کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەربازێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران لە قەسرقەند کوژرا

15:47 - 26 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: سەربازێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە هۆی ڕووداوی تەقینەوەوە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی، ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، پۆلیسێکی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم بە ناوی حامید حاتەمی بە هۆی تەڵەیەکی ئینفجاریەوە کوژرا.

ئەو سەربازەی ڕێژیم لە شاری قەسەرقەندی ئەو پارێزگایە بە هۆی ڕووداوی تەقینەوەوە کوژراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە جیا لە کوژرانی ئەو سەربازە، کەسانێکی دیکەش بە هۆی تەقینەوەکەوە بریندار بوونە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە بڵاو نەکردۆتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی بەلووچ بە هۆکاری ناڕوون و لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون و بەرپرسانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمیش ئەو کردەوانە بە پیلانی دوژمنان ناودێر دەکەن.

ساڵانە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو پارێزگایە بە هۆکاری جۆراوجۆر دەکوژرێن.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە هۆی پێکهاتەی جۆراوجۆری جوغرافیایی، مەزهەبی، فەرهەنگی و زمانی لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بەردەوام جێگای شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم و خەڵکی بەلووچستان بووە.

لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێران بۆ زیاتر میلیتاریزەکردنی ئەو پارێزگایە بە شێوەیەکی چڕ و بەربڵاو کەش‌ و هەوای ئەو پارێزگایەی ئەمنییەتی‌تر کردووە و ڕێژیم لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ٧٠ عەمەلیاتی نیزامیی لەو ناوچەیە بەڕێوە بردووە.