کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکایەتی کردنی ڕێژیم بە جلوبەرگی نەتەوەی بەلوچ

13:18 - 22 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی پاراستنی بینای شۆرای شاری زاهدان، هۆشداریان داوە بە نوێنەرێکی شۆرای شار بە هۆی لەبەرکردنی جلی بەلوچی.

هێزەکانی بەشی پاراستنی بینای شۆرای شاری زاهدان، لە کاتی چوونە ژووری "شەبەخش گورگیج"، نوێنەری پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە شۆرای باڵای پارێزگاکان کە جلی بەلوچی لەبەر بووە، بە شێوەی توند هەڵسوکەوتیان کردووە و هۆشداریان داوە کە جلی بەلوچی لەبەر نەکات.

پێشتریش، ئەو نوێنەرەی سیستان و بەلوچستان لە کاتی چوونە ژوورە بۆ نێو بینای مەجلیسی ڕێژیم، هێزەکانی پاراستنی مەجلیس ئەو نوێنەرەیان بە هۆی ئەوەی کە جلی بەلوچی لەبەر بووە پشکنیوە جا ئیزنی چوونە ژووریان پێداوە.

شەبەخش گورگیج، لەسەر هەڵسوکەوتی هێزەکانی پاراستنی مەجلیسی ڕێژیم و دەزگاکانی دیکە بە نیسبەت لەبەرکردنی جلی بەلوچی، ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە و وتوویەتی: ئەگەر بەڕاستی ئێمە ناناسن، یاسایەک دابنێن کە کەس جیا لە جلی فارسی کە هەر ڕۆژەو مۆدی خۆی لە شوێنێک وەردەگرێ، جلێکی دیکە لەبەر نەکات و پێیان بڵێن کە نەتەوەکانی ئێران کولتوری جیاوازییان هەیە.

هەروەها ناوبراو ڕخنەی لە بەرنامەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم گرتووە و باسی لەوە کردووە کە جلی بەلوچی وەکوو جلی شەرارەت نیشان دەدەن و هەڵاواردن لە دەزگاکانی ڕیژیم یەکجارە زۆرە.

دیاردەی هەڵاواردن بە نیسبەت نەتەوەکانی ئێران، لە لایەن ڕێژیمی فاشیستی و نەتەوەی باڵادەستی ئێران پرسێکی نوێ نییە و بەردەوام بۆ سووکایەتی پیکردن و بە ئامانجی کەم‌بایەخ پیشاندانی کلتووری نەتەوەکان و لە کۆتاییشدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەکان کەڵکی لێوەرگیراوە.