کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی پارتی سوسیالیستی کوردستان لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15:30 - 18 سەرماوەز 2715

کوردستان میدیا: ڕەوشی هەرچوار پارچەی کوردستان لە دیداری پارتی سوسیالیستی کوردستان – باکوور، لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تاوتوێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێ‏شەممە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێکی پارتی سوسیالیستی کوردستان – باکوور، بە سەرپەرەستیی ڕێزدار کاک مەسعوود تەک، سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتییان، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن بەڕێز محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی سکرتاریا و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزبەوە بە گەرمی پێشوازی لێ‏ کرا. لەو دانیشتنە دۆستانەیەدا لە لایەن هەیئەتی خانەخۆێوە بە گەرمی بەخێرهاتنیان کرا، و ڕێز و سڵاوی بەڕێز کاک مستەفا هیجری پێشکەشی شاندی میوانان کرا.

پاشان باسێکی سیاسی لە نێوان دوو هەیئەت لەسەر ڕەوشی کورد بەگشتی و بارودۆخی سیاسیی هەرکام لە پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕەوشی کورد لە باکووری کوردستان پاش هەڵبژاردنەکانی پارلمانی تورکیە لە ساڵی ٢٠١٥ و پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا و کۆسپەکانی سەر ڕێگای ئەو پرۆسەیە و چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی پارتی سوسیالیستی باکوور پاش گەڕانەوەی کاک مەسعوود تەک بۆ تورکیە بە وردی باس کران.

لەسەر ڕەوشی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٤دا، لە لایەن کاک محەممەدنەزیف قادرییەوە باسێک پێشکەش کرا، هەروەها بەشدارانی کۆبوونەوە شرۆڤەی شەڕی داعش و مڵملانێ سیاسییەکانی وڵاتانی بەشدار لەم شەڕەدا و ئامانجەکانی ڕووسیە و بەشداری کردنی لە شەڕی دژی داعش لە سووریە و سیاسەتی تورکیە لە ناردنی هێز بۆ دەڤەری مووسڵ و شوێندانەریی ئەو سیاسەتانە لە سەر پرسی کورد لە ڕوژئاوا و هەرێمی کوردستان و ئەرکی سیاسیی و نەتەوەیی لایەنە سیاسییەکانی کوردیان کرد. هەر دوو حیزبی دۆست لەو باوەڕەدا بوون کە ئەم بارودۆخە هەستیارە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ئەو پێویستییەی پێک هێناوە کە کورد بە یەک گوتارەوە داکۆکی لە پرسی نەتەوەیی خۆی بکات بۆ ئەوەی لەم ئاڵوگۆڕە سیاسییانەدا بتوانێت ئامانجە لە مێژینەکانی دەستەبەر بکات.

لە کۆتایی ئەم دانیشتنەدا هەر دوو لایەن لەسەر پێوەندیی دۆستانە و چڕوپڕتر کردنی هاوکارییەکانیان جەختیان کردەوە.

12789.jpg

12790.jpg