کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی هاوبەشی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە بە بۆنەی شەپۆلی تازەی دەسبەسەر کردن لە کوردستان

13:27 - 22 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی شەپۆلی دەسبەسەر کردنی ئەم دوایانەی هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵات راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ،
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران،
هاونیشتمانانی کورد،
دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە پەرەی بە دەسبەسەر کردن ‌و گوشارهێنان بۆ چالاکانی فەرهەنگی و بەگشتی خەڵکی کوردستان داوە و بە پیلانێکی دیکەوە دەستی داوەتە پێکهێنانی کەشی ترس و تۆقاندن لە کوردستان.
لە ماوەی نزیک بە یەک حەوتووی رابردوودا زیاتر لە ٣٠ کەس لە شار و شوێنە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتی ‌و سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بێ‌هیچ هۆیەکی دیار دەسبەسەر کراون و لە زۆربەیاندا تەنانەت بنەماڵەکانیشیان ئاگاداری شوێنی دەسبەسەرکردنیان و چارەنووسی ئەو گیراوانە و هەروەها تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان نین.


لەو کەسانەی کەلە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەسبەسەر کراوەن دەکرێ‌ئاماژە بە ئەم کەسانە بکەین:



مەهاباد:
قاسم ئەحمەدی، خوسرەو کوردپوور، مەسعوود کوردپوور، کە ئەم سێ‌کەسە لە رۆژانی ١٦ و ١٧ و ١٩ی رەشەمەدا دەسبەسەر کران.


پاوە:
لە رۆژی ١٩ی رەشەمە ٥ کەس بە ناوەکانی قانیع حاتەمی، محەمەد نیگاری، بابەک عەباسی، موعتەسەم شافیعی ‌و جەهانبەخش ئەحمەدی دەسبەسەر کران و پێشتر لە رۆژی ١٧ی رەشەمەدا یاسر کاکایی و لە رۆژی ١٤ی رەشەمەشدا سێ کەس بە ناوەکانی بەختیار رەسووڵی، موختار ئەحمەدی و سەتار ئەحمەدی لە شاری پاوە و گوندی خانەگا دەسبەسەر کرابوون. ئەمە لە کاتێک دایە کە چەند رۆژ لەوە پێش دوو کەس بە ناوی کەیهان عەزیزی و داوود غەفاری بە تۆمەتی نادیار دەسبەسەر کرابوون و لەژێر ئەشکەنجەدا وەزعی تەندروستیی کەیهان عەزیزی نالەبارە. هەر لەو شارە دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی فەردین رەسووڵی و بەختیار کاکایی دەسبەسەر کرابوون.


نەغەدە:
٥ کەس بە ناوەکانی محەمەد سوهرابی، ناسر نیعمەت‌خواهـ، کامران عوسمانی، شەهاب ئەحمەدی ئازەر ‌و یووسف حاجی خۆش لەلایەن دام و دەزگای ئەمنیەتیی رێژیمەوە دەسبەسەر کراون.


شنۆ:
دوو کەس بە ناوەکانی قادر داستان و رەحیم فتووحی بە بێ هۆ دەسبەسەر کراون.
هەروەها لە سنە: لە رۆژی ١٧ی رەشەمە ٥ کەس بەناوەکانی عەلی ئازادی، بێهزاد فەرەجوڵڵاهی، حەمید مەحموودنژاد، سەید خالیس حوسێنی ‌و وەفا قادری بە تۆمەتی بەڕێوە بردنی رێوڕەسمی رۆژی ژن دەسبەسەر کراون.
ئەم شەپۆلە نوێیەی دەسبەسەر کردن و پێشێل کردنی ئازادییەکانی خەڵک و ئەشکەنجە کردنی دەسبەسەر کراوان، لە کاتێکدا لەلایەن دام و دەزگای سەرکوتکەری رێژیمەوە بەڕێوە دەچێ‌کە هەم کۆمەڵگای ئێران لە ژێر قەیرانە ئابوورییەکانی خولقاوی دەستی رێژیمدا خەریکی شڵەژان و سەرهەڵدانە و هەم لە بەرەبەری نەورۆزدا، وەک نەریتی هەمیشەیی نەتەوەی کورد کە بە پێشوازی جێژنی رزگارییەوە دەچن، رێژیم لە ئاکامی ئەو رووداوە کەلە پێشیانە دەترسێ. لە لایەکی دیکەوە رێژیم خەریکی خۆ ئامادە کردن بۆ وەڕێخستنی دەورێکی دیکەی بەناو هەڵبژاردنە و بۆ دروست کردنی فەزای ترس و تۆقاندن، لە گرتن و ئازاردانی رۆژنامەنووسان و هەروەها دەسبەسەر کردن و ئەشکەنجەدانی چالاکان و خەڵکی ئاسایی کوردستانەوە دەستی پێ کردووە و بەم شێوازە دەیەوێ‌هەم نەورۆز و ساڵی نوێ‌لە خەڵکی کوردستان و ئێران بکا بە شەوی ترس و دڵەڕاوکێ و هەم لە ملەی هەڵبژاردن بە سەلامەت تێپەڕێ ‌و بۆ سەرخستنی ئەم پیلانانەشی گورزەکەی لە ئازادیخوازان ‌و بەتایبەت نەتەوەی ئازادیخوازی کورد دەوەشێنێ.
لە هەموو کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەیی‌یەکان داواکارین کە ئیجازە نەدەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەرچاوی جیهانیانەوە، سەرکوت و سەرەڕۆیەکانی بەردەوام بکا و کۆمەڵگای جیهانی نابێ بێ‌دەنگ بێ.
داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەکەین کە وەک هەمیشە بەو هروژمە ناڕوایانەی رێژیم چاوترسێن نەبن و رێوڕەسمەکانی نەورۆزیان بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە ببەن تاکوو بە دەسەڵاتی سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی بسەلمێنن کە نە تەنیا بەو جۆرە چاو زەق کردنەوانە، گەلی کورد بە چۆکدا نایەت بەڵکوو بە خەباتی جەماوەری و یەکگرتوانەی خۆی لە بەرەبەری ساڵی نوێ‌و هەروەها لە نەورۆزی ئەمساڵدا تێ دەکۆشێت هیچ دەسبەسەرکراو و زیندانییەکی سیاسی لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەمێنێ.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢١ی رەشەمەی ١٣٩١‌ی هەتاوی
١١ی مارسی ٢٠١٣‌ی زایینی