کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١٩ ساڵ سەربەخۆیی قەڵەمی کوردی پیرۆز بێت

16:27 - 2 بانەمەڕ 2717

کوردستان میدیا: یادی ١١٩ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەرخەری فەرهەنگ و قەڵەمی سەربەخۆی نەتەوەی کوردە لە گۆڕەپانی زانست و نووسین‌دا.

ڕۆژنامەگەریی بۆ نەتەوەیەکی بێ وڵات و خاک داگیرکراو لەوانەیە بۆ خودی کورد کە خاوەنی ئەو مێژوو و مەزنایەتییەیە، زۆر بەرچاو یان گرنگ نەبێ، بەڵام گرنگی و مەزنایەتیی ئەو مێژوویە کاتێ دەردەکەوێ کە بە چاوێکی دەرەکی چاو لە بابەتەکە بکەی و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەی.

نەتەوەیەک کە زمان و خاک و هەرچی هێما و پیرۆزییەکەیەتی داگیر کراوە، بە زمانی خۆی نەیخوێندووە و بە هۆی نەبوونی دەوڵەت، خەتێکی نووسینی دیاریکراویشی نەبووە، بەو حاڵەشەوە ١١٩ ساڵ لەمەو پێش دەستی کردووە بە هەوڵ و چالاکی و بەرخودان بۆ خەبات لە واری میدیایی و ڕۆژنامەگەریدا.

١١٩ ساڵ قەڵەم تاودان لە بواری نووسینی ڕۆژنامەگەریدا دەرخەری شوناسی نەتەوەیی کوردە.

یەکێکی دیکە لە خاڵە بەهێزەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی، هەوڵی زۆر و نەبڕاوە و نەگۆڕی دامەزرێنەرانی ڕۆژنامە و باوکی ڕۆژنامەگەریی کوردە کە لەژێر کاریگەری هیچ کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەیەکدا نەسڵەمینەوە.

بە بۆنەی ١١٩ـەمین ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی پیرۆزبایی لەسەرجەم ڕۆژنامەوانانی کورد بە گشتی و ڕۆژنامەوانانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژنامەنووسانی زیندانیی لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەکەین.

لە ڕۆژی ٢٢ی ئاوریلی ساڵی ١٨٩٨ی زایینی میقداد مدحەت بەدرخان لە شاری قاھیرەـی میسر دەرگایەکی شارستانی بۆ گەلە ستەم لێکراوەکەی کردەوە و یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان (KURDISTAN) دامەزراند.

بەپێی سەرچاوەکان تیراژی ئەم ڕۆژنامەیە سێ ھەزار ژمارە بووە کە ٢٠٠٠ یان بەخۆڕایی لە کوردستان دابەش دەکرا.

ڕۆژنامە بڵاڤۆکێکە داگری ھەواڵ، زانیاری، و جاڕدان و بانگەشەیە، ڕۆژنامەکان بەگشتی ڕۆژانە یان حەوتەی جارێک لە چاپ دەدرێن، لە ڕۆژنامەکان باس لە هەواڵ و چالاکی و ڕووداوەکان دەکرێن لە زۆرینەی بوارەکاندا.

نەتەوەی کوردیش، وەک نەتەوە، لە لایەن ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکانییەوە، لەسەرەتای خۆناسینیدا، هەوڵی زۆری داوە، لەم بڵاڤۆکە جیهانییە، دوا نەکەوێت و لەو بوارەدا، هەوڵی زۆری داوە و هەنوکە، بواری ڕۆژنامەگەریی کوردی، لەوپەڕی هەڕەتی پێشکەوتنیدایە.