کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرمایەدانانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە بەفێڕۆ دەچێت

12:59 - 4 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هەمووە سامان و داهاتەی خەڵکی ئێران، بۆ مانەوەی ڕێژیمی بەشار ئەسەد خەرج دەکات، لە وانەی منداڵانی سووریە باسی خراپە ئێرانییەکان دەکەن.

توێژەرێکی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی تۆکمەدا، پەرژاوەتە سەر نێوەڕۆک و دەقی وانە و کتێبەکانی ئەو قوتابخانانەی کە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە.

دەرکەوتەی توێژینەوەی "ئان.جی.ئوو"ی ئیسرائیلی لە لایەک و توێژینەوەی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی دیکە و هەروەها ڕۆژنامەی "هائارتێس" لە ڕاپۆرتەکاندا باس لەوە دەکەن، کە بە لێکدانەوەی بەرنامەی فێرکاریی قوتابخانەکانی سووریە دیارە، کە پاش شەڕی سووریە چ لایەنێک هاوپەیمانی بەشار ئەسەد دەمێنێتەوە.

لەم توێژینەوەیە باس لەوە کراوە، کە بەپێی وانەی قوتابییانی سووریە، دیارە کە پاش کۆتاییهاتنی شەڕ لە سووریە، پێوەندی ئەم وڵاتە لەگەڵ ڕووسیە بەردەوام دەبێت، بەڵام هاوپەیمانەتییەکەی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەرزۆک دەبێت.

بەپێی ئەم توێژینەوانە، نێوەڕۆکی وانەی قوتابخانەکانی ئەو بەشەی لە سووریە کە لە ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە، تەژی لە پێداهەڵگوتنی ڕووسیەیە، بەڵام بە چاوێکی سووکەوە باس لە ئێران دەکرێت.

ڕێژێمی ئێران کە لە دەمی خەڵکی ئێران دەگرێتەوە، هەتا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بپارێزێت و لە ڕێگەی مانەوەی ئەو ڕێژیمە سەرکوتگەرە پەرە بە بیرۆکەی پاوانخوازیی خۆی لە ناوچەکە بدات، بەو شێوەیە وڵامی پیلانەکانی دەدرێتەوە، ئەمانە هەمووی باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران لە لێواری ڕووخانە و گوڵۆڵەی کەوتووەتە لێژی، بەڵام هەر پەلەقاژەی بەر لە مەرگیەتی.