشکان پێشگیری دەکەن با ئەمە باو بێت.

کوردستان میدیا: پەیغەمبەری ئیسلام وەکوو پیاوێک، چۆن وتوویانە کە دەبێ کچ خەتەنە بکرێت، ئەم بڕیارەی حەزرەتی محەممەد چ بنەمایەکی هەیە؟

مەلا عەلی سێڵاو: راستەوخۆ ئەمری پێ نەفەرمووە بەڵکوو پێشی لێ نەگرتووە لە بەر نەریتی کۆمەڵگای ئەو دەم خۆ زۆر زاناش بە حەرامی دەزانن وەک دوکتور مستەفا زەڵمی ئەوە خوێندنەوەی خەڵکە بۆ ئەم بابەتە دەستوورێک ئیجباری خودا نییە هیندێک پێیان وایە دروستە هیندێک پێیان وایە ناڕەوایە ئەوەی گرنگە ئەمەیە ئاخۆ ئەم خەتەنەیە مەترسی بۆ ژن هەیە، یان نا؟ ئەگەر هەیەتی با نەکردرێت و ئایینیش ئەکات رێگر نا بێت.

کوردستان میدیا: کەواتە ئێوە پێتان وایه کە حەزرەتی محەممەد راستەوخۆ ئەمری نەکردووە بە خەتەنەکردنی کچان، کەواتە بۆ ئێستا دەڵێن کە خەتەنەکردنی کچان سوننەتی پەیغەمبەری ئیسلامە؟

مەلا عەلی سێڵاو: گوفتار، یان رەفتار، یان بێدەنگی پێغەمبەر هەر هەمووی بۆ ئێمەی باوەڕمەند لە راستیدا بە لێکدانەوەی مەسایلی رۆژ دەبنە هۆکار بۆ ئەنجامدانی کارێک بەڵام زۆر کات بابەتەکان رەوانەی پزشک دەکرێن بە ناچاری وەک ئەوە بڵێین ئێسکی سەگ حەرامە بەڵام کاتێک مرۆڤ پێویستی پێ بوو و پزیشک ئەمری پێکرد راستەوخۆ دەبێتە ئەمرەکی ئیلاهی و دروستە بەکار بهێندرێت و حەڵاڵ دەبێت و ئەوجار بڵێن سوننەتە باشە و بەجێ نەگەیاندنی هێندێک لە سوننەتەکان کافرمان ناکات و گوناهباریش نابین زەمان و مەکان ئاڵوگۆڕێ بەسەر سوونەتەکان دادێنێت.

9039.jpg
کوردستان میدیا: خەتەنەی کچان لە روانگەی پزیشکییەوە رەت کراوەتەوە و ئێستا پاساو بۆ ئەم کارە بەس سوننەتەکانی پەیغەمبەری ئیسلامە، ئاخر پەیغەمبەر خۆ کچ نەبووە تا بتوانێت بڕیاری وا بدات و بیکات بە سوننەت، ئێستاش ئەگەر بڵێین ئەوە سوننەتە و لە کۆمەڵگای ئێمەدا رۆژانە ئەو سوننەتە بە دەیان کچ دەکاتە قوربانی و ئەمەش مافی تەنانەت مرۆڤیش دەباتە ژێر پرسیار، کەواتە ئێوە وەکوو مەلایەکی ئایینی قسەتان بۆ خەڵک چییە سەبارەت بە ئەم مەسەلەیە کەلە هەر لایەنێکەوە بۆی دەڕوانی هەڵەیە جگە لە سوننەتی پەیغەمبەر؟

مەلا عەلی سێڵاو: زۆرتر دەگەڕێتەوە سەر نەریتی کۆمەڵگا نەک دەستوورێکی \'\'مأکدی\'\' ئیسلامی تەنیا کاتی خۆی پێغەمبەر پێشی پێ نەگرتووە ئەو کات هۆکاری خۆی هەبووە ئێستا جیاوازە و هەتا ئەوەی وتووە زیادەڕەوی مەکەن لە خەتەنەدا ئەوەش جۆرێک هاندانە لە پێشگرتنی ئەم کارە لەسەر خەتەنەکردنی ژنان.

کوردستان میدیا: کەواتە ئێوە بەڕوونی دەڵێن کە پەیغەمبەری ئیسلام بڕیاری ئەمە نەداوە و تا ئەو جێگایەی توانیویە پێشی پێ گرتووە بەس لە بەر نەریتی کۆمەڵگا قەدەغە نەکرا؟

مەلا عەلی سێڵاو: زیاتر ئەوەیە بەڵی من دەڵێم ئەگەر ئێستا ئەو مابا زۆر بەراشکاوی قەدەغەی دەکرد.

دیمانه: هەیبەت کامرانی‌پوور