کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بەرز ڕاگیرا

17:29 - 30 گەلاوێژ 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٢ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداریی نوێنەرانی چەند حیزبی کوردستانی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٢ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب بە شکۆیەکی تایبەتەوە بەڕێوە چوو.

سەرەتای مەراسمەکە بە پێشکەشکردنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و پاشان ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بەتایبەت ئەو شەهیدە قارەمانانەی کە لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا لە پێناوی ئامانجەکانی حیزب و گەل گیانیان فیدا کردووە، دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک بەم بۆنەوە لە لایەن بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بلژیک، پێشکەش کرا.

بەها ئیبراهیمی لە بەشێکی پەیامەکەیدا وێڕای باسکردن لە هەلومەرجی دامەزرانی حیزب و گرینگیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بارودۆخی ئەو کاتدا، باسی لە قۆناغەکانی دوای دامەزرانی حیزب لە هەلومەرجە جیاوازەکان و پشتیوانی کۆمەڵانی بەرینی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دڵخوازی خۆیان کرد و پاشان ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لە ماوەی تەمەنی ٧٢ ساڵەی خەباتی ئەو حیزبە کرد.

بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بۆ پەیامی کۆمیتەی حیزب و بۆ باس کردن لە دەسکەوتەکان و شانازییەکانی ڕەوتی خەباتی ٧٢ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تەرخان کرا بوو.

پاشان پارچە شێعرێک لە لایەن بەڕێز زەمان فەیلی بە زاراوی شیرینی کەلهوڕی بەم بۆنەوە پێشکەش بە بەشداران کرا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان و ژنان لە وڵاتی بلژیک لە لایەن هیوا ئەحمەدپوورەوە پیشکەش کرا.

دواتر ڕێزی ئەو پەیامانەی کە لە لایەن کۆمیتە و نوێنەرایەتیی چەندین پارتی کوردستانی بۆ کۆمیتەی حیزب نێردرابوون، خوێندرانەوە.

بەشی کۆتایی جەژنەکە بۆ خوێندنی گۆرانی لە لایەن هونەرمەندان مامۆستا ڕەشید فەیزنژاد، ئەرسەلان جۆدەتیان و هونەرمەند ئازاد موستەفاپوور و پەنجە ڕەنگینیی هونەرمەندان گۆران کوامیل ، شازاد و شێرزاد سیامەک عەبدوڵڵایی و بەشداریی چڕ و پڕی بەشدارانی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو و بە شادی و گۆڤەند تا درەنگانێکی شەو درێژەی کێشا.