کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی لە شاری زوریخ لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو

00:04 - 20 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: سێمینارێک بۆ دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی لەژێر ناوی عدم انطباق عین و ذهن (یەکنەگرتنەوەی ڕوانگە و بیرۆکە) لە کۆمەڵگای کوردی لە شاری زوریخ لە وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری زوریخ سێمینارێک لە ژێر ناوی عدم انطباق عین و ذهن لە کۆمەڵگای کوردی بۆ دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی لێکۆلەر و شرۆڤەکاری سیاسی لە شاری زوریخ بەڕێوە چوو.

سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان کامران ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سویس وتارێکی کورتی لە پێوەندی لەگەڵ سێمینارەکه پێشکەش بە بەشداران بکەن.

دواتر داوا لە دوکتور ڕۆستەمی کرا باسەکەی لەژێر ناوی عدم انطباق عین و ذهن لە کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بکات.

لە سەرەتای قسەکانی دوکتور ڕۆستەمی ئاماژەی بەوە کرد، پرسیاری ئەساسی کە ئیمە دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کە بۆچی ئیمە تا ئیستا لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا نەماتوانیوە ئەو ئامانجانەی کە هەمانە پێ بگەین یا بەشێکی بپێکین؟ ناوبراو هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گیڕاوە کە لە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی تووشی انحطاط و داڕزان بووە.

ڕۆستمی لە درێژەی قسەکانی وتی ئەو داڕزانەی کە خەباتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ماوەی حەفتا ساڵی ڕابردوودا تووشی بووە وەک پرۆسەیەک خەریکە جەستەی ڕۆژهەڵات لە ناو دەبات.

نابراو لە درێژەی وتارەکەی وتی: لە خەباتی ئێمەی کورددا ئەو عدم انطباق لە نێوان ذهن سیاسی و عین سیاسی نییە وهەروەها وتی: ئێمە لێرە مەبەستمان لە عین سیاسی واقعیەت نییە کە کۆمەڵێک سیاسیکار باسی دەکەن کە ئێمە دەبێت وا بکەین، بەڵکوو مەبەست لە عینی سیاسی ئەوەیە کە ئێمە چ ذهنیتکمان لە سیاسەت لە کۆمەڵگای کوردی هەیە.

دوکتور ڕۆستەمی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی سیاسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان وتی: ئێمە لە کوردستان بەگشتی و لە ڕۆژهەڵات بەتایبەتی ڕووبەڕووی چوار ڕەوتین لە سیاسەتی حیزبی کوردیدا ، خاڵی یەکەم ڕەوتی فیکری عەبدوڵڵا ئوجەلان و ڕەوتی پەکەکەیی کە باسی کۆنفێدرالیزمی دێموکراتیک دەکات، ئەو کۆنفێدرالیزمەی نە بە مانای ئەوەیە کە لە عرصەی نێونەتەوەیی و بەتایبەت وڵاتانی ئورووپایدا باوە، بەڵکوو پەکەکە باوەڕی وایە کە دەبێت دەوڵەت لەناو بچێت کە ئێمە دەبێت بۆ کۆمەڵگایەکی بێ‌دەوڵەت تێبکۆشین کە بەداخەوە زۆر بەرەو توتالیتریزم دەچیت. ئەمە ڕەوتێکە و ڕەنگە لایەنگریشی هەبێت.

ڕەوتی دووهەم، ڕەوتێکە کە باسی دێموکراسی دەکات، کە لە باشووری کوردستان دەیبینین، ئەو ڕەوتە داوای دێموکراسی و پێکەوە ژیان لە چوارچێوەی فۆرمی سیستەمێکی فێدراڵدا دەکات ، کە زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئێستە لەم حاڵەتەدا لە دەوری ئەم ڕەوتە کۆبوونەتەوە.

ڕەوتی سێهەم ڕەوتی ڕێفورمخوازی کوردە، کە لە کۆتایی دەیەی حەفتای هەتاوی هاتووە بەر باس کە ئەم ڕەوتە پێوایە کە ئێمە ناتوانین حکوومەت بڕوخێنین و ئەبێت لە گەڵی پێک بین کە ئەم ڕەوتە ڕەتێکی شکست خواردوویە و زیاتر ئەبێت بە ڕەوتی مەسڵەحت‌تەڵب ناوی بەرین، کە خاوەن هیچ جەهانبینییەک نییە و تەنیا داخوازی ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنێک بەشداری بکات، کەسێک بنێرێتە مەجلیس.

نابراو وتی: ئەم ڕەوتە تەنیا هەڵگری بیر و گوفتمانی فارسە لە تاران و خاوەنی هیچ جەهانبینییەک نییە.

لایەنی چوارەم یا ڕەوتی چوارەم، ڕەوتی ناسیونالیزمی کوردە، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نۆێنەرایەتی دەکات، وێڕای هێندی کەموکوڕی، لە نێوان حەز و جەهانبینی ئەو حیزبەدا بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردی لە گەڵ ئەم ڕەوتە دایە.

لە پێوەندی لە گەل ڕێفراندۆم و دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان وتی: کە بوونی کیانێکی کوردی لە باشووری کوردستان ئاواتی هەر تاکێکی کوردە کە دەیەوێت لەژێر دەستەیی ڕزگاری بێت، نابراو وتی: کە دەبێت هەر تاکێکی کورد شانازی بە خاک و ئاوی خۆیەوە بکات و وڵاتی خۆی خۆش بوێت.

دوکتور ڕۆستەمی وتی: جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان خۆشویستن و شانازی کردن بە نیشتمان و شانازی کردن بە کورد بوونی خۆمان.

دوکتور ڕۆستەمی پێوایە دەبێت کورد شانازی بە خاک و نیشتمانی خۆی بکات و وڵاتی خۆی خۆش بوێت، بەڵام نابێت شانازی بە کورد بوونی خۆی بکات، چونکه شانازی کردن بە نەتەوەی خۆت و بە باشتر زانینی لە نەتەوەکانیتر کە تۆ پێت وابێت تۆ لە نەتەوەکانی دیکە جیاوازتری، دەچێتە بازنەی فاشیزمەوە .

سێمینارەکە به پرسیار و تێبینی بەشداربووان کۆتایی پێ هات.