کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای سێدارە و زیندان بەسەر دوو بەندكراوی بەلووچ دا سەپا

21:10 - 3 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: دوو بەندكراوی بەلووچ كە لە كاتی دەربڕینی نارەزایەتی خەڵك لە بەرانبەر دەستبەسەركردنی مەولەوی فەتحی محەممەد نەقشبەندی و كوڕەكەی بە نێوی حافز عەبدولغەفار نەقشبەندی قۆڵبەست كرابوون، بە سزای لەسێدارەدان و ٧ ساڵ زیندان مەحكووم كران.

كەمپەینی چالاكانی بەلووچ ڕایانگەیاند كە، جابر سەبووری كوری غولام قادر كە لە تەمەنی ٣٠ ساڵی دایە، بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نەتەوی و هاندان خەڵك و تێكدانی بیرووڕای گشتی بەسزای لە سێدارەدان مەحكووم كراوە و هەروەها سەلاحەدین بەلیدێی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ٧ ساڵ زیندان مەحكووم كرا.

هاوكات هاتە ڕاگەیاندن كە، سزای لەسێدارەدانی ١٠ بەندكراوی دیكە بەندیخانەی زاهدان كە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر كرابوون، لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست كرایەوە و ڕایگەیەندرا كە ئەو ١٠ بەندكراوە ئامادەی جێبەجێ كردنی سزاكەیانن.
كەمپێنی چالاكانی بەلووچ نێوی ئەو ١٠ بەندكراوەیەی بەو شێوەیە بڵاو كردەوە:
محەممەدئەمین عۆمەر زێهی ناسراو بە جەما
یوسف گۆناگۆ زێهی
غوڵامڕەسوول مەزار زێهی
ڕەزا ناروویی
ئەنووسیروان عۆمەر زێهی
ناسر عۆمەر زێهی
حوسێن دادوەر
عەبدوڵا ساڵح زێهی
مۆرادبەخش بەلووچی
نەبی مەزار زێهی

هەروەها هاتە ڕاگەیاندن كە ئەو ١٠ كەسە لە كاتێكدا گیراون كە و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە كە، تەنانەت یەك گرەم مادەی هۆشبەریان لێ نەگیراوە و تەنانەت لە كاتی دادگاش، ئەو سزادانەیان بە پووچ و بێ بنەما وەسف كردووە.