کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران، لە شنۆ بڵاوەی بە هێزەکانی خۆی کردووە

12:53 - 21 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنی پێشمەرگەکانی کوردستان، لە ناوچەکانی شنۆ، بڵاوەی بە هێزەکانی خۆی کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە گومانی ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی دەشتەبێڵی شاری شنۆدا هەیە، هێزەکانی خۆی ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کە لە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بە هۆی گومان لە هەبوونی هێزی پێشمەرگە بڵاوەیان کردبوو، پاش بەئاکام نەگەیشتن و نەدۆزینەوەی هیچ شتێک، بە سەرشۆڕی بۆ شوێنی خۆیان گەڕاونەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، جەختیشی کردەوە لە دوای ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی سیاکێودا زەربەیەکی قورسیان لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران دا و چەندین کەسیان کوشت و بریندار کرد، ڕێژیم بە شێوەیەکی توند هەموو کاروباری ڕۆژانەی خەڵک کونتڕۆڵ دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوەش کرد، بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێژیمی ئێران لە ڕقی ئەو زەربە قورسە کە بەریان کەوتووە، بە بیانووی بوونی هێزی پێشمەرگە دەستیان داوەتە ئاگرتێبەردان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان.