کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پیرۆز دەکرێت

12:10 - 21 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری بۆکان بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ٧٣مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی شار، لە شاری بۆکان لە گوندەکانی "قانزاڵی و حاجی ئاباد" لە چالاکییەکی بوێرانەدا، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕێکەوتی ۱۷ لەسەر ۱۸ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، توانیان لە چۆمی "جغەتوو" بپەڕنەوە و بڕۆنە بەشی عەجەمستان و لە شوێنی سەیرانگای تورکزمانەکاندا چالاکی بەرینی تەبلیغیی بەڕێوە ببەن.

پاش بەڕێوەبردنی چالاکیی سەرکەوتووانەی پێشمەرگەکان و گەڕانەوەیان، سەرلەبەیانی ئەو شەوە، لە کاتی هاتنی حەشیمەتێکی زۆری تورکزمان بۆ سەر چۆمی جغەتوو بە دیتنی چالاکیی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پۆستێری چالاکییەکانی حیزب کە بە وێنەی تەواری پێشمەرگەی نوێی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەخشابوو؛ دەست بە دەستی خەڵکی ئەم دەڤەرە دەسووڕا و تەواو هەستیان بە هەبوونی پێشمەرگە لە ناوچەدا کردبوو، کە بۆ گەشتیارانی کورد جێگەی خۆشحاڵی و شانازی بوو.

بەپێی ئەو هەواڵە ئەندامان، لایەنگران و پێشمەرگەکانی شار، لە شاری بۆکان بۆ جاری دووهەم لە ڕێکەوتی ١٨ لەسەر ۱۹ی گەلاوێژ، بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب ڕێزیان لەو ڕۆژە مێژوویی و پڕ لە شانازییە گرت و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: "کۆڵانەکان و تابلۆکانی جاددەی قەرەموساڵی هەتا سەراو، ڕەحیمخان و ئوزنقشڵاق، جاددە ئەسڵی و کۆڵانەکانی قەرەموساڵی، دەوری پاسگا و شارەداریی قەرەموساڵی، گوندی گۆک تەپە، ئەرمەنی بڵاغی  عەوڵاباد و چەوگاڵی".