کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی مستەفا هیجری لە تینک تەنک لە ئەمریکا

15:50 - 16 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ دوو رێکخراوی لێکۆڵینەوە و سیاسەت‌داڕێژ لە ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی دوو ناوەندی ئاتلانتیک کانسێڵ و ناوەندی هاینریش بێڵی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانەوە، پێشوازیی لێ کرا.

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوو تینک تەنکی جیاوازی ئەمریکا کۆ بووەوە و باسێکی تێر و تەسەلی لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناڤین، هێنایە ئاراوە.

سکرتێری گشتیی حیزب لێکدانەوەیەکی نوێی لە بارودۆخی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناڤین پێشکەش بە دوو تینک تەنکی ئاتلانتیک کانسێڵ و هاینریش بێڵ کرد کە لەلایەن ئەوانەوە زۆر جێی سەرنج و تێڕامان وەسف کرا.

مستەفا هیجری ئامانجی لە بەسەر کردنەوەی تینک تەنکەکان شی کردەوە و وتی کە یەکەم کاریگەری ئەوەیە کە ناوەندەکانی سیاسەت‌گوزاری و لێکۆڵینەوە، زیاتر سەرنجیان بۆ لای کێشەی کورد لە کوردستانی ئێران رادەکێشرێت و ئەمە دەتوانێت کاریگەرییەکی هەرچەند کەمی لە سەر پڕۆسەی بڕیاردان لە ئەمریکا هەبێت، هاوکاتیش ئەوەی کە ئێمە دەتوانین لە شێوازی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەوان بکۆڵینەوە، ناسینێکی وردترمان لە شێوە‌ڕوانینی ئەوان هەبێت، خۆی خاڵێکی گرینگە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هیجری لەو باسانەی کە لەو رێکخراوانەدا هێنایە ئاراوە هەوڵی دا کە بە پێناسەکردنەوەی دووبارەی چەمکی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا، ئەو چەمکە گرێدراوی دێموکراسی و فیدراڵیزم لە ئێراندا بکات و شی بکاتەوە کە ئەو نەزمەی کە ساڵانێکە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا بە پاڵپشتی‌کردنی رێژیمە دیکتاتۆرەکان هەبوو، لەبەر نەبوونی دێموکراسی داڕووخا و ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ تێکچوونی ئەو نەزمە لە شوێنی خۆیدا نەما.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی وتەکانیدا رایگەیاند: بە باوەڕی ئێمە بە یارمەتی دان بە رێژیمی ئێران، ناکرێت ئاسایش بگەڕێندرتەوە ناوچە، بەڵکوو بەو کارە، رۆژهەڵاتی ناڤین زیاتر بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات.

مستەفا هیجری پاشان باسی لەوە کرد کە ئەم ئاراستەیەی کە رۆژئاوا بەرەو ئێران هەیەتی نیشانەی ئەوەیە کە لێرە خوێندنەوەیەکی دروست لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران لە ئارادا نیە بۆیە سیاسەتگوزارییەکان لەو بوارەشدا، هەموو کات لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبنەوە.

هیجری لە درێژەدا جەختی کردەوە کە ئەگەر ئێمە بە تەما بین کە ئێران هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت ئەمە لە ئاکامی لێکدانەوەیەکی دروست نییە، بەڵکوو راستییەکە ئەوەیە کە رێژیمی ئێران پیشانی داوە کە بە باشی تێ دەگات کە گۆڕینی هەڵسوکەوتی بە مانای نەمانیەتی. بۆیە دوور لە عەقڵە کە رێژیم کارێک بکات کە نەمانی بەدواوە بێت.

مستەفا هیجری پاشان باڵی کشاندە سەر لێکدانەوەی رووداوەکانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناڤین و پێوەندیی نێوان ئەو رووداوانەی روون کردەوە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە ئاماژەدان بە رەوتی کرۆنۆلۆجیکاڵی ئەو رووداوانەی کە داعشیان گەورە کردەوە هەندێک لێکۆڵینەوە و زانیاری زیاتری خستە روو کەلە ئاکامدا ئەو باوڕەی بە دوای خۆیدا دەهێنا کە داعش نە تەنیا پێویستە بۆ ئامانجەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەڵکوو هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن ئێرانەوە بەهێز کراوە و بە کار هێنراوە بۆ مەبەستی جیاواز وەکوو گوشار خستنە سەر کورد.

لە کۆتایی‌ ئەم دانیشتنەدا لایەنەکان باسیان لەوە کرد کە ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لێکدانەوە و خوێندنەوەی دنیای رۆژئاوا بە نیسبەت پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران زۆر لاوازە بۆیە ئەوە زۆر گرینگە کە ئەو هەلانە زۆرتر بڕەخسێت کە رێبەرانی سیاسی وەک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بتوانن لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ئەوان باس بکەن.