کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكرات بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پلینۆمی سێهەم

19:28 - 11 رێبەندان 2712

كوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەپێوەندیی كۆتایی هاتنی پلینۆمی سێهەمی كۆمیتەی ناوەندی راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكرات رێكەوتی ٨‌ی رێبەندان دەستی پێكرد و تێیدا كۆمەڵێك باس و باتی پێوەندیدار بە پێش هاتە سیاسییەكانی كوردستان، ئێران، ناوچە و جیهان ورووژێندرا.

دەقی راگەیەندراوەكە بەم چەشنەیە:

بۆ ئاگاداری رادەگەیەنین كە سێهەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندی هەڵبژیردراوی كۆنگرەی پانزدەهەمی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە بەشداری زۆربەی ئەندامانی ئەسڵی ‌و جێگرانی كۆمیتەی ناوەندی سەر لەبەیانی رۆژی یەك شەممە رێكەوتی ٨ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی بەرامبەر بە ٢٧ی ژانویەی ٢٠١٣ی زایینی پێكهات ‌و پاش ٣ رۆژ كاری بەردەوام ئێوارەی رۆژی سێ شەممە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.
پلینۆم بە راگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لەگیانی شەهیدان دەستی پێكرد و سەرەتا دەستووری كاری پلینۆم كە پێشتر بە ئاگاداری بەشدارانی پلینۆم گەیشتبوو خرانە بەر باس‌ و پاش پەسەند كردنیان سكرتێری گشتی حیزب بەڕێز مستەفا هیجری لێكدانەوەیەكی سیاسی لەسەر رووداوەكانی نێوان پلینۆمی دووهەم ‌و سێهەمی حیزب پێشكەش كرد.

ئەو لێكدانەوەیە زۆربەی مەسەلە ‌و پێشهاتەكانی جیهانی، ناوچەیی، ئێران ‌و كوردستانی بە گشتی لەو ماوەیەدا لە خۆ گرتبوو.

هەڵبژاردنەوەی دووبارەی ئوباما بە سەرۆك كۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و پێوەندییە جیهانییەكانی ‌و رادەی هاوهەڵوێستی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بە وردی ئاماژەیان پێكرا ‌و شوێندانەری ئەو هەڵوێست‌ و ئاڵوگۆڕانەی لەسەر رەوتی رووداوە جیهانیەكان ‌و ناوچەییەكان بە تایبەت ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست شێكرانەوە.

تەوەرێكی دیكەی لێكدانەوەكە دۆخی ناوچەی رۆژهەڵات ‌و ئاڵۆزییەكانی ئەم ناوچەیەی وەك درێژەی خەباتی خەڵكی سوریە ، ئاڵۆزییەكانی میسر خرا بوونە بەر باس‌ و ئاكامی ئەو دۆخە لەسەر داهاتووی ناوچەكەی روونكردەوە.

لەپێوەندی لەگەڵ ئێراندا لێكدانەوەكە ئاماژەی بە كێشەی ئەتۆمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ دونیای دەرەوە كردبوو ‌و بە سەرنجدان بە نیگەرانی جیهانی لەدەست پێڕاگەیشتنی كۆماری ئیسلامی بە چەكی كۆمەڵكوژ ‌و بێ ئاكام بوونی دانیشتنەكانی ئاژانسی جیهانی وزەی ئەتۆمی ‌و وڵاتانی١+٥ لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ‌و لەو پێوەندییەدا، مڵ نەدانی ئەو رێژیمە بۆ لە نێو بردنی ئەو نیگەرانییە ‌و ئاكامەكانی ئەو رەوتە بێ‌سەرئەنجامەی بەروونی دەست نیشان كرابوون.

هەر لەو پێوەندییەدا لێكدانەوەكە ئاوری لەو گەمارۆیانە دابووە كە خراونەتەوە سەر كۆماری ئیسلامی ‌و لە شوێندانەری ئەو گەمارۆیانە لەسەر رێژیم لە لایەك‌ و لەسەر ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك لە لایەكی دیكەوە دوا بۆوە و پێشبینی ئەوە كرابوو كە درێژەدانی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی گەمارۆكان توندتر ‌و بەرینتریش دەكاتەوە.

لێكدانەوەكە ئاورێ‌ لە دۆخی وڵاتانی ناوچە بەگشتی دابووە ‌و لەو پێوەندییەدا هەنگاو نانی دەوڵەتی توركیە ‌و بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆكی P.K.K بۆ وتووێژ بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی كوردەكانی ئەو وڵاتە لە رێگای ئاشتیخوازانەوە بە كارێكی گرنگ لە پێناو قازانج ‌و بەرژەوەندی توركیە ‌و كوردەكان زانی بوو ‌و ئاواتەخواز بوو كە ئەم رەوتە سەرەڕای كوسپەكانی سەر رێگای بە ئامانجی كۆتایی بگا.

ئاڵوزییەكانی عێراق ‌و شوێندانەرییان لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێكی دیكە لە بابەتەكانی ئەو لێكدانەوەیە بوو، لەو پێوەندییەدا بەڕێز سكرتێری گشتی لەو باوەڕەدا بوو كە ئەو ئاڵۆزییانە بەم زووانە كۆتایی پێ‌ نایە، بە تایبەت كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی بە پێی پلان ‌و كار ‌و تێكۆشانی بەردەوام خەرێكی قوولتر كردنەوەی كێشە ‌و دوژمنایەتی نەتەوەیی ‌و ئاینییەكان بە قازانجی خۆیەتی، بۆیە پێویستە كوردەكانی عێراق یەكگرتوو‌ و وشیارانە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی لە ئاكامە نەخوازراوەكانی ئەم وەزعە بە دوور بن.

لە درێژەی ئەو لێكدانەوەیەدا دۆخی سووریە ‌و درێژەی ئەو شەڕەی كە نزیك بە دوو ساڵە لە نێوان حكوومەتی دیكتاتۆری ئەو وڵاتە ‌و خەڵكی ناڕازی پێكهاتووە خرا بووە بەرباس. لەو پێوەندییەدا ئاماژە كرا بوو كە هەرچەند حكوومەتی بشار ئەسەد بە هۆی یارمەتی بێ‌دریغی هاوپەیمانانی بە تایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ‌ بۆ ماوەیەكی دیكەش شەڕ ‌و كوشتاری خەڵكی بێ‌دیفاع‌ و ژن ‌و منداڵی سوریە بكوژێ ‌‌و وڵاتەكە زیاتر وێران بكا، بەڵام ئەم ماوەیە درێژخایەن نابێ‌ ‌و هێرشی كۆمەڵانی خەڵكی وەزاڵە هاتووی سووریە ئەو حكوومەتە دەرووخێنن‌ و بەشار ئەسەد‌ و دار‌ودەستەكەی هەر ئەو چارەنووسەیان تووش دەبێ‌ كە لە ماوەی 2 بۆ 3 ساڵی رابردوودا بەشێك لە دیكتاتۆرەكانی دیكەی ناوچە تووشی بوون.

سەبارەت بە دۆخی خوشك ‌و برا كوردەكانی ئەو وڵاتە بەڕێز سكرتێری گشتی حیزب وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە وەزعی دەیان هەزار بنەماڵە كە لەسەرمای زستاندا ناچار بە جێهێشتنی ماڵ ‌و شوێنی نیشتەجێی خۆیان بوون ‌و لە هەڵومەرجێكی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن، لەو باوەڕەدا بوو كوردەكانی ئەم وڵاتە دوای نەمانی ئەم حكوومەتە بێ‌گومان دەسكەوتی سیاسیی باشیان دەبێ‌. بێ‌گومان رادە ‌و ئاستی ئەو دەسكەتانەش بەستراوەتەوە بە رادەی یەكگرتوویی هێزە سیاسیی ‌و توێژە جیاجیاكانی كورد لەو وڵاتە ‌و بەرنامە ‌و پلانی هاوبەش‌ و یەكگرتوویان لە ئێستا ‌و دوای رووخانی حكوومەتی بەشار ئەسەدە.
مەسەلەی ئێران ‌و ئاخر رووداو و ئاڵوگۆڕەكانی ئەم وڵاتە بەشێكی گرینگی راپۆرت ‌و لێكدانەوەكە بوو، لەو بەشەدا بە ئاماژە كردن بە قوولتر بوونەوەی گرفتە ئابووری ‌و سیاسییەكانی ئێران بەو ئاكامە گەیشتبوو كە درێژەی سیاسەتە چەوت‌ و هەڵەكانی رێژیم لە نێوخۆ‌و دەرەوە نەك هەر ناتوانی گرفتەكان كەم بكاتەوە، بەڵكوو هەموو نیشانەكان دەرخەرێ‌ ئەو راستییەن كە وەزعی رێژیم لە هەموو بارێكەوە‌ و بە تایبەت دۆخی ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك شپرزەتر دەبێ‌ كە ئاكامەكەی دەبێتە توورەیی‌ و بێزاری زیاتری خەڵكی ئێران لە رێژیم ‌و، بێ‌ هیوای هێز ‌و لایەنەكانی نێونەتەوەیییەكان بە تایبەت لە رۆژئاوا ‌و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گۆڕینی رەفتار‌ و سیاسەتەكانی رێژیم، هەر بۆیە رێژیم رۆژبەرۆژ زیاتر لە هێزی توورەی خەڵك ‌و سیاسەتی نێونەتەوەیی ترسی لێ‌ دەنیشێ ‌‌و لە ترسی سەرهەڵدانی خەڵك توند ‌و تیژی، سەركوت‌ و تەنانەت ژمارەی ئیعدامەكان زیاتر دەكا، لایەنێكی دیكەی هۆیەكانی ئەو توند و تیژییە دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەكردنی شانۆیەكی دیكەی بە ناوی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری دەوری یازدەهەم كە قەرارە رێژیم لە مانگی جۆزەردانی ساڵی داهاتوودا پێكی بێنێ‌.
بڕیار بەدەستانی حكوومەت چوونكە بۆ خۆیان باش دەزانن كە ئەو شانۆگەرییەش وەك شانۆگەرییەكەی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی لەوانەیە نارەِزایەتی‌ و بەربەرەكانی خەڵكی لێ‌ بكەوێتەوە، هەر لە ئێستاوە دەیانەوێ‌ خەڵك چاوترسێن بكەن بۆ ئەوەی بەر بە دووبارە بوونەوەی سەرهەڵدانێكی لەو چەشنە بگرن. هەر لەو پێوەندییەدا بەڕێوەبەرانی نیزامی‌ و ئینتزامی، كەسایەتییە ئاینییەكانی بەكرێگیراوی رێژیم ‌و تەنانەت خامنەیی رێبەر بە ئاشكرا خەرێكی پلاندانان ‌و هەڕەشە كردن لە خەڵكن. لەو پێوەندییەدا ئەمنییەتی كردنی زیاتری كوردستانی ئێران ‌و زەختی زیاتر بۆ سەر رۆژنامەنووس‌ و تێكۆشەرانی سیاسی ئەو بەشە ‌و باقی نەتەوەكانی ئێران بەتایبەت عەرەبەكان، كە لە چەند مانگی رابردوودا شاهیدی بوین، ئاكامی ئەو سیاسەتەیە.

لە بەرگەیەكی دیكەی راپۆرتی سكرتێری حیزب تیشك خرا بووە سەر كار‌ و تێكۆشانی حیزب لە ماوەی نێوان پلینومی پێشوو هەتا پلینۆمی سێهەم، تێكۆشانی پێوەندییەكانی حیزب لە‌و ماوەیەدا بە تایبەت گرنگی ئیمزا كردنی قەراردادی پاراستنی مافی منداڵان ‌و ژنان لە كاتی روودانی شەڕ لەگەڵ ژنێڤكاڵ (بانگەشەی ژنۆ) و بەشداری نوێنەری پێوەندییەكانی حیزب لە كۆبوونەوەی دوحە كە ناوەندی توێژینەوەی الجزیرە سەبارەت بە مەسەلەی كورد پێكی هێنا بوو، هەروەها درێژەدانی سیاسەتی دیالۆگ‌ و لێك نزیكبوونەوە لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە تایبەت سەردانی هەیئەتێكی پایەبەرزی حیزب بە سەرۆكایەتی بەڕێز سكرتێری حیزب ‌و بەدوای ویدا سەردانی هەیئەتی پایەبەرزی ئەو هاوڕێیانە لە دەفتەری سیاسی حیزب، بۆ هاوڕێیانی بەشدار شێكرایەوە ‌و جارێكی دیكە پێداگری كرا لە سەر درێژەدانی سیاسەتی لێك نزیكبوونەوە ‌و هاوكاری كردن لەگەڵ حیزبەكانی ئۆپوزسیونی كورد.

بەشی كۆتایی كاری پلێنیوم تەرخان كرابوو بۆ خستنە بەر باسی ئاكامی كاری ئەو هەیئەتانەی كە لە كۆبوونەوەی پێشوو كۆمیتەی ناوەندی لە راستای جێبەجێ‌ كردنی ئەرك ‌و ئاڵۆگۆڕەكانی كە لە كۆنگرەی پازدەدا بڕیاریان لەسەر درا بوو ‌و ئامادە كردنی ئایین نامە نوێیەكان یان پێداچوونەوە بە بەرنامەی كار و ئایین نامەكان، مەئمووریەتیان پێ سپردرا بوو.
كۆمیتەی ناوەندی دوای باسی ورد ‌و پێداچوونەوە بە كاری ئامادە كراوی هەیئەتەكان ‌و كاری تێكۆشانی سێ مانگی رابردوو ‌و تێبینی ‌و راسپاردەكانی خۆی بۆ بەرنامەی كاری داهاتوو هەتا كۆبوونەوەی داهاتوو دەست نیشان كرد.

دوایین بڕگەی كاری پلینۆم تەرخان كرا بوو بۆ چەند تێبینی بە سەرنجدان بە سەرجەم لێكدانەوە ‌و نەزەر دەربڕینەكان ‌و هەروەها بۆ وریای زیاتر ‌و بەرە‌ و پێش چوونی پتری كارەكان لەلایەن سكرتێری گشتیی حیزبەوە هاتنەگۆڕ‌ و پاش باس‌ و لێدوان لەسەر هەركام لە مەسەلەكان بە پەسندی پلینۆم گەیشتن.

پلینۆمی سێهەمی كومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگرەی ١٥هەمی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران پاش ئەنجامدانی هەموو ئەو بابەتانەی كەلە دەستوری كاری پلینۆمدا هاتبوون سەعات ١١:٣٠ سێ‌شەممە شەو كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
١١ی رێبەندانی ١٣٩١ی هەتاوی
٣٠ی ژانویەی ٢٠١٣ی زایینی