کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی ڕێژیم بۆ سووتاندنی دارستان و لەوڕگەکانی کوردستان خەڵکی وەزاڵە هێناوە

11:25 - 14 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە سپای پاسداران بەمەبەستی تێکدانی ژینگەی کوردستان ئاگریان لە لەوڕگەکانی پاوە، بانە و سەقز بەرداوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ کەژ و شاخەکانی پشت نووریاو سەر بە شاری پاوە لە ئاگردا سووتان کە بە هەوڵی خەڵکی ناوچە و ژینگەپارێزان پاش چەند کاتژمێر کۆنترۆڵ کرا.

هەروەها شەوی ڕابردوو لەوڕگە و دارستانەکانی نێوان "قووڕووچاو" و "سەبەتڵوو" لە گەردەنەی خانی شاری بانە کرایە ئامانج و ئاگری تێبەردرا کە پاش هەوڵێکی زۆر لەلایەن خەڵکی خۆجێیی و ژینگەپارێزانی ئەم شارەوە کووژایەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە دەوروبەری گوندی "ئاڵتوونی خواروو" هەڵکەوتوو لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان ئاگری گرت کە لەوێشدا هێزەکانی ئاگرکووژێنەوە زۆر درەنگ وەخۆکەوتن و کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە لەلایەن خەڵکەوە ئەنجام درا.

ئەمە یەکەم جار نییە کە حاڵەتی لەم چەشنە ڕوو دەدات و ساڵانە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم کە زیاتر سەر بە سپای پاسدارانن بەمەبەستی تێکدانی ژینگەی کوردستان مەغۆل‌ئاسا بەر دەبنە گیانی ژینگەی کوردستان و دەیانهەوێ بە بیانووی بوونی هێزە بەرهەڵستکارەکانیان کوردستان بکەنە کەویرستان.

کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم لە بەرامبەر ژینگەی زاگرۆس و سیاسەتە دژە ژینگەیی و دژە مرۆڤانەکانی، هۆکاری سەرەکی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆسە و ڕێژیم سەرەڕای کەمتەرخەمی، بە ئەنقەست هەموو ساڵێک بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنێت.

هۆکارە سرۆشتییەکان لە گڕگرتنی دارستانەکان هەموو ساڵێک بەردەوامن، بەڵام ڕێژیم هەتا هاتنی وەرزی گەرما و گڕنەگرتنی بەشێکی زۆر لە دارستانەکان، هیچ ئامادەکاری و پێشگرتنێک ناکات و بەپێچەوانەوە بە بیانووی هاتووچۆی پێشمەرگە، دارستانەکان ئاگر دەدات.