کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران گرێبەستەکانی خۆی بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان هەڵدەوەشێنێتەوە

12:39 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، بە بیانووی گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی، دەستی لە نۆژەنکردنەوە و جێبەجیکردنی گرێبەستەکانی لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان هەڵگرتووە.

پاش کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، کە بووە هۆی گیان لەدەستدان و برینداربوونی زۆر کەس لە ناوچەکانی کرماشان و ڕووخان و وێرانبوونی ماڵی خەڵک، سپای پاسدارانی ڕێژیم، نۆژەنکردەنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی وە ئەستۆ گرت و بەڵێنی دا، کە بە زووترین کات دەست بە بیناسازی و نۆژەنکردنەوە بکات.

ئێستە کە نزیک بە ٩ مانگ لەو کارەساتە تێدەپەڕێت، خەڵک هێشتا ئاوارەن و لە ژێر خێوەت و لە نێو کانێکسەکان دەژین و وەرزەکانی زستان و بەهاریان بە بارین و سەرما تێپەڕ کردووە و ئیستاش لە وەرزی گەرما لە بارودۆخێکی نالەباردان، کە ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لێ کەوتووەتەوە و زۆرجار لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم بەدەنگ هاتوون.

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە نوێترین کەمتەرخەمییەکانی لە بەرامبەر خەڵک، گرێبەستەکانی خۆی لەگەڵ بوومەلەرزەلێدراوان کە بۆ بیناسازی و نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانیان واژۆ کراوە، بە بیانووی گرانبوونی کەرەستەکانی بیناسازی، هەڵدەوەشێنێ و جێبەجێیان ناکات، کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئاوارە و  بوومەلەرزەلێدراو.

لە گرتە ڤیدئۆییەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، هەندێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە، گرێبەستەکانیان بەدەستەوە گرتووە و باس لەوە دەکەن، کە سپای پاسدارانی ڕێژیم بەڵێنەکانی خۆی جێبەجی ناکات و درۆی لەگەڵ خەڵک کردووە و کەمتەرخەمە لە بەرامبەر ژیانی ئەو خەڵکە، ئەو کەسانە لە گرتە ڤیدئۆیەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، کە هەتا ئێستە وەرزەکانی ساڵیان لەوپەڕی نالەباریدا تێپەڕ کردووە و هۆشداری بە بەرپرسانی ڕێژیم دەدەن، کە دیسان خەریکە وەرزی سەرما نزیک دەبێت و گیانیان لە مەترسیدایە.

کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان، لە بواری سروشتییەکەیدا خەسارێکی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاندووە، بەڵام پاش نزیک بە ٩ مانگ لەو کارەساتە، کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، زۆرتر گیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە و سەرما، گەرما، ئپیدمیی نەخۆشییە عوفونییەکان، خۆکوشتن، کۆچی ناچاری و کاریگەرییە خراپەکان لەسەر ڕەوانی خەڵک و هتد زیاتر لە سروشت زیانی بەو خەڵکە گەیاندووە، کە قەرەبوو ناکرێنەوە.