کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر كووبانی

01:03 - 29 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆسەر کووبانی و دەوروبەری، راگەیندراوێکی بڵاو کردەوە و ئەو کردەوەیەی مەحکووم کرد.

دەقی راگەیندراوەکە بەم چەشنەیە:

بە دوای شكستی چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەكانی كوردستانی باشوور‌ و جێ پێ‌لێژكردنیان لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە، تیرۆریستەكان‌ و جینایەتخولقێنەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دوو رۆژە هێرشی خۆیان بۆ شاری كووبانی‌ و دەورووبەری لە كوردستانی رۆژئاوا چڕتر كردووە. لە ئاكامی هێرشەكانی ئەم تیرۆریستانەدا شاری كووبانی لەگەڵ وەزعێكی تەواو نائاسایی بەرەوڕوو بووە‌ و ئاوایییەكانی دەورووبەری كەوتوونەتە بەر رەفتاری دزێو‌ و دڕندانەی ئەو جینایەتكارانەوە.

لە ئاكامی ئەم وەزعەدا تا ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە دانیشتوانی ئەم ناوچەیە ئاوارە‌و ناچار بە جێیهێشتنی شوێنی ژیانیان بوون‌و لە هەڵومەرجێكی دژواردا بەسەر دەبەن. بە درێژەكێشانی ئەم هێرش‌و پەلامارە دڕندانەیە وێدەچی رەوشی خەڵكی ئەو ناوچەیە لەوەش ئاڵۆزتر‌ و پڕمەترسیتر بێ‌.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران وێڕای مەحكوومكردنی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ سەر كووبانی، ئەوپەڕی هاوسۆزی، هاوخەباتی‌و پشتیوانی خۆی بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە دەردەبڕی‌و داوای لەو دەوڵەت‌و لایەنانە دەكا سنوورەكانیان بە رووی ئاوارەكان بكەنەوە‌و ئەركی ئینسانی خۆیان بەجێ‌ بێنن.
داوا لە هێزە سیاسییە كوردەكان لە كوردستانی رۆژئاوا دەكا كە لەم هەڵومەرجە ناسكەدا كە بەرەورووی خەڵكی كووبانی بۆەتەوە بە یەكگرتوویی‌ و بە گیانی تەبایی بەرەورووی تیرۆریستان ببنەوە. ئەركی هەموو خەڵك‌ و رێكخراوەكانی كوردییە كە یارمەتی خەڵكی ئاوارەی كووبانی‌ و دەورووبەری بدەن.

هەر لەو كاتەدا داوا لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌ و سەرجەم كۆڕ‌ و كۆمەڵە مرۆڤدۆستەكان دەكا كە بە ئەركی ئینسانی خۆیان هەستن‌ و بە هانای ئاوارەكانی كووبانییەوە بچن كە بوونەتە ئامانجی كردەوە تیروریستییەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٢٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
١٩ی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٤ی زایینی